٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنانی ڕه‌نجده‌ر

٨ی مارس به‌ ڕۆژی جیهانیی ژنان دیاری كراوه‌، له‌و ڕۆژه‌دا ژنان به‌شێوازی جیاواز ئه‌م بۆنه‌یه‌ پیرۆز ده‌كه‌ن و له‌ دژی توندوتیژیی سه‌ر ژنان و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان یه‌كده‌نگانه‌ ده‌ڕژێنه‌ مه‌یدانه‌كان.

ئەمرۆ ٨ی مارسه‌، ئەو ڕۆژەی کە بە ڕۆژی ڕەنج و تێكۆشانی ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا ناسراوه‌. هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا ژنانی کورد و ژنانی جیهان لە مەیدانەکاندا كۆده‌بنه‌وه‌ و وێرای یادکردنەوەی ژنه‌تێكۆشه‌ره‌كان و پیرۆزکردنی ڕۆژه‌كه‌، دەیکەنە بۆنەیەک بۆ زیاتر بەدەستخستنی مافە ڕەواکانیان کە تا ئەمرۆش زۆرێکیان لێیان بێ بەشن.

لە ساڵی ١٨٧٥ ژنان له‌ ویلایه‌ته‌یەکگرتوەکانی ئەمه‌ریکا بەردی بناغەی ٨ی مارسیان دانا. لە ساڵی ١٨٧٥ لە شاری نیویۆرک ژنانی کرێکار و ڕەنجدەری کۆمپانیای ڕستن و چنین، به‌هۆی کەمی مووچە و پێشێلكردنی مافه‌كانیان، خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان ڕێکخست. خۆپیشاندانەکە لە لایەن پۆلیسەوە ڕێگری لێ كرا و بەتوندی هێرش کرایە سەر ژنان. لە ئەنجامدا چەندین ژنی ڕه‌نجده‌ر گیانیان لەدەستدا و ژماره‌یه‌کی زۆریش بریندار بوون.

ئه‌و ڕووداوه‌ بووە بناغه‌ی خەباتی ژنان لە ئەمه‌ریکا و سەرتاسەری جیهان. ئیدی له‌و كاته‌وه‌ ژنان ساڵانە ئەو یادەیان دەکردەوە. خەباتی ژنانی ئەمه‌ریکا وای لە پارتی سۆسیالیستی ئەمەریکا کرد كه‌ لە ٢٨ی شوباتی ١٩٠٩، ٨ی مارس وه‌ك ڕۆژی ژنان دیاریبكات. هه‌روه‌ها لە ساڵی ١٩١٠ و لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی سۆسیالیستەکان کە لە وه‌ڵاتی دانمارک بەرێوەچوو، کلارا زه‌تکین ژنه‌تێكۆشه‌ری ناسراوی پارتیی سۆسیالیستی ئاڵمانیا پێشنیازی کرد کە ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان دەستنیشان بکرێت. لە هەمان ساڵدا واته‌ ساڵی ١٩١٠، کۆنفرانسێکی دیکە ڕێکخرا کە زیاتر جه‌خت لەسەر پرس و بابەتەکانی کۆنفرانسی پێشوو کرایەوە. داوا كرا ڕۆژێک بۆ خەبات دژی توندوتیژی ژنان دیاری بکرێت و گرنگی پێبدرێت و وەکو ڕۆژی خەبات بۆ مافەکانی ژن یادی بکرێتەوە. دوای گفتۆگۆ و هەوڵی چەند ساڵه‌، نەتوانرا کە ڕۆژێکی تایبەت دژی توندوتیژیی سه‌ر ژنان ده‌ستنیشان بكرێت، هەر بۆیە لە ساڵی ١٩١٤ خۆپیشاندانێکی مەزن لە دژی شەڕ و توندوتیژیی سه‌ر ژنان سەرتاسەری ئەورووپای گرتەوە.

ژنان توانیان لەو خۆپیشاندانەدا هێزی خۆیان پیشان بده‌ن و لەسەر ماف و داواکارییەکانیان سوور بن. دوایین خۆپیشاندانی مەزن لە جیهاندا کە لە دژی توندوتیژیی سه‌ر ژنان بەڕێوەچوو، لە ڕوسیا بوو کە لە ڕۆژی ٨ ی مارسی ١٩١٧ لەژێر ناوی خەبات بۆ ئاشتی و نان ساز کرا. به‌هۆی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ حکوومەتی ئەو کاتی ڕووسیا دەستی لە کارکێشایەوە. جارێکی دیكه‌ و لە ساڵی ١٩٢١ کلارا زه‌تکین لە کۆنفرانسی جیهانیی سۆسیالیستەکان بەشداری کردەوە و دیسان ڕۆژی ٨ ی مارسی وەک ڕۆژی دژیی توندوتیژیی سه‌ر ژنان و مافی ژنان پێشنیاز کرد. پاش ڕاگۆڕینه‌وه‌ و گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه‌، ڕۆژی ٨ ی مارس وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان دیاری کرا.

له‌ دوای ده‌ستنیشانكردنی ڕۆژی ٨ی مارس، جه‌خت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەرکات و لە هەر شوێنێک ڕۆژی ٨ی مارس پیرۆز كرا، ڕێز لە تێکۆشانی ژنانی کۆمپانیای ڕستن و چنینی نیویۆرک بگیرێت و ڕۆڵیان لە پێکهێنانی ئەو بزووتنەوەیە بەرز بنرخێنرێت. هەروەها یادی شۆڕشی گەورەی ژنانی کرێکار لە پترسبۆرگ بکەنەوە کە تێیدا حكوومه‌تی ڕووسیایان ناچاركرد ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه.

 

s.m