فێستیڤاڵی فیدان دۆغان ١٧ی حوزەیران لە پاریس بەڕێوە دەچێت

ژنانی کورد لە فەرەنسا ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی حوزەیران / ٢٧ جۆزەردان لە دوویەمین فێستیڤاڵی فیدان دۆغان (ڕۆژبین) لە دەوری یەک کۆدەبنەوە.

فێستیڤاڵەکە کە بە دروشمی "ئازادیی ژن لە دژی کوشتاری ژنان" بۆیادکردنەوەی فیدان دۆغان (ڕۆژبین) بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵەکە لە ١٧ی حوزەیران / ٢٧ی جۆزەردان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە پارکی  کریتیل پۆمپادۆر ڤال دی مارن لە کاتژیر ١٢:٠٠ بۆ ١٩:٠٠ بەڕیوە دەچێت.

فێستیڤاڵەکە بە دەستپیشخەریی تەڤگەری ژنی کورد لە فەرەنسا (تەژەکە – فەرەنسا ؛ TJK-F) و نوێنەرایەتی نێونەتەوەیی تەڤگەری ژنی کورد بەڕیوە دەچێت. مارییە ژوژێس بوفییە پەرلمانتاری حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا، لاورێنس کۆهێن سیناتۆری ناوچەی ڤال دی مارن، ناتالی دینەر هاوسەرۆکی ئەنجوومەنى ناوچەیى و سیلیڤییە مالۆڤانی سەرۆکی کۆمەڵەی فەرەنسا - کۆردستان بەشداری فێستیڤاڵەکە دەبن.  

بۆ فستیڤاڵەکە بانگەوازێک بۆ ژمارێکی زۆر لە ژنانی سیاسەتمەداری فەرەنسا و رێکخراوەکانی ژنان نێردراوە و ئەوانیش بانگەوازەکەیان پەسەند کردووە. ژمارەیەک لە کەسایەتی و ڕێکخراوەکان، کە بەشداری لە فێسیڤاڵەکە بوون و بانگهێشتەکەیان قەبووڵ کردووە بریتین لە:

سناتۆر کریستییەن پروناود، سکرتێری نەتەوەیی پارتی چەپ کورین مۆرێل دارلیوکس، بەڕێوەبەر و کۆردیناتۆری پارتی چەپ و یەکێک لە نوێنەرانی شارەوانیی پاریس دانییەل سیمۆنێت، سکرتێری نەتەوەیی پارتی چەپ لورانس پاش، بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزبی کەسک، ڕێپێوانی جیهانیی ژنان، کوردیناسیۆنی ژنانی نەتەوەیی فەرەنسا، ژنانی پشتیوان، ژنانی تامیل، هەرەوەزیى ئامازینگ، بزووتنەوەی ئاشتی، تەڤگەری برایەتیی گەلان لە دژی ڕەگەزپەرەستی، یەکێتیى کابیلەکانى فەرەنسا (گەلێکى باکوورى جەزایرن) کۆمەڵەی پشتگیریی ژنان لە کۆبانێ، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی گەنجی فەرەنسا، سەندیکای (سی ان تی - CNT) کوردیناسیۆنی ئەرمەنییەکانی فەرەنسا و سەندیکای سۆلیداری.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ژنانی کورد پارێزەری ئازادیی ژنانی جیهانن و تیایدا هاتووە " فیدان دۆغان (ڕۆژبین) رۆژی چوارشەممە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ / ٢٠ی بەفرانبار، لەلایەن تۆڕی نهێنیی تیرۆری دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ دوو هاورێی بە ناوەکانی سەکینا جانسز و لەیلا شایلەمەز لە ناوەندی شاری پاریس تیرۆر کران. تاوەکو ئەو ساتەى کوژرا بۆ ڕزگاریی گەلەکەی تێکۆشانی کرد. سەرەڕای شەڕی درێژخایەنیش، ژنانی کوردی بەرخودێری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، فمنیست و ژینگەپارێزن و سروشتن.

لە بانگەوازەکەدا، مارییەل فرانکۆی بەڕازیلی و بێرتا کاسیرسی هۆندۆراسی بە ڕێزەوە یادیان کراوەتەوە و ئەوەش نووسراوە، تێکۆشانی ڕووناکی و دادپەرەری بۆ ژنان پێوەرە سەرەکییەکانی ئەم فێستیڤاڵەن.

بۆ ئەو فێستیڤاڵە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی حوزەیران / ٢٧ی جۆزەردان لە  پاریس بەڕێوە دەچێت داواشکراوە "ئێمە داوا لە هەموو ژنان دەکەین، کە بۆ بەهێزکردنی پشتیوانی ژنانی نێونەتەوەیی چالاکییەکانمان بەهێزتر بکەین و خاوەنداری لەم فێستیڤاڵە بکەن".

ر.م