فیلمی «كچانی خۆر» له‌ فێستیڤاڵی كان نمایش كرا

فیلمی «كچانی خۆر» كه‌ باس له‌ تێكۆشانی ژنانی كورد دژ به‌ داعش ده‌كات و له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی ئێڤا هوسۆن ئاماده‌ كراوه‌، له‌ حه‌فتاویه‌كه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان نمایش كرا.

فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان ئه‌مساڵیش به‌رده‌وامه‌. له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی ئه‌مساڵ چه‌ندین فیلم نمایش كراون. ئێواره‌ی دوێنێش فیلمی Girls of the Sun (كچانی خۆر) نمایش كرا. ئه‌م فیلمه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی هێڤا هوسۆن ئاماده‌كراوه‌ و ئه‌كته‌ری ناودار گوڵشیفته‌ فاراهانی ڕۆڵی سه‌ره‌كی تێدا ده‌گێڕێت. فیلمه‌كه‌ باس له‌ شه‌ڕی ژنانی كورد دژ به‌ داعش ده‌كات.

فیلمی «كچانی خۆر» دانی ئێواره‌ی دوێنێ جگه‌ له‌ كاتی ناساندندا، له‌ دوو هۆڵی دیكه‌ نمایش كرا. فیلمه‌كه‌ كاتژمێرێك و ٥٥ خوله‌كه‌، تیایدا باس له‌و كۆمه‌ڵكوژییانه‌ش ده‌كات كه‌ ساڵی ٢٠١٤ داعش له‌ شه‌نگال كردوویه‌تی.

ئێڤا هوسۆن-ی ده‌رهێنه‌ری فیلمی «كچانی خۆر» و ٣ ژنه‌ده‌رهێنه‌ری دیكه‌ له‌ پێشبڕكێدان بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی «پالمه‌ی زێڕین». له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ره‌كان، ته‌واوی تیمی فیلمی «كچانی خۆر» له‌ ژن پێكهاتووه‌، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگی ژنی به‌ حه‌فتاویه‌كه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی كان به‌خشی.

s.m