یەپەسە – ژن بۆ ٨ى مارس پەیامێکى بڵاوکردەوە

یەپەسە – ژن ڕایگەیاند، بانگ لە هەموو ژنان دەکەن لە ڕۆژی ٨ى ئازاردا لە هەموو شوێنێکدا بڕژێنە سەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان و ئاگری بەرخۆدان گوڕتربکەن.

کۆردیناسیۆنى گشتیى یەکینەکانى پاراستنى سڤیلى ژنان (یەپەسە - ژن) بە بۆنەى ڕۆژى ٨ى ئازار ڕۆژی جیهانیى ژنانى زەحمەتکێش ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ژن و گەلی کورد ناچارن لەم ساتەوەختەدا خۆبەدەستەوەدان یان بەرخۆدان هەڵبژێرن.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەى یەپەسە – ژندا ئەوەش هاتووە، لەسەر هێڵى ڕێبەرى گەلى کورد عەبدوڵا ئۆجەلان و بە دروشمی "ڕێبەرى ئازاد، کوردستانى خۆسەر، تورکیاى دیموکراتیک" بەرەو سەرکەوتن دەڕۆن و ئەوەش ڕوونە، کە بەرخۆردانى شارەکان لەو سەرکەوتنەدا جێگایەکى زۆر گرنگى هەیە.

 

کۆردیناسیۆنى یەپەسە – ژن ڕاشیگەیاندووە، دەسەڵات و دەوڵەتى ئاکەپە لە مێژووى خۆیدا خوێنڕێژییان سەرلەنوێ دووبارە کردەوە و لەو ئۆپراسیۆنەدا، کە لە دەرەوەى پێوەرە مرۆڤایەتییەکانە لە دژى عەفرین، بەردەوامى بە پیلانگێڕیى نێودەوڵەتی دەدات و هاووڵاتیانى مەدەنى کۆمەڵکوژ دەکات.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، گەلی کورد و ژنانى بەرخودێر بە ڕۆحى ئازادى و بەرخۆدانیان لە کەسایەتیى شەهید ئاڤێستا خابوور لە عەفرین، جارێکیتر ڕاستیى پێشەنگایەتیى پاڵەوانانەى زەریان، زیلان، ڕووکەن، خۆسەر، بەفرین و چەندین پاڵەوانى تریان بۆ مرۆڤایەتى خستەڕوو.

 

کۆردیناسیۆنى یەپەسە- ژن ڕاشیگەیاندووە، لە هەموو کات زیاتر لە ئازادى و سەرکەوتن نزیک بوویەتەوە و نووسیویانە "هێزەکانی یەپەسە – ژن لەسەر ڕێگاى شەهیدان ڕێدەکات. بۆ ئەوەش سەرخستنى ئەم قۆناغە بە ئەرکى بنەڕەتی و سەرەکیى خۆمان دەزانین. لەسەر بنەماى ڕاستیى گەل و هەوڵەکانى ئەم گەلە، کە بە ڕۆحى فیدایانە ڕوویان لە شۆڕش کردووە، دەتوانین ڕێبەرایەتى ئازاد بکەین و زنجیرى قڕکردن بپسێنین. ئێمە ناچارین ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییە، کە بۆ خۆمان دەستنیشانمان کردووە، بە باشترین شێوە هەڵسەنگێنین و ژیانى ئازاد، کە ڕێبەرەکەمان دەستنیشانیکردووە دابمەزرێنن و بیشیپارێزین".

یەپەسە – ژن باسى ئەوەشیکردووە، ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، ئەو بەرخۆدانەى کە ئێستا لە ئارادایە مسۆگەریى ئەوەیە، کە جگە لە سەرکەوتنی هێڵی ئازادی هیچ شتێکى تر قبوڵ ناکات.

لەسەر ئەو بنەمایەش یەپەسە – ژن بانگ لە هەموو ژنانى جیهان و مرۆڤایەتى و ئەوانەى ئازادییان دەوێت، دەکات کە بەشداریى قۆناغى ئەم بەرخۆدانە بن و ئەوەشیان خستووەتەڕوو "ئاگرى پیرۆزى بەرخۆدان کە لە جزیر، سوور، نسێبین، شرنەخ، سلۆپی، وان، سێرت، گمگم، فارقین و چەندین شوێنى تر بڵێسەى سەند، ڕێگا نادەین بکوژێتەوە و لە ساڵى نوێدا گەشتری دەکەین. ئێمە بڵێسەى ئەو ئاگرە دەگەیەنییە هەموو ناوچەکانى کوردستان و تورکیا".

کۆردیناسیۆنى گشتیى یەپەسە – ژن لەم ڕێگەیەوە بانگ لە هەموو ژنان دەکات ڕۆژی ٨ى ئازار لە هەموو شوێنەکاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان و ئاگری بەرخۆدان گەشتر بکەن.

لە کۆتایى ڕاگەیاندراوەکەى یەپەسە – ژندا ئەوەش هاتووە، هەر لەم ڕێگەیەوە و بە بۆنەی ساڵڕۆژى دامەزراندنى یەپەسە – ژنەوە، ٨ى ئازار لە هەموو ژنانى جیهان پیرۆز دەکەن.

 

ر.م