یەپەژە: ئالینا سانچێز (لێگەڕین چیا) بە دوای ڕاستیى مرۆڤى ئازاد دا دەگەڕا

یەپەژە، دکتۆرئالینا سانچێز، شەڕڤان (لێگەڕین چیا) لە حەسەکە شەهید بوو. ڕاشیگەیاند، هەڤاڵ لێگەڕین هەروەک ناوەکەى بەدواى ڕاستیى مرۆڤى ئازاد دا دەگەڕا. لە گەڕان بەدواى ئەو ڕاستییەدا لە ئەرجەنتینى ئەمریکاى لاتینەوە چووەتە ڕۆژئاواى کوردستان ودونیاى شۆڕشى ژن.

 

فەرماندەیى گشتیى یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە) لەبارەى شەهیدبوونى ژنە شەڕڤان ئالینا سانچێز (لێگەڕین چیا) ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

دەقى ڕاگەیاندراوەکەى یەپەژە:

ڕاستیى شۆڕشى گەلان، کە لە باکوورى سوریا خۆی بە هەست و بیرى ژن تەیارکردووە، رۆژ لە دواى رۆژ بۆ هەموو گەلان بووەتە  ئومێدێکى گەورە. تاوەکو دێت شۆڕشى گەلان بەو ڕاستییانەوە، کە هەڵیگرتوون، تۆوی خۆى بە سەرتاسەرى جیهان بڵاودەکاتەوە. شۆڕشى گەلى کوردستان نەک تەنها بۆ گەلان و ژنانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵکو بۆ هەموو گەلان و ژنانى جیهان بووەتە سەرچاوەى ڕاستیى ژیانى ئازاد و وەکیەکى هەمیشەیى.

سیستمى سەرمایەدارى بە پشتیوانیى هێزە دەسەڵاتدارەکان، ئەمڕۆ وەک دڕندەیەکى لێهاتووە و بۆ گەلان و ژنانى جیهان بووەتە گەورەترین بەڵا و بەهار مرۆییەکان هەڵدەلوشێت و لەناویان دەبات. ئەمڕۆ ئەو سیستمە لە هەناوى خۆیدا تاڵانى، کۆمەڵکوژی، شەڕ و کوشتنى ژنان بە مافێکى ڕەوا دەزانیت و ئومێد و بڕواى مرۆڤایەتیى لاوازکردووە و کۆمەڵگاى لە ژێر چنگى خۆیادا ناچارى ژیانێک کردووە، کە دابڕاو بێت لە بەها مرۆیییەکان و دونیاى موراڵی. لە بەرامبەر ئەو ڕاستییانەدا تەونى شۆڕشى باکوورى سوریا بووە بە بڕوا، تێکۆشکان، شەڕکردن، خۆبوون و خۆپاراستن بۆ هەموو بەهاکانى کۆمەڵگا، رۆشنبیری، سیاسى و ئەخلاقی. شۆڕشى باکوورى سوریا نوێنەرایەتیى هەموو ئەو بەها و نرخانە دەکات، کە لەسەر دەستى ژن داهێنراون. نوێنەرایەتیى ڕاستیى ئەو ژنەش دەکات، کە خۆى لە چنگى سیستمى پیاوى باڵادەست ڕزگار کردووە. شۆڕشى باکوورى سوریا، کە خۆى لەسەر بنەماى ڕەنگ و شێوازى ژنان دامەزراندووە، گرەنتیى ئازادکردنى ژنە. لەسەر ئەو بنەمایە ژنانى جیهان ڕوو لەو تێکۆشان و شەڕی خۆپاراستن دەکەن.

یەکێک لە شۆڕشگێڕەکان، تێکۆشەران و شەیدایانی گەڕان بە دواى ڕاستیدا، هەڤاڵمان، دکتۆر لێگەڕین چیا (ئالینا سانچز)ە، کە بەهۆى ڕووداوی هاتوچۆەوە گەیشتە کاروانى نەمران. هاوڕێ لێگەڕین لە وڵاتێکەوە، کە بە کولتورى شۆڕشگێڕى بنیاتنراوە، لە زێد و شوێنى شۆڕشگێڕى گەورە، چێ گیڤاراوە، لە وڵاتى ئەرجەنتین لە ئەمریکاى لاتینەوە هاتبوو بۆ ناو شۆڕشى رۆژئاوا.

