ژنانى ئامەد: هەدەپە هیواى ئێمەیە

ژنانى ئامەد رایانگەیاند، دەنگ بە هەدەپە دەدەن و هەدەپە بە هیواى خۆیان دەزانن و رایانگەیاند "سەرتاسەری تورکیا و دایکان پێویستیان بە هەدەپەیە".

خەباتى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ لە تورکیا و باکوورى کوردستان بە بێ پسانەوە بەردەوامە. لەبارەى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیرانەوە دایکانى ئامەد بۆ (ANF) دوان.

"بە چەپک و دڵخۆشی وەڵام دەدەینەوە"

دیلان یوملو رایگەیاند "لە ماوەى ١٦ ساڵی رابردوودا دەسەڵات جگە لە قەیران و ئاڵۆزی هیچ شتێکى ترى بۆ ئەم وڵاتە  نەهێناوە. هیوا و ئومێدى من هەدەپەیە، کە هەموو رەنگ و دەنگەکانى تورکیاى لە خۆ گرتووە. وەک ژنێک لە ناو هەدەپەدا و لە تورکیادا، ئەگەر  سەڵاحەدین دەمیرتاش ببێتە سەرۆک کۆمار، خۆم بە کەسێکى خاوەن ئازادی و دیموکراسی دەزانم. ژنانى ئێرە لە دژى عەقڵیەتى تاقانە پارێزی، لە شۆڕشی ٢٤ى حوزەیراندا بە دڵخۆشی و چەپکەوە وەڵامدەر دەبن. ئەگەر بڕوایان بە خۆیان هەیە (پاڵێوراوەکانى تری سەرۆکایەتیى کۆمار) با بەشێوەیەکى ئازاد لەگەڵ دەمیرتاش بکەونە پێشبڕکێ. تورکیاى نوێ، پێویستى بە دەمیرتاشە. مسوڵمان، مەسیحی و عەلەوی پێویستیان بە دەمیرتاشە. هەموو دایکان پێویستیان بە دەمیرتاشە. هەموو تورکیا پێویستى بە سەرۆکێکى گەنج و جوان هەیە".

"بوونى ژنان لە پەرلەمان جێگاى دڵخۆشییە"

بێریڤان یاڵچن وتی "گەل لە زۆر بواردا بڕیارێکى روونى نییە. بۆ ئەوەش داوا لەگەل دەکەم، لەسەر رێگاى راست و بە شێوەیەکى دروست دەنگى خۆیان بەکاربهێنن. با ئیتر ئێمە پارچە پارچە نەبین. ئێمە مافی رادەربڕینمان هەیە. سەربارى ئەوەى هاوسەرکەکانمان هیچ تاوانێکیان نییە، بەڵام ئێستا هەموویان لە زینداندان. ئیتر دەبێت ئێمە بەم دەسەڵاتە بڵێن، بەسە. دەست بدەنە دەستى یەک. هیچ شتێک یان لەمپەرێک نییە، کە رێگری لەسەرکەوتنى ژنان بکات. لەبەر ئەوەى ئەو شتەی ژن دەستى بداتێ ئەنجامى دەبێت. ژن خۆى هەموو شتێکە. بوونى ژنان لە پەرلەمان دڵخۆشی و شەرەفە. من بڕوام پێیانە".

"هەدەپە ئاشتى بۆ وڵات دەستەبەر دەکات"

ئەمینە کایا باسى ئەوەیکرد "من هیوا و بڕوام بەوەیە کە سەردەکەوین. ئەمە بۆ ئێمە دەرفەتێکە. سەڵاحەدین دەمیرتاش کەسێکى باش و سەرکەوتووە. ئەو لە هەموو روویەکەوە شانى داوەتە بەر کارەکان و خۆڕاگری دەکات. بارودۆخى زیندان کاریگەریى لەسەر نەبووە. ئێمە هیوادارین، کە سەربارى زیندانبوونەکەى سەربکەوێت. هەدەپە لە خۆم بە نزیک دەزانم. تاکە حیزب لە ئێمەوە نزیک بێت هەدەپەیە. لەبەر ئەوەش دەنگەکانى ئێمە بۆ هەدەپەن. من لەو بڕوایەدام هەدەپە ئاشتى بۆ ئەم وڵاتە دەستەبەر دەکات. ئەو سوکایەتییە لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا بەرامبەر بە ژن ئەنجام دەدرێت لەبەرچاوە. سوکایەتى بەرامبەر بە هاوسەرۆکەکەمان دەکرێت، ئەوە قبوڵ ناکرێت و بە توندى ئەو سوکایەتیە ئیدانە دەکەم. ژنان ئەوە دەبین، لەبەر ئەوە دەنگەکەیان دەدەن بە هەدەپە و لەو بڕوایەشدام هەموو ژنان دەنگ بە هەدەپە دەدەن".

"٢٤ى حوزەیران رۆژى رزگاریى ژنە"

مزگین تاشدەمیر ئاماژەى بەوەکرد "من ئومێدم بەوە هەیە، کە ٢٤ى حوزەیران ببێتە رۆژى زرگاریى ژنان، چونکە سەدان ساڵە و لە پێش زایین و لە دواى زایین، هەستیان بەهێزى ژنان دەکرد لەبەر ئەوە جیاوازییان لەگەڵ دەکردن. ئێمەیان هەموو کات لە پلە دوودا دادەنا. ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە دەرفەتێکە. ٢٤ى حوزەیران بۆ ئێمە زۆر باش دەبێت. بە کورتی ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە هەڵبژاردنى دەنگى ژنان".

ر.م