«پێویسته‌ هه‌موو كه‌س به‌ به‌رپرسیاره‌تیی مێژوویی خۆی هه‌ڵسێت»

ئه‌لیف ڕۆناهی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كه‌جه‌كه‌ ڕایگه‌یاند: له‌پێناو تێكشكاندنی فاشیزم، پێویسته‌ هه‌موو كه‌س به‌ به‌رپرسیاره‌تیی مێژوویی خۆی هه‌ڵسێت و ڕۆڵی كاریگه‌ری خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یراندا بگێڕن.

ئه‌لیف ڕۆناهی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كۆما جڤاكێن كوردستان - كه‌جه‌كه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر گرینگی هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یرانی توركیا و گوتی: له‌پێناو تێكشكاندنی فاشیزم، پێویسته‌ هه‌موو كه‌س به‌ به‌رپرسیاره‌تیی مێژوویی خۆی هه‌ڵسێت.

ڕۆناهی ده‌ستنیشانی كرد كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ زۆر گرینگه‌ و ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌ داهاتووی گه‌لانی كوردستان و توركیا بكات، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو ده‌نگده‌ران به‌م بیر و باوه‌ڕه‌وه‌ ده‌نگی خۆیان بده‌ن. گوتیشی: پێویسته‌ جه‌ماوه‌ری باشووری ڕۆژئاوای وه‌ڵات و كوردانی عه‌له‌وی به‌شێوه‌یه‌كی چالاك به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. ئه‌لبستان، پازارجخ، مه‌ڕه‌ش و گونده‌كانی چه‌ندین ساڵ ده‌نگیان به‌ جه‌هه‌په‌ دا، دۆخی ئێستای جه‌هه‌په‌ و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كوردان له‌به‌رچاوه‌. پێویسته‌ جه‌ماوه‌ری باشووری ڕۆژئاوا به‌مه‌ بزانن و حیسابی ئه‌مه‌ بكه‌ن. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا به‌ ئه‌رك و ڕۆڵی مێژوویی خۆیان هه‌ڵسن.

ڕوناهی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ڕێی زه‌خت و زۆرداری هه‌وڵ ده‌درێت گه‌ل سه‌ركوت بكرێت و گوتی: ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت سیاسه‌ته‌كانی قڕكردنی خۆی له‌ كوردستان درێژه‌ پێبدات. هه‌ر بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌دات گه‌ره‌نتی ٥ ساڵی داهاتوو بكات. گرینگه‌ گه‌لی مه‌ڕه‌ش و كۆمه‌ڵی عه‌له‌وییه‌كان ئاگایان له‌مه‌ هه‌بێت و به‌م بیر و باوه‌ڕه‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن. ڕۆناهی داوای له‌ ده‌نگده‌رانی خه‌ڵكی باشووری ڕۆژئاوا له‌ ئه‌ورووپا كرد كه‌ خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری خۆیان ڕازی بكه‌ن بۆ ده‌نگدان.

«ته‌نانه‌ت ده‌نگێكیش له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زۆر گرینگه‌»

ئه‌لیف ڕۆناهی ڕایگه‌یاند: بۆچوونی «هه‌ر شتێك بكرێت ئه‌ردۆغان هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێت» زۆر هه‌ڵه‌یه‌. چاره‌نووس نییه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتدار بێت و له‌ دژی كوردان سیاسه‌تی قڕكردن به‌ڕێوه‌ببات. تێكشكاندنی ئه‌ردۆغان و نه‌هێشتی فاشیزم له‌ ده‌ستی گه‌لدایه‌. بۆیه‌ ته‌نانه‌ت ده‌نگێكیش له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا زۆر گرینگه‌ و كاریگه‌ره‌. پێویسته‌ گه‌لی باشووری ڕۆژئاوا به‌مه‌ بزانێت.

ڕۆناهی ده‌ستنیشانی كرد كه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی له‌ ئارادایه‌ به‌باشی به‌كاربهێنرێت و گوتی: ئه‌گه‌ر كوردانی عه‌له‌وی له‌ مه‌ڕه‌ش به‌م بیروباوه‌ڕه‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان هه‌ده‌په‌ به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن تێده‌په‌ڕێنێت و نوێنه‌رایه‌تی سیاسه‌تی دیموكراتی ده‌كات له‌ په‌رله‌مانی توركیا. ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌یه‌كی باشه‌ بۆ تێكۆشانی داهاتووی دژ به‌ فاشیزم.

«ئه‌ركێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی ژنان»

ئه‌لیف ڕۆناهی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیی سه‌ر شانی ژنانی كورد و توركیا كرد له‌م كاته‌دا و گوتی: پێویسته‌ ژنان بزانن كه‌ هه‌ر ده‌نگێكی ئه‌وان گوله‌یه‌كی دیموكراتی و ئازادییه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان. ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێت، هه‌م له‌ ناوخۆ و هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ دژی زایه‌ندپه‌رستی كۆمه‌ڵایه‌تی تێده‌كۆشێت. هه‌روه‌ها ژن ده‌بێته‌ ژه‌هركوژ بۆ تێكشكاندنی فاشیزمی ئه‌ردۆغان.

«بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێوان گه‌لانی میزۆپۆتامیا و ئه‌نادۆڵ بناغه‌یه‌كی سیاسی، ئاشتی و دیموكراتی بونیاد بنرێت، ده‌بێ ژنان به‌ ڕۆڵی خۆیان هه‌ڵسن. گرینگه‌ هه‌ر ژنێك ده‌یان كه‌س ڕێكبخات و بچێته‌ سه‌ر سندووقه‌كان. پێویسته‌ ژنان ده‌نگی خۆیان بده‌نه‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌میرتاش، ئیراده‌ی ڕێكخراوه‌یی خۆیان له‌ سندووقه‌كانیشدا پیشان بده‌ن و به‌ جۆشی جه‌ژن به‌شداری بكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان. ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ به‌ندی هه‌ڵبژاردن نه‌بڕێت، ئه‌و زیهنیه‌ته‌ی كۆیلایه‌تی به‌سه‌ر ژندا ده‌سه‌پێنێت، تا دژوارترین ئاست به‌رده‌وام ده‌بێت.»

«گرینگه‌ هه‌موو كه‌س به‌ به‌رپرسیاره‌تیی مێژووییه‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كان»

ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆكایه‌تیی گشتیی كه‌جه‌كه‌ ئه‌لیف ڕۆناهی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌گه‌ر فاشیزمی ئه‌ردۆغان تێكنه‌شكێنرێت، نه‌ك ته‌نیا دژی گه‌لی كورد، به‌ڵكو له‌ دژی هه‌موو گه‌لانی توركیا هێرشه‌كان زیاد ده‌بن. گوتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخێكی وه‌ها نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌، گرینگه‌ هه‌موو كه‌س به‌ به‌رپرسیاره‌تییه‌كی مێژووییه‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌كان و ده‌نگی خۆیان بده‌ن.

«ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێت، ژنان هه‌م له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م له‌ بواری سیاسی زه‌مینه‌یه‌كی به‌هێزی تێكۆشان ده‌ئافرێنن و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌مه‌ تێكۆشانی ژنانی كوردستان و توركیا پێشه‌نگایه‌تی بۆ ئاشتی ده‌كات. من متمانه‌م هه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا ژنان سه‌رده‌كه‌ون و به‌ ئه‌ركی پێشه‌نگایه‌تی هه‌ڵده‌ستن. سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌له‌كه‌مان و هه‌موو ژنان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌خوازم.»

s.m