شەڕڤانانی یەپەژە؛ پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات-یان شەمەزار کرد

شەڕڤانانی یەپەژە، ئیدانەی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتییان کرد و ڕایانگەیاند کە ئەوان هەتا کۆتایی هێنان بەو پیلانگێڕییە بەردوام دەبن.

 

چەند شەڕڤانێکی یەپەژە، لەبەرەکانی پێشەوەی بەرخۆدانی عەفرین، سەرەڕای ئیدانەکردنی گەلەکۆمە نێودەوڵەتی لەدژی ڕێبەر ئاپۆ، گرێدراو بوونی خۆیان بە ڕێبەری خۆیان و فەلسەفەکەی هەتا دوایی ڕادەگەیێنن.

دیجلە شیار کۆبانی، دەڵێ: لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆدا هەوڵی لەناوبردنی گەلی کوردیاندا. ئەگەرچی هەتا ئێستاش ئەو پیلانگێڕییە بە شێوازی جیا جیا بەڕێوە دەچێ، بەڵام تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد، بۆتە ڕێگر لە بەردەم بە ئاکام گەیشتنی ئەو گەلەکۆمەیە.

"ڕیبەر ئاپۆ، چیدیکە تەنیا ڕێبەری گەلی کورد نییە، بەڵکوو هەموو کەسانی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست لەسەر ئاستی جیهانیش، ئەو وەکو ڕێبەری خۆیان دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەیەکی کردوەتەوە کە هەموو گەلانی بندەست و سۆسیالیست پێی کاریگەر بوون. هەر بۆیە لە هەموو نەتەوەکانی جیهان لە نێو ڕیزەکانی ئێمەدا بونیان هەیە".

دیجلە بە ئاماژە بە تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ لە مژاری ژندا، باس لەوە دەکات کە "ڕێبەر ئاپۆ، ڕێبەرێکی ئاسایی نییە. ئێمە وەکوو ژن لەسەر فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ، هۆشمەندیمان پەیدا کردووە. ئیدی لە ڕاستینەی خۆمان تێدەگەین و لە هەموو مژارەکانی سیاسیی، پاراستنی، کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان پەروەردە دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ بوو کە ژنی بە کۆیلەکراو و کوژراوی لە ژێر وێرانەکانی دەسەڵاتداری دەر هێنا و وایکرد کە لەسەر پێی خۆی و بە ئیرادەی خۆی مۆری خۆی لەهەموو کایەکانی کۆمەڵگا بدات. ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە تەنیا کەسێک نییە، بەڵکوو ڕزگارکەری ژن و کۆمەڵگە و مرۆڤایەتییە. لە تەواوی جیهاندا ئەوە یەکەم ڕێبەرە کە سەر لەنوێ ژیانی بۆ ژن گەڕاندووەتەوە. هەر بۆیە ئێمە هەتا دوایی بە ڕێبەری خۆمانەوە گرێدراوین و هەتا ئازادکردنی ڕێبەرەکەشمان کۆڵ نادەین".

دیجلە هەروەها باس لە زێهنییەتی داگیرکاری دەکات و دەڵێ: "ئەوە بە تەنیا گرێدراوی تورکیا نییە، بەڵکوو ئێران و هەموو وڵاتانی دەسەڵاتخوازی دیکەش دەربارەی ژن، شۆڕش و فەلسەفەی ئێمە وەکوو یەک دەفکرن. بۆیە شۆڕشی ئێمە لەدژی هەموو ئەو دەولەت و دەسەڵاتخوازانەیە کە بە قەڵاچۆکردنی ژنان لە هەوڵی ڕێگە گرتن لە ئازادی گەلان و ژنانن. ئێمە هەتا دوایی لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئازادی و ڕزگاری ژن و ڕێبەرایەتی لە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین".

 

 

کوردستان ئەنگین، شەڕڤانێکی دیکەی یەپەژە، دەڵێ: ''گرتنی سەرۆکایەتی خیانەتێکی گەورەبوو کە لە گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتی کرا. ڕێبەر ئاپۆ، بۆ هەموو گەلان هێمای ئازادی، مرۆڤدۆستی، چارەسەری و تەسلیم نەبوونە''.

 کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێبەر ئاپۆ ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژنەوە گرێدەدات و ڕایدەگەێنێ کە بە بێ ژنێکی ئازاد، کۆمەڵگەیەکی ئازاد درووس نابێت. هەر بۆیە لە تێکۆشانی خۆیدا ئازادی ژنی بە بنەما وەرگرتووە. ''ئەوەی ڕیبەر ئاپۆ بەتایبەتی بۆ ژن ردوویەتی نە لە ئایینەکان، نە لە فەلسەفەکان و نە لەهیچ جێیەکی جیهان وێنەی نییە".

" ئێمە وەکوو یەپەژە، لەسایەی فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ و بەرخۆدانیی شەهیدان گەیشتووینەتە ئاستێک کە لەهەمبەر بندەستی، سیستەمی پیاوسالاری و سیاسەتی بە کۆیلە هێشتنەوەی ژن، سەرهەڵدەین و جیا لە ئازادی هیچ شتێکی دیکە پەسەند نەکەین. هەر بۆیە جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین هەتا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و گەیشتن بە ئازادی، لە تێکۆشان بەردەوام بین".