ژنانی سیستان و بەلوچستان لە مناڵییەوە بۆ دایکایەتی گەورە دەکرێن

گوندی جورین گێرانەوەی چیرۆکی کۆمەڵێک ژنە لە سەر سنوورەکانی سیستان و بەلوچستان، کە دانیشتووانەکەی ژیانێکی تێدا سەرەتایی بەسەر دەبەن و لە منداڵییەوە ژنان بۆ دایکایەتیی گەورە دەکرێن.

ژنانی گوندی جۆرین-ی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوجستان، بە جیاوازتر لە ژنانی دیکە، هەڵگری ئێش و ئازارەکانی ژیانیانن و زیاتر لەپیاوان ئەرکەکان دەکەوێتە سەر شانیان، بە هۆکاری نەبوونی خزمەتگوزاری، لە ژیانێکی سادەدا ژیان بەسەردەبەن.

ژنانی گوندی جۆرین، بەجۆرێک گەورە دەبن، کە هەر لە سەرەتاوە بۆ دایکایەتی و کاروباری ماڵەوە پەروەردە دەکرێن لەنێو بازنەیەکی دیاریکراودا، تەنانەت بە دەگمەن دەتوانن درێژە بە خوێندنیش بدەن، یان هەر لە ماناکانی ئەلف و بێ-ش تێناگەن، یاخود ئەگەر خوێندبێتییان لە نیوەدا دەسیان هەڵگرتووە.

ئەوان لەگەڵ دار و چێو، تەنکەری ئاو و شوشتنی دەفر، بیابان و تۆپێک، نەبوونی سەوزایی و خوێندنگە و پیداویستییە گرنگەکانی ژیان گەورە دەبن، ئەو ژیانەش هەڵقوڵاوی ژینگەیەکە کە هیوای تێدا نابینرێت و لە دایکبوون و گەورەکردنیان تەنها بۆ دایکایەتییە.

جێگای ئاماژەیە، سیستان و بەلوچستان دووەمین پارێزگای گەورەیە لە دوای کرمان، دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، زۆرێک لە گوندەکانی سنووری ئەو پێرێزگایە هاوشێوەی جۆرین لە سەرەتاییترین ماف بێبەشن و پشتگوێ خراون لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە.