گوڵتان كشاناك: پێویسته جێده‌ستی ژنان له هه‌ڵبژاردنه‌كان دیار بێت
هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئامه‌د گوڵتان كشاناك كه له زیندانی كاندرا به‌ند كراوه، ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یرانی توركیا نامه‌یه‌كی بۆ ده‌ره‌وه‌ی زیندان نارد.
هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئامه‌د گوڵتان كشاناك كه له زیندانی كاندرا به‌ند كراوه، ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یرانی توركیا نامه‌یه‌كی بۆ ده‌ره‌وه‌ی زیندان نارد.
گوڵتان كشاناك هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئامه‌د له نامه‌كه‌یدا سه‌رنجی خسته سه‌ر كارنامه‌ی پارته‌كان ده‌رباره‌ی ژنان و گوتی: «له هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یراندا چه‌ندین پارت كه پێشتر قه‌ت باسی ژنانیان نه‌كردبوو، له لیستی كاندیده‌كانیاندا شوێنیان بۆ ژنان ته‌رخان كرد. ئه‌مه له ڕوویه‌كه‌وه باشه، هه‌ر نه‌بێت ده‌زانن كه له‌م وه‌ڵاته‌دا ژنانیش هه‌ن.»
«كاتی ئه‌وه‌یه ژنان جێده‌ستیان له سیاسه‌تدا هه‌بێت»
كشاناك له درێژه‌ی نامه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: ڕاستییه‌ك هه‌یه كه هه‌ده‌په له‌م بابه‌ته‌دا زۆر له‌پێشه‌وه‌یه. له‌نێو هه‌ده‌په‌دا ده‌ستكه‌وت هه‌ن كه ژنان به ڕه‌نجی خۆیان به‌ده‌ستیان هێناون. ئێستاش كاتی ئه‌وه‌یه كه ژنان جێده‌ستی خۆیان له سیاسه‌تدا بنه‌خشێنن. به گرتنی ئێمه ویستیان هه‌موو ژنان بترسێنن و پیشانی بده‌ن كه سیاسه‌ت كارێكی به ڕیسكه، بۆ ئه‌وه‌ی له سیاسه‌تیان دووربخه‌نه‌وه. ئێمه نه‌ترساین، ناترسین. ئێمه كاتێك به‌ڕێكه‌وتبووین، گوتبوومان «له‌پێناو داهاتوو، ئازادی، دواڕۆژ و مافه‌كانی خۆمان ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئاماده‌ی قوربانیدانین.»
«ده‌بێ ئه‌م تاریكاییه نه‌هێڵین»
كشاناك سه‌رنجی خسته سه‌ر ڕێگرییه‌كانی سه‌ر پارتی دیموكراتی گه‌لان - هه‌ده‌په و گوتی: «هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه خاوه‌نی بانگه‌شه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی یه‌كسانه و له‌و شوێنانه‌ی كه ئه‌گه‌ری ده‌رچوونیان هه‌یه، ژماره‌یه‌كی زۆری ژنی كاندید كردووه، به‌ڵام ئێمه له ڕاگه‌یاندندا كه چاودێری ده‌كه‌ین، ژنه‌كاندیده‌كانی هه‌ده‌په و سیاسه‌ته‌كانی هه‌ده‌په ده‌رباره‌ی ژن، نابینین. ئێمه ئاگاداری هه‌ڵوێستی ڕاگه‌یاندنین، ئه‌م دۆخه ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه نییه كه هه‌ده‌په نابینن، به‌ڵكو ده‌رباره‌ی ژنان خۆیان كه‌ڕ و كوێر كردووه. ئێمه ده‌زانین كه لێره، ده‌رباره‌ی هه‌ده‌په زایه‌ندپارێزیش ده‌كه‌ن. به‌ڵام پێویسته ئێمه ڕێگه‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه كه ئه‌م تاریكییه نه‌هێڵین.»
«ژنانی گه‌نج بكه‌ری تێكۆشانن»
گوڵتان كشاناك له نامه‌كه‌یدا داوای له ژنانی گه‌نج كردووه كه به‌شدار بن له كار و خه‌باتی هه‌ڵبژاردن و نووسیویه‌تی: «داوا له ژنانی گه‌نج ده‌كه‌م، ئه‌م كاره ته‌نیا بۆ كاندید و كه‌سانی خه‌باتكار به‌جێنه‌هێڵن. ملیۆنان ژن كه خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی تێكۆشانی ئازادین، هه‌ر یه‌كێك له ئێمه بكه‌ری ئه‌م تێكۆشانه‌ین.»
«مێژوو ده‌نووسینه‌وه»
هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئامه‌د گوڵتان كشاناك له كۆتایی نامه‌كه‌یدا قسه‌یه‌كی په‌روین بووڵدانی به‌بیرهێنایه‌وه و گوتی: هاوسه‌رۆكی پارتیمان په‌روین بووڵدان گوتبووی «ئێمه له‌گه‌ڵ ژنان هاوپه‌یمانه‌تی ده‌كه‌ین». ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌مه له كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن و له ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ببینین. له‌وانه‌یه ئێوه بڵێن: «ئه‌گه‌ر ئاسانه، ئێوه وه‌رن بیكه‌ن». به‌ڵام باوه‌ڕ بكه‌ن ئێمه‌ش لێره ده‌سته‌وه‌ستانین نین. هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه چۆله‌كه‌كانیش ڕازی بكه‌ین كه ده‌نگ به ده‌میرتاش و هه‌ده‌په بده‌ن. من ده‌ڵێم زۆریش سه‌ركه‌وتووین. ئێمه چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی ئێوه ٢٤ی حوزه‌یران ده‌خوێنینه‌وه. به‌ڵام ئێوه ده‌زانن به‌ر له خوێندنه‌وه، ده‌بێ مرۆڤ بینووسێت. با مێژوو بنووسینه‌وه. جێده‌ستی خۆمان له هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یران بنه‌خشێنین. ئه‌نجامێكی وه‌ها به‌ده‌ستبێنین كه ٧ی حوزه‌یرانیش حه‌سوودی بكات.
s.m