ڕەوشەن مێردین: ژنان، عەفرین بۆ ئەردۆغان دەکەنە گۆڕستان

ڕەوشەن مێردین، ئەندامی كۆردیناسیۆنی كه‌ژه‌كه‌، ڕایگەیاند؛ هێزی گەلی عەفرین لە وه‌ڵاتپارێزیی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ و ئەو گەلە قەت شكست ناهێنێت.

ڕەوشەن مێردین، ئەندامی كۆردیناسیۆنی کۆمه‌ڵه‌ی ژنانی کوردستان - كه‌ژه‌كه ده‌رباره‌ی پێگە و کاریگەریی ژنان لە داستانی «به‌رخۆدانی سه‌رده‌م» له‌ عەفرین، لێدوانێكی بۆ ANF دا.

لە کەسایەتی ئاڤێستا خابووردا، له‌ عه‌فرین پێشەنگایەتی ژنان سەلمێندرا

ڕه‌وشه‌ن مێردین له‌ سه‌ره‌تای لێدوانه‌كه‌یدا وتی؛ سڵاوی خۆم ئاڕاسته‌ی هەموو ئەو هەڤاڵانە ده‌كه‌م كه‌ لە سەنگەرەکانی خۆڕاگریدا لە به‌رانبه‌ر هێرشی دڕندەکان، جێی خۆیان گرتووه‌. هەروەها سڵاو له‌ ژن، منداڵ و بەساڵاچوانی بەرخۆدێر، دەکەم. ئێمە هەموو کات پشتیوانی خۆمان بۆ خۆڕاگریی ئەوان دووپات دەکەینەوە.

مێردین ڕایگه‌یاند؛ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه‌ هێرشێکی دژه مرۆڤانە به چەکی ناتۆ و چەکە قەدەخەکراوەکان، لەسەر عەفرین هەیە و بێده‌نگیی جیهانیش دەبینین. ئەو بێدەنگییە بەو واتایەیە کە ئەو هێرشانە لە چوارچێوەی گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت. ئەو دەوڵەته‌ نەتەوه‌ییانه‌ و ئه‌و زیهنیه‌ته‌ كه‌ هیچ به‌هره‌یه‌كیان له‌ مرۆڤایەتی وه‌رنه‌گرتووه‌، بەو شێوە دڕندانەیە هێرشی سەر گەلی ئێمە لە عەفرین دەکەن.

«خۆڕاگریی گەلی عەفرین بۆ پاراستنی خاکی خۆیان، هەڵوێستێکی بە واتا و ڕەوایە. عەفرین شارێکی مێژووییە. گەلێکی لێیە کە کە بە وه‌ڵاتپارێزی ناسراون. بە تایبەت ژن، هەر وەک چۆن پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژاوایان کرد و بۆ هەموو جیهان بوون بە هێمای سەرفرازی و پێشەنگایەتی، ئه‌مڕۆش ئێمە دەبینین کە لە کەسایەتی ئارین میرکانەکان و ئاڤێستا خابوورەکاندا، پێشەنگایەتی ژنانی جارێکی دیکە سەلماندەوە. بەڕاستی ئەگەر ئەو خۆڕاگری، فیداکاری، خۆنەویستی و بە بڕیاربوونە نەبوایه‌، نەدەتوانرا لە به‌رانبه‌ر ئەو هەموو فڕۆکە، تانک، تۆپ و چەکە قه‌ده‌غه‌كراوه‌دا بوه‌ستنه‌وه‌. به‌ڵام هەڤاڵ ئاڤێستا بەو چالاکییەی خۆی ئەو ڕاستییەی پیشانی هەموو جیهان و هەڤاڵانی دا. پێویستە ئێمە وەکوو ژنانی کوردستان چۆن هەڵوێستێكمان هه‌بێت؟ دوژمن توانایی تێكشكاندنی ئیرادە، بیر و باوەڕی و خۆڕاگری ئێمەی نییە.»

