لە سوید ژنانی کورد درێژە بە کەمپینی بایکۆتکردنی تورکیا دەدەن

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، ژنانی کورد لە چوارچێوەی بەردەوامی کەمپینی بایکۆتکردنی تورکیا ڕێپێوانیان ئەنجام دا.


ئێوارەی دوێنێ شەممە، شەقامی دۆتینگسگاتانی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، شاهدی چالاکی و ڕێپێوانی ژمارەیەک لە ژنانی کورد بوو، کە بە ئامانجی بانگەوازیکردن بۆ بایکۆتی تورکیا ئەنجامیان دا بوو. 

ژنان لە چالاکیەکەدا، بە بەرزکردنەوەی پانکارد و لافیتە و وتنەوەی دروشم داوایان لە حکومەت و هاوڵاتیانی سوید کرد، لە هەموو بوارەکاندا بایکۆتی تورکیا بکەن. ژنانی چالاکگەر  لە سەر دۆخی خراپی تورکیا و پێشێلکردنی مافەکانی کورد بەتایبەتی و مرۆڤ بەگشتی بە زمانی سویدی زانیاریان بە هاوڵاتیانی سوید دا.

چالاکوانان داوایان کرد، لە ڕێگەی بایکۆتەوە گوشار بخرێتە سەر ڕژێمی ئەردۆغان و تورکیا تا بە سیاسەتی هەڵەی خۆیاندا بچێتەوە. داواش لە حکومەت و پارلەمانی سوید و وڵاتانی ئەوروپاش کرا، لە بەرامبەر پێشێلکاریەکانی ڕژێمی تورکیا بووەستنەوە و سنورێکیان بۆ دابنێن.

هـ.هـ