ژنانی زیندانی گرتووخانەی گەبزە بۆ ئۆجالان دەستیان بە چالاکی کرد

ژنەزیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی گرتووخانەی گەبزە-ی تورکیا، بۆ پشتیگیریکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە دەستیان بە ئەنجامدانی چالاکیی نووسینی کتێبێک کرد.

 

حسێن ئایکۆل، لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی ئوزگورلوکچو دیموکراسیدا باسی لە فشارەکانی سەر ژنەزیندانیانی سیاسی کورد کرد لە زیندانی گەبزەی تورکیادا و ئاشکرای کرد، کە بۆ پشتگیریی ئۆجالان چالاکییەکیان دەستپێکردووە.

ئایکۆل لە وتارەکەیدا نووسیویەتی: ژنەزیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی گەبزەی تورکیادا دەستیان بە ئەنجامدانی چالاکییەک کرد و ڕاشیانگەیاند، کە تا کاتێک زانیاریی لە بارەی ئۆجالانەوە بە دەست نەگات بەردەوام دەبن لەو چالاکییەدا، ئەوە لە کاتێکدایە کەپێنج لەو ژنانە دژی فشارەکانی سەر زیندانییەکان لە ڕۆژی ٥ی مانگی ڕابردووەوە مانگرتن لە خواردنی خولییان ڕاگەیاندووە.

لە بەردەوامی وتارەکەدا نووسراوە، کە ژنەزیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی گەبزەدا دەستیان بە نووسینی کتێبێک کردووە لە بارەی زەهرا ئەپلی-یەوە، کە لە ڕۆژی ٧ی مانگی ١١ی ٢٠١٦دا لەو زیندانەدا دژی گۆشەگیرکردنی ئۆجالان چالاکیی ئەنجام دابوو، ئەو کتێبە بۆ یادکردنەوەی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە دەنووسرێت.