لە ١٧ی تەممووزدا لە باشووری کوردستان سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان ئەر و مەزڵوم داغ دا سەپێنرا. کۆمیتەى پشتیوانی لە عەبدولڕەحمان ئەر و مەزڵوم داغ لە دژی سزای لەسێدارەدان و بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە نامەیەکیان بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسی.
دەقی نامەکە
"بەڕێز نێچیرڤان بارزانی
لە جوگرافیایەکدا کە گێژاو و قەیرانی تیدایە، یەکێک لە دێرینترین گەلان، بە ئازار و ژانی گەلی کورد، بەبێ ئەوەى سازش لەسەر ژیانێکی شکۆمەندانە و بەها مرۆڤایەتییەکان بکات، هەوڵیانداوە بۆ خۆیان داهاتوویەک دروست بکەن. سەرباری ئەوەی بە هەموو شێوەیەک زوڵم و ناهەقییان لێ دەکرێت، بەبێ ئەوەى دەست لە دادپەرەوەری، ئەخلاق و دیموکراسی هەڵبگرن، بەردەوامن لەسەر تێکۆشانی خۆیان، ئەوەش کارەکتەری گەردوونی کوردانە. لە ١٧ی تەممووزی ٢٠١٩دا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق رووداوێک روویدا، کە مردنی لێکەوتەوە. دوای ماوەیەکی کورت لە رووداوەکە، عەبدولڕەحمان ئەر و مەزڵوم داغ و چەند کەسی تر دەستگیرکران و دواتر ئەو کەسانە زیندانیکران.
لە ١١ی شوباتی ٢٠٢٠دا ئەو کەسانە رەوانەى دادگا کران. دوای دادگایکردنێکی کورتخایەن لە لقی ٢ی دادگای سزاکانی هەولێر، سزای لەسێدارەدان بەسەر عەبدولڕەحمان ئەر و مەزڵوم داغ دا سەپێنرا. دۆسییەکە دواتر رەوانەى دادگای تێهەڵچوونەوە کرا. لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا دادگای تێهەڵچوونەوەى هەولێر سزای لەسێدارەدانەکانی پەسەند کرد. بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایە پێویستی بە رەزامەندی و فەرمانی ئێوە هەیە. لە یاساکانی عێراق و کوردستاندا سزای لەسێدارەدان هەیە، لە عێراق و کوردستاندا تاوەکو ئێستا زۆر کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. بۆیە سزای پەیوەندیدار بە عەبدولڕەحمان ئەر و مەزڵوم داغەوە پێویستی بە بڕیاری سزادان هەیە.
بنەماڵەکان لە ترس و نیگەرانیدان
ئێمەی بنەماڵە و کەسوکاریان نیگەرانین. قۆناغی دادگایکردن لە ماوەیەکی کورت دا ئەنجامدرا، ئەوەش نیگەرانیی ئێمەى زیاتر کردووە. لە ناو یاساکانی سزای مۆدێڕندا و لە وڵاتانی دیموکراتیکدا بە زۆری سزای لەسێدارەدان لە ناو یاساکاندا نەماوە. نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا بۆ نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان چەندین بڕیار و یاسایان دەرکردووە و گۆڕیوە. لەو بوارەدا تێکۆشانێکی بەهێز ئەنجامدراوە تاوەکو بەم ئاستەى ئێستای گەیشتووە. مافنانسان، پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە دژی سزای لەسێدارەدان لە سەرتاسەری جیهان کەمپەین و هەڵمەتی گەورە گەورە بەڕێوەدەبەن، ئەو بابەتە بە بەردەوامی لە رۆژەڤی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤدایە.
ئێمەش لە دژی لەسێدارەدان و سزای لەسێدارەدانین. بە داخەوە لە مێژووی کورداندا زۆرێک لە رووداوی لەسێدارەدان هەیە. شێخ سەعید، سەید رەزا، قازی محەمەد، لەیلا قاسم و هەزاران کورد لە سێدارەدراون. هێشتا ئازاری ئەو تراژیدیا و زیانە دەروونییە قورسانە نوێن و ساڕێژ نەبوون. ئێستاش لە کوردستانی ئێران گەنجان و ژنانی کورد لەسێدارە دەدرێن. لە دژی ئەو کردارە نامرۆڤانەیە، کە وەک رووڕەشیی جێی خۆی لە ناو مێژوودا کردووەتەوە، دەبێت ئێمە دەنگی خۆمان هەڵبڕین. ئەوەش روونە، کە سزای لەسێدارەدان نابێتە چارەسەر و ئێمە لەو بڕوایەداین، کە دەبێت مرۆڤەکان نەکوژرێن و سزای لەسێدارەدانیش لە یاساکاندا نەمێنێت.
کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوە لە دژی لەسێدارەدان
لەبەر ئەوەش بۆ ئەوەى سزای لەسێدارەدانی عەبدولڕەحمان ئەر و مەزڵوم داغ جێبەجێ نەکرێت ئێمە پشتیوانی لە بنەماڵەکان دەکەین. لەو چوارچێوەیەدایە وەک هەنگاوی یەکەم ئێمە لەگەڵ بنەماڵەکاندا "دەستپێشخەریی پشتیوانیکردن لە عەبدولڕەحمان ئەر و مەزڵوم داغ لە دژی لەسێدارەدان" دروستکردووە. بە ناوی دەستپێشخەرییەکەوە ئێمە لە دژی سزای لەسێدارەدان دەستمان بە کەمپیەنێک کردووە. ئێمە داوا لە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، دیموکراتەکان، مافناسان، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و هەموو کەسێکی پەیوەندیدار دەکەین، کە لە دژی لەسێدارەدان پشتیوانی لە تێکۆشانەکەمان بکەن.
لەو چوارچێوەیەدا ئێمە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین واژۆی لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانەکان نەکات و رێگری لەو سزایە بکات. ئێوە دەتوانن رێگری لەو سزایە بکەن. تەنها لەو بوارەدا هەنگاوێکی نوێ هەڵگرن و ئیمزای خۆتان نەخەنە سەر ئەو بڕیارە قورسە و ئێوە بەو شێوەیە دەتوانن رێگری لە دۆخێک بکەن، کە راستکردنەوەى شتێکی ئەستەم نییە. هەم لەبەر هۆکاری مرۆڤی و هەمیش بەهۆی هەلومەرجی ئەم قۆناغەوە کە ئێمەی تیادایە، ئێمە لەو بڕوایەداین، ئێوە بەپێی بەرپرسیاریی مێژوویتان رێگا بەو زوڵمە نادەن".
ژ.ت