بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەنەکە بەهۆى تێپەڕبوونى ١٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدى ئێزدییەکان لەلایەن چەتەکانى داعشەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، تاوانێكی لەبیرنەكراو و ئازارێكی گەورەیە لە دڵی هەمووماندا، ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵەوە یادی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی ئازیزانمان دەكەینەوە، كە لەزێدی خۆیان بەتەنیا بەجێهێڵران.
دەشڵێت، ئێمە بە پەرۆشەوە هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ زێدی رەسەنی خۆیان دەدەین، هەروەها جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان دەکەینەوە بۆ گەڕان بەدوای ئەوانەی تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، دەمانەوێت دوور لە درووشم و تێكەڵكردنی ژیانی ئێزدییان بە ململانێ سیاسییەكان، كار بۆ پاراستنی مافەكانیان بکەین و پارێزەری راستەقینەی ئەو پێكهاتە گرنگەی كوردستان بین.
باسى لەوەشکردووە، ئێزدییەکان بەشێكی گرنگی فرە ڕەنگیی كوردستان پێكدەهێنن و مێژوویەكی درێژیان لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و خەبات لەپێناو خاكەكەمان تۆماركردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ١٠ ساڵ پێش ئێستا چەتەکانى داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و دەوروبەرى بەهۆیەوە هەزاران کەس کۆمەڵکوژکران و سەدان هەزارى دیکەش ئاوارەبوون.