هەڤاڵ ڵێگەڕین یەکێک لەو ژنانەیە، کە لە هەست و بیرى خۆیدا، ئازادی و وەکیەکیى گەلانى ئاوێتەى یەکتر کردبوو و کردبوونى بە یەک. هەڤاڵ لێگەڕین بە فیداکارییەکى گەورەوە، بە ڕەنجدانێکى بێسنوورەوە بەشداریى شۆڕش بوو و جێگاى خۆى لە دڵی هەموو ژنە تێکۆشەرەکاندا کردەوە. هەڤاڵ ڵێگەڕین، وەک ناوەکەى بوو بەو کەسە، کە لە گەڕان بە دواى ڕاستیى مرۆڤى ئازاد دا، لە وڵاتى ئەرجەنتین لە ئەمریکاى لاتینەوە ڕووی لە ڕۆژئاواى کوردستان کرد. هەوڵە بێسنوورەکانى بۆ گەڕان و لێکۆڵینەوە ئەوى بەرەو شۆڕشى ژنان هێنا و بوو بە یەکێک لە ڕاستگۆترین هاوڕێکانى گەلان و هەموو ژنان.

هەڤاڵ لێگەڕین ماوەى چەند ساڵ بوو، کە لە ریزى شۆڕشدا بوو. لە کەرتى تەندروستیدا بە هەزاران هەڤاڵ و هاوڕێى ئێمەى لە شەهیدبوون ڕزگارکرد. بە فیداکارییەکى گەورە، بە ورە و جۆش و خرۆشێکى بەرزەوە، هەڤاڵە بریندارەکانى چارەسەر دەکرد. هەڤاڵ لێگەڕین هەموو کات دەیویست بچێتە سەنگەرەکانى پێشەوەى شەڕ. پێداگرییەکى زۆرى دەکرد بۆ ئەو داوایە. هەموو کات لە هەلومەرجە سەختەکاندا لەگەڵ هەڤاڵان دا بوو. بەڕاستى کەسایەتییەکى پڕ لە وزە و شۆڕش بوو. بە خۆشەویستییەکى گەورەوە لە ناو شۆڕشدا دەژیا. دڵى پڕ بوو لەخۆشەویستى بۆ ڕێبەر ئاپۆ و هەڤاڵەکانى. لە تێکۆشاندا خاوەنى پێداگرییەکى مانادار و لە ژیاندا خاوەنى دیسپلینى شۆڕشگێڕى بوو. چەند خزمەتى بکردایە، هەر بە کەمی دەزانى و هەموو کات دەیویست زیاتر خزمەت بکات.

ئێمە وەک هاوڕێ و هەڤاڵ، شەڕڤان و درێژەپێدەرى ڕێگاى هێلین، ئاڤاشین و لێگەڕین، دەڵێین، تا دوا هەناسە تێدەکۆشین بۆ ئافراندنى ژیانێکى ئازاد. بۆ ئەوەى خاوەندارى لە بەها و نرخى ئافرێنراوی هەڤاڵە شەهیدەکانمان بکەین، دژواری و باجەکەى هەرچییەک بێت و ئەوەى پێویست بێت ئامادەین ئەنجامى بدەین. ئێمە بۆ هاتنەدیى خەون و ئومێد و ئامانجی هەموو شەهیدان، کە بۆ بونیاتنانى شۆڕشى ژن گیانى خۆیان بەخشیوە، تێدەکۆشین و لە بەرامبەر قەڵاى زوڵم، لە بەرامبەر سیستمى پیاوى سەردەست و لە دژى داگیرکاری و کۆمەڵکوژکردنى گەلان و کوشتنى ژنان ڕادەوەستین. ئێمە دەبینە وەڵام بۆ هەموو هەوڵ و گەڕانەکانى هەڤاڵی ڕێگاى راستى، هەڤاڵ لێگەڕین. ئێمە جارێکیتر بەڵێنى تۆڵەسەندەوە دووبارە دەکەینەوە و دەڵێین، لێگەڕین هەموو کات لە ژیاندایە و شەهیدان نامرن.

ناو: لێگەڕین چیا

ناو و پاشناو: ئەلینا سانچێز

ناوى دایک: پاتریکا

ناوى باوک: رودۆڵفۆ

شوێن و کاتى لە دایکبوون: ئەرجەنتین – ١٩٨٦

شوین و کاتى شەهیدبوون: حەسەکە – ١٧-٣-٢٠١٨

ر.م