کەژەکە داوا ده‌كات کوردستانیان هەر ئێستا بۆ عەفرین بڕژێنە سەرشەقام

کۆردیناسیۆنى کەژەکە ڕایگەیاند، مەترسیى کۆمەڵکوژکردنى هاووڵاتیانى عەفرین لە لایەن دەوڵەتى تورکیاوە هەیە و داوای کرد، کوردستانیان هەر ئێستا بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانى سەردەم-یعەفرین بڕژێنە سەر شەقامەکان و چالاکى ئەنجام بدەن.

لە ڕاگەیه‌ندراوەکەى کۆمەڵەى ژنانى کوردستان - کەژەکە_دا هاتووە «کات کاتى ئەوەیە لەپێناو کەرامەتى مرۆڤایەتی و ئەو بەرخۆدانە، بڕژێنە سەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان. دەبێت ئێمە هەموو دونیا لەبارەى تاوانى شەڕ و کۆمەڵکوژکردنى کوردانەوە ئاگادار بکەینەوە.»

لە ڕاگەیه‌ندراوەکەى کەژەکەدا ئەوەش هاتووە: «هێرشى ئێستا گەیشتووەتە ئاستی بەربەریەت و دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر دەیەوێت ناوەندى شارى عەفرین داگیر بکات. هەر وه‌ك چۆن لە سه‌رێكانی، تلحه‌میس، جەزعە و کۆبانێ لە دژی داعش بەرخۆدانێكی گەورەى مرۆڤایەتیانە لە دژى داعش ئەنجامدرا، ئەمڕۆش لە عەفرین بەرخۆدانێكی گەورە هەیە. عەفرین بە ناوى مرۆڤایەتییەوە لە دژى فاشیزم بەرگری لە خۆى دەکات. بۆ ئازادیى ژن و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد خۆڕاده‌گرێت. ئێستا کاتى ئەوەیە بۆ پاراستنى کەرامەتى مرۆڤایەتى و پشتیوانى لەو بەرخۆدانە، بڕژێنە سەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان. دەبێت ئێمە هەموو دونیا لەبارەى تاوانەکانى ئەو شەڕە و لە دژى کۆمەڵکوژکردنى کوردان ئاگادار بکەینەوە. نەک سبەى، بەڵکو دەبێت ئێستا بڕژێنە شەقامەکان بۆ ئەوەى بەرخۆدانى عەفرین سەربخەن.»

لە ڕاگەیه‌ندراوەکەى کەژەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: دەبێت ئێمە پێش لەو کۆمەڵکوژییە بگرین، کە لە لایەن دەوڵەتى تورکیاوه‌ ئەنجام دەدرێت. ئێمە بانگەوازى لە گەنجانى کورد دەکەین، بە دروشمەکانی «هەموو شوێنێک عەفرینە، هەموو شوێنێک بەرخۆدانە» بەرەو عەفرین بڕۆن و سنوور هەڵبگرن. ئێمە بانگەوازى لە هەموو گەلانی جیهان و پارێزەرانى مافەکانى مرۆڤ دەکەین، کە چالاکییەکانیان لە هەموو شوێنێکدا ڕادیکاڵ بکەن بۆ ئەوەى ئەنجام بەدەست بهێنن و هەموو شوێنێک بکەن بە گۆڕەپانى چالاکی.

کەژەکە ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، ئه‌وان ڕاگەیه‌ندراوەکەى نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەى هێرشى دەوڵەتى توركیای داگیرکەر بۆ سەر عەفرین، بە شەرمەزاری دەزانن.

له‌ درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: گەلەکەمان بە بەرخۆدانەکەى ڕێ لە کۆمەڵکوژی و فاشیزم دەگرێت. گەورەترین پەندى مێژووییش دەدەنە ئەردۆغان و سوپاى تورکیا. بەرخۆدانەکەى ئێوە سەردەکەوێت. ئەوەى سەر دەکەوێت ئازادی و خۆڕاگره‌كانن، کە بە ئیرادەى سەرکەوتنەوە بەرخۆدان دەکەن.

 

ر.م