بە هەزاران کەس لە ئامەد لە دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە رێپێوانیان کرد

لە ئامەد بە هەزاران کەس بەربەستەکانی پۆلیسیان راماڵی و بەرەو شارەوانی رێپێوانیان کرد.

دەم پارتی و دەبەپە لە ئامەد زەوتکردنی شارەوانی جۆلەمێرگیان بە رێپێوانێک شەرمەزارکرد. هاوسەرۆکانی گشتیی دەبەپە کەسکین بایندر و چیدەم کلیچگون ئوچار، بەرێوەبەرانی دەم پارتی، دەبەپە، هاوسەرۆکانی شارەوانی لە ئامەد، چالاکوانانی تەژەئا، دایکانی ئاشتی، بەڕێوەبەرانی توئای-دەر، مەبیا دەر و رێکخراوە مەدەنیەکان بەشدارییان لە رێپێوانەکەدا کرد. جەماوەرەکە لەبەردەم پلازا ئەی زی سی لە بەری ئۆفیس کۆبوونەوە و بە وتنەوەی وروشمی "جۆلەمێرگی ئێمەیە" دەستیان بە رێپێوان کرد. هاوڵاتیانی بەشدار لە رێپێوانەکە تیشێرت بە نوسراوی "قەیوم گۆڕت ونبکە"یان لەبەرکردبوو.

جەماوەرەکە بێ پسانەوە دروشمیان دەوتەوە. پۆلیس گەمارۆی جەماوەرەکەیدا و بۆ ماوەیەکی زۆر جەماوەرەکە گەمارۆدران و خۆڕاگرییان کرد. جەماوەرەکە سەرباری هەموو ئاستەنگەکانیش خۆی گەیاندەبەر شارەوانی گەورەشاری ئامەد و لەوێ بەشدارییان لە چالاکی ئێشکگرییداکرد.

"دەستبەسەرداگرتن دزی، تاڵانکاری، کودەتا، رانت و بەرتیلە'

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، چیدەم کلیچگون ئوچار لەبەردەم شارەوانی قسەی کرد و دەستنیشانی کرد کە گەلی ئامەد لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە دژی دەستبەسەرداگرتن خۆڕاگری دەکەن و وتی، "ئێمە ناهێڵێن کە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ درێژە بکێشێت. ئێوە دەزانن دەستبەسەرداگرتن چییە؟ دەستبەسەرداگرتن دزی، تاڵانم کودەتا و رانت و بەرتیلە. ئێمە رێگە نادەین کە ئەو سیاسەتە جارێکی دیکە لە کوردستان جێبەجێ بکرێت و خۆڕاگری دەکەین. لە ئامەدەوە بە دەسەڵات دەڵێین؛ لە مێژووی سەد ساڵەدا زۆر حکومەت بە گژ کورداندا هاتن، بەڵام هیچ یەک لەوان نەیانتوانی بەردەوام بن و لە بەرامبەر کوردان هەموویان شکستیان هێنا، بەڵام تائێستا کورد لەسەر ئەرک و خاکی خۆیەتی".

'رێگە بە دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باخچەلی نادەین'

هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە کەسکین بایندریش ئاماژەی بە بەرخودانی گەلی ئامەد لەپێناو جۆلەمێرگ کرد و سڵاوی لەو بەرخودانە کرد و وتی، "هەر بژی ئامەد. بەڵێنمان بە گەلی جۆلەمێرگ داوە تا کۆتایی خۆڕاگری دەکەین و ئێمە هەنگاو بۆ دواوە نانێین و تا یەک دڵۆپ خوێن لە لەشماندا مابێت ئێمە خاوەنداری لە ئیرادەی گەلەکەمان دەکەین. قەیوم دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلی کوردە. گەلی کورد هەموو جارێک وانەیان پێدەدەن بەڵام روویان رەش نابێت و تەریق نابنەوە. رێگە بە قەیومەکانی ئەردۆغان و باخچەلی نادەین. ئەم چالاکیەی خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان بە تەواوی کوردستاندا بڵاودەکەینەوە، سەرکەوتن هەربۆ ئێمە و گەلەکەمانە، بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین".

جەماوەرەکە لەبەردەم شارەوانی گۆڤەندیان سازکرد و بەردەوامبوون لە ئێشکگریی خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان.

هـ . ب