فەرمانداری یەپەژە: لە عەفرین داستان دهنووسرێت
نووژین دێرک، یەکێك لە فەرماندارانی یەپەژە ڕایگهیاند؛ هەر چوار پارچەی کوردستان و میلیۆنان مرۆڤ، لەپشت عەفرین ڕاوەستاون و ئەو تێکۆشانەی ئێمە دەیکەین بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانە.
نووژین دێرک، یەکێك لە فەرماندارانی یەپەژە ڕایگهیاند؛ هەر چوار پارچەی کوردستان و میلیۆنان مرۆڤ، لەپشت عەفرین ڕاوەستاون و ئەو تێکۆشانەی ئێمە دەیکەین بۆ هەر چوار پارچەی کوردستانە.
نووژین دێرک، خۆڕاگری عەفرینی لە دژی هێرشهکانی تورکیا هەڵسەنگاند و وتی؛ بەرخۆدانی هاوچەرخی عەفرین ئەوە ١٥ ڕۆژە بێ ڕاوەستان بەردەوامە و ئەگەر مرۆڤ بیهوێت ئەو ١٥ ڕۆژە بنووسێتەوە، ئەوا پێنووس بهشی نووسینی ناکات. لێرە خۆڕاگرییەکی ئەفسانەیی هەیە هەر هەڤاڵێک داستانێکە لە قارەمانێتی.
«دەوڵەتی تورکیا بە بۆمبی ناپاڵم و هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتوو، هێرش دەکاتە سەر ئێمە. سەرەڕای هەموو هێرشەکان، گەلی عەفرین ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ نەهێشت و بوونە بەشێک لەو داستانە خۆڕاگرییە. دوژمن بەهەموو شێوەیەک هێرش دەکات و شەڕڤانانی ئێمەش بە ئیرادەی خۆیان وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە. ئێستا لە حەمام، گردی قەستەل، ڕاجۆ و شیێ شەڕی قورس ڕوو دەدەت.»
دێرك، ئاماژە بۆ ئهوه دەکات؛ لەوانەیە دەرفەتی تهكنهلۆژیای ئێمە زۆر نەبێ، بەڵام ئێمە خاوەنی ئیرادە، فکر و باوەڕین و خاک و کەرامەتی خۆمان دەپارێزین. ناوبراو دەستنیشانیشی کرد؛ ١٥ ڕۆژە دەوڵەتی ئەردۆغان و چەتەکانی هێرش دەکەن بەڵام نەیانتوانیوە ٥ کیلۆمەتر پێشڕەوی بکەن. پێیان دەڵێم ئەگەر زۆرتان باوەڕ بە خۆتانە واز لە تهكنهلۆژیا بێنن و وەرن، ئەودەم دەزانین کێ داگیرکەر و کێ خاوەن ماڵە. فهرماندهی یهپهژه نووژین دێرك وتیشی؛ لە ههندێك شوێن به شێوهی تاکتیکی کشاوینەتەوە، بەڵام بەرخۆدان درێژەی هەیە و هەموو ئەو شوێنانەیان بۆ دەکەینە گۆڕستان.
«عەفرین پشتی بە گەلی خۆی لە هەر چوارپارچەی کوردستان و میلیۆنان کەسی ئازادیخواز لە جیهان ئەستوورە. ئەو بەرخۆدانە کە به -بەرخۆدانی سهردهم- پێناسە کراوە، بۆ هەموو بەشەکانی کوردستانە. با فاشیزمی ئەردۆغان باش بزانێت چەندەی زیاتر پەلاماری ئێمە بدات، بەرخۆدانی ئێمەش گهورهتر دەبێت و به پاڵپشتیی هەر چوار پارچەی کوردستان و خۆڕاگری ئێمە كۆتاییان پێ دێنین.»
نووژین دێرك ڕایگهیاند؛ داگیرکردنی خاکی کوردان لە لایەن تورکیاوە، لە هەمان کاتدا پیلانی داگیرکردنی سووریاشە. هەسەدە کە داعشی فاشیستی لەسەر خاکی سووریا تێکشکاند، ئەردۆغانی پاڵپشتی داعش-یش تێکدهشکێنێت.
«عەفرین تەنیا شارێکی کوردی نییە و بەشێکیشە لە سووریا. لە دژی سووریا شەڕ ڕاگهیهندراوه. ئەوە ٤ ساڵە ئێمە لە دژی داعشی دوژمنی مرۆڤایەتی و هاوپهیمانی ئەردۆغان شەڕ دەکەین و بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژیانێکی ئازاد و هاوبەشی گەلان تێدەکۆشین. ٤ساڵە کە کورد بە ژن و پیاویهوه لە دژی دواكهوتوویی و فاشیزم لە خهبات دایه. لە سەرێکانی، گرێ سپی، کۆبانێ، ڕهقا و ئهمڕۆش لە دێرەزۆر لە تێکۆشان بەردەوامه. ئێمە ڕەقا-مان لە داعش پاک کردەوە کە داعش کردبوویە پایتهختی خۆی. لە دژی دوژمنی مرڤایەتی سەرکەوتین. دهمهوێ بڵێم ئەوەی کە داعشی دروستکرد و کردی به بەڵا بەسەر گەلانی هەرێمەکەوە، ئەردۆغان بوو. ئێمە دوێنێ ئەوانمان تێکشكاند، ئەمڕۆش نۆرەی ئەردۆغانە. با چاو لە سوپای ئەردۆغان بکەین کە هێرش دەکەنە سەر عەفرین، هەموو چەتەکانی داعشن. چی گۆڕدرا؟ تەنیا جلەکانیان گۆڕدراوە. ئێمه هەر وەک چۆن بە ساڵانە لە بهرانبهر هێزە فاشیست و دواکەوتووەکان، سووریا و گەلی کورد-مان پاراستووە، هەر بهو شێوەیەش عەفرین-یش دەپارێزین.»
دێرك، باس لە ئازایەتی و قارەمانێتیی هەڤاڵانی دەکات و دڵنیایی دەداتە گەل کە هەتا فیداکاری، لەخۆبردوویی و خۆنەویستیی شەهیدانی وەک شههید ژیندار، شەهید ئامارا، شەهید عەگید، شەهید ئاڤرین، شەهید بارین، شەهید ئاڤێستا خابوور و بە دەیان شەهیدی دیکەی سهنگهرهكانی دژ به داگیرکاری هەبێت، عەفرین هەر سەرکەوتووه و هەر سەرکەوتووش دەبێت.
«بانگی من بۆ گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانە. لە هەر كوێیهك هەن بزانن کە گەلی عەفرین بۆ هەمووتان لە شەڕ و بهرخۆدان دایە. دەست لە خاک و نیشتیمانی خۆی بەرنادات و بەڵێن دەدات کە ئەو بەرخۆدانه سهربخات. لهوانهیه لە سایهی تهكنهلۆژیای شەڕەوە چەند گوند و تەپۆڵکەیەکیان داگیرکردبێ، بەڵام ئێمە بە ئیرادەی خۆمان لەو شوێنانە دەریان دەکەین. بەرخۆدانی ئێمە درێژەی هەیە و هەتا سەرکەوتنیش بەردەوام دەبێت. درووشمی ئێمە تەنیا سەرکەوتنە و عەفرین ناوی خۆی لە بەرخۆدانی سەدساڵەی گەلەکەماندا تۆمار دەکات.»
ش. م