«ژنانی شۆڕشگێڕ له‌ عه‌فرین خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی مێژوون»

کۆنسەی بەڕێوەبەری ته‌ڤگه‌ری شۆڕشگێڕی ژنانی یەکگرتوو، ڕایگەیاند کە لە عەفرین به پێشەنگایەتی ژنانی شۆڕشگێڕ مێژوو دەنووسرێتەوە. 

کۆنسەی بەڕێوەبەری ته‌ڤگه‌ری شۆڕشگێڕی ژنانی یەکگرتوو وێڕای سڵاو لە خۆڕاگریی عەفرین ڕایگەیاند: چالاکیی گیانبازی هەڤاڵ ئاڤێستا پیشانی دا کە ئەو بەرخۆدانە بەو شۆڕشگێرانەوە بەرەو پێش دەچێت.

 لە لێدوانەکەدا ڕاگه‌یه‌ندرا:  لەو بەرخۆدانه‌دا هەموو چین و توێژ و نەتەوەکان لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک یەکیان گرتووە و لە بەرەکانی پێشەوەی بەرخۆداندا، خەریکی نووسینەوەی مێژوون. ئەو هێرشە لە دژی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و هەبوونی کوردان پێكدێت.

«سیستەمی خۆسەپێن و داگیرکاری سەرمایەداری لە ڕێگەی تورکیاوە شەڕ بەرفره‌وانتر دەکات و ده‌یه‌وێ هەموو ناوەندەکانی بەرخۆدانی عەفرین لەناوبەرێت. هەر بۆیە زۆر گرینگە هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکان و ژنان، چالاکانه لە بەرخۆدانی عەفرین خاوەنداری بکەن. هەرچەنده‌ لەنێوان چینی سەردەست و سیستەمی سەرمایەداریدا کە هاوبەشی یەکترن ناکۆکیش هەبێ، بەڵام مانەوەی سیستەم بە مانەوەی خۆیان دەزانن. هەر بۆیە لە دژی ئەوه، خۆپاراستنی گەلان بۆ گەیشتن به ژیانێکی کۆمیناڵ، دێمۆكرات و سۆسیالیست، بۆ هەموو هێزێکی شۆڕشگێڕ، پێویستییەکی ژیانییە.»

کۆنسەی بەڕێوەبەری ته‌ڤگه‌ری شۆڕشگێڕی ژنانی یەکگرتوو، له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یاندا، هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد: هێرشەکانی سەر عەفرین ئەو ڕاستییه‌ پیشان دەدات که ئێمه پێویستە وەک ژنانی شۆڕشگێڕ، به بڕیارەوە لەو بەرخۆدانه‌دا جێ بگرین و پێشەنگایەتی بکەین.

«شۆڕشی ڕۆژئاوا هەر لە سەرەتاوە شۆڕشی ژن بووە، بەرخۆدانی کۆبانی به هێڵی فەداییانەی ژن نەخشا. چالاکیی گیانبازی هەڤاڵ ئاڤێستا خابوور کە ئەو بەرخۆدانە مێژووییە بەو ڕۆحییەتەوە سەردەکەوێ، ڕاستینەی ژن کە سیستەمی خۆسەپێنی جیهانی بە هەموو شێوەیەک هێرشی بۆ دێنێت، بە حەزکردن لە ئازادی و تووڕەبوونێکی سەدان ساڵه، لە ئاستێکی فیدایی دا ئەو بەرخۆدانە بەرەو سەرکەوتن دەبات.»

ژنانی شۆڕشگێڕ له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌دا ڕایانگەیاند، ئەوان وەکوو ته‌ڤگه‌ری ژنانی شۆڕشگێڕی یەکگرتوو، لە دژی فاشیزم لە هەموو سه‌نگه‌ره‌كانی بەرخۆدانی سه‌رده‌م جێ دەگرن و بە بڕیارەوە هەموو حیساباتی سیستەم لەسەر عەفرین سەروبن دەکەین.

ته‌ڤگه‌ری شۆڕشگێڕی ژنان له‌ كۆتاییدا داوای له‌ ژنانی تورکیا و هەموو ژنان كرد لە دژی فاشیزم، خاوەنداره‌تیی لە خۆڕاگریی گەلی عەفرین بکەن.

 

ش. م