هەموو جێیەک عەفرینە و لە هەموو شوێنێکیش تێکۆشان دەکەین

مێردین، لە درێژەی قسەکانیدا، سەرنجی خستە سەر پێشەنگایەتی ژنانی خۆڕاگر و وتی؛ ئێمە دەبینین کە هەر لە منداڵی ٧ سالانەوە هەتا پیری ٧٠ ساڵان، خاوەندارێتی لەو به‌رخۆدانه‌ دەکەن. ئەو مرۆڤانه‌ی‌، بە تایبەت ئەو ژنانەی کە ئەو خۆڕاگرییە به خۆڕاگری خۆیان دەزانن، پێویستە بەشداری لەو قارەمانێتییەدا بکەن.

«ئێستا نەک تەنیا لە عەفرین، بەڵکوو لە هەموو شوێنێک به‌رخۆدان هه‌یه‌. ئه‌مڕۆ ئەو تێکۆشانەی کە لە عەفرین دەکرێت تێکۆشانی هەموو مرۆڤایەتی، هەبوون، پاراستنی دەستكه‌وتەکان، بەدەستخستنی مافە زەوتكراوه‌كان و پاراستنی ناسنامەیە.  ئەوەی کە خاوەن مافە، ناچارە شەڕی بەدەستهێنانی مافەکانی خۆی و پاراستنیان بکات. بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ ئاڤێستا، ئه‌مڕۆ لە عەفرین لە به‌رانبه‌ر هەموو جۆرە هێرشێک، ماوەی دوو هەفتەیە خۆڕاگرییەک لە ئارادایە کە لە توانای دەوڵەتێکیشدا نییه‌.»

پێویستە ژنان، یەکێتیی خۆیان ساز بکەن

ڕەوشەن مێردین، ئه‌ندامی كۆردیناسیۆنی كه‌ژه‌كه‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، ڕایگه‌یاند: داوا لە هەموو ژنانی جیهان ده‌كه‌م؛ ئێستا لێرە باوەڕ بەخۆبوون و ئیرادە لە لووتکە دایە. بۆیە دوژمن توانای پێشڕەوی کردنی نییە و وەک لێكیدابووه‌وه‌ وا دەرنەچوو، پێیان وابوو بە ٢ ڕۆژ عەفرین کۆنتڕۆڵ دەکه‌ن. ئەو هەوڵە داگیرکارییە بە پشتیوانیکردن لە چه‌ته‌كانی داعش و نووسرە، بۆ ئەوان هەر وەک خەون و خەیاڵ دەمێنێتەوە و ژنانی عەفرین ئەوێیان بۆ دەکەنە گۆڕستان.

«پەیامی ئەو دایک و منداڵانەی کە لەسەر خاکی خۆیان ناجووڵێن، بۆ ئەوان بەسە. ئەو هێزانەی ئه‌مڕۆ چاوی خۆیان له‌ به‌رانبه‌ر ئەو دڕندایه‌تییه‌ بەستووە، هاوبەشی ئەو تاوانانەن کە لە گەلی عەفرین دەکرێت. لە ڕاستیدا دەوڵەتی نەتەوەیی ناهێڵێ گەلان ببنە خاوەنی ئیرادە و ناسنامەی خۆیان. هەر بۆیە پێویستە ئێمە وەکوو کورد، هەڵوێستێکی کاریگەرترمان هەبێت. ئەوە مەرجێکی سەرکەوتنه. لە هەر جێیەک بێ، پێویستە یەکگرتوویی خۆمان پێک بێنین و بە یەکێتیی خۆمان شکست بە هێرشەکانی سەر گەلەکەمان بێنین. ئەوە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە. هەر وەک چۆن ژنان، لە بەرەکەنی شەڕدا بە ئەرکی خۆیان هەستاون، دەبێ لە گۆڕەپانەکانی دیکەی تێکۆشانیشدا، ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵگرن.»

ش. م