بانگەوازێک لە پەکەکە بۆ یەکێتی

پەکەکە بۆ یەكێتی: بڕوا و چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە قیرانەکانی یەكێتی لە رێگەی ئەو میكانیزمی خاوەن بڕیارانەی كە لە كۆنگرەدا هەڵبژێردراون و لەسەر بنەمای پەێرەو و یاسای نێوخۆیی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی چارەسەر ببێت.

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەربارەی ئەو ئاڵۆزیانەی دوای لە نێوان یەكێتی نیشتیمانی کوردستان دروستبوە بانگەوازێک ئاراستەی ئەو حزبەی دەکات و لە بەشێکی بانگەوازەکە دەڵێت:" بڕوا و چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە كە ئەم قەیرانە لە رێگەی ئەو میكانیزمە خاوەن بڕیارانەی كە لە كۆنگرەدا هەڵبژێردراون و هەروەها لەسەر بنەمای پەێرەو و یاسای نێوخۆیی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی چارەسەر ببێت."

دەقی بانگەوازەکەی پەکەکە بەم شێوەییە

بانگەوازی بۆ ئۆرگانەكانی خاوەن بڕیار لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان

لەم رۆژانەی دواییدا قەیرانی بەڕێوەبەرایەتی لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان دا هاتۆتە ئاراوە و وادیارە هەركو دەچێت زۆتر تەشەنە دەكات. بڕوا و چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە كە ئەم قەیرانە لە رێگەی ئەو میكانیزمە خاوەن بڕیارانەی كە لە كۆنگرەدا هەڵبژێردراون و هەروەها لەسەر بنەمای پەێرەو و یاسای نێوخۆیی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی چارەسەر ببێت.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو حزبێك كە بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی دایمەزراندووە هەم لە بواری خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەم لە بواری دیموكراسی و  ماف و ئازادییەكاندا خاوەن هەڵوێستێكی گرنگ بووە. لە چاو كورد و دۆستانی كوردیشەوە،  یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێشتا هەر خاوەنی رۆڵ و میسیۆنێكی وەهایە. گرنگ ئەوەیە ئەو كێشانەی كە لەم رۆژانەی دواییدا هاتوونەتە ئاراوە، لەسەر بنەمای لێكتیگەیشتنی هاوبەش و دیالۆگ لە چوارچێوەی میكانیزمە خاوەن بڕیارەكانی حیزبدا چارەسەر بكرێن. یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەك تەنیا لە باشووری كوردستاندا، بەڵكۆ لە بەشەكانی دی كوردستان و لە هەر شوێنێك كە كوردی لێی دەژی خاوەن گرنگی، پێگە و نرخ و بەهای تایبەت بە خۆیە. هەروەها هەم لە خەباتی یەكێتی نەتەوەیی و هەم لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی كورد لە رێگەی دیموكراسیانە و دیالۆگەوە خاوەن رۆڵێكی دیاریكەرە. لەو بڕوایەداین كە وەكو وەڵامێك بۆ ئەم رۆڵ و چاوەڕوانییانە، بە بێ ئەوەی كە كاتەكە بەفیڕۆ بدرێت، كێشەكان قووڵتر نەبنەوە و هەرچی زووترە چارەسەر ببن.
بەلەبەر چاو گرتنی دۆخی هەرێمەكە ئەوەمان بە باشی بۆ رووندەبێتەوە كە دەرفەت هەم بۆ مایندەكردنی دەسكەوتەكانی گەلی كورد هەیە هەم مەترسی لەناوچوونیشیان لەئارادایە. لە قۆناخێكی وەهادا باشتر وایە كە كێشە ناوخۆییەكان بە بێ ئەوەی كە قووڵتر بكرێنەوە و لایەنەكان یەكدی تاوانبار بكەن و خەسار بە بەها دیموكراسییەكان بگات، لە رێگای ئۆرگانە خاوەن بڕیارەكانی حیزبەوە چارەسەر بكرێن. لە دۆخێكی پێچەوانەی ئەمەدا، ئەم كێشانە هەم كاریگەری نیگەتیف لەسەر YNK دادەنێن و هەم دبنە هۆی لاوازبوونی ئەو كار و پیلانانەی كە بۆ قوناخی داهاتوو  داڕێژراون. ئەمەش هەم زەرەر بە یەكێتی نیشتمانی دەگەیەنێت و هەم بە دۆزی ئازادی و دیموكراسی گەلی كوردستان.
 
ئێمە وەك پارتی كرێكارانی كوردستان  هەمیشە رۆڵ و كاریگەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانمان لە تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلی كورددا بە هەند وەرگرتووە و بە گرنگمان زانییوە. هەمیشە گرێدراوی ئەو هەستی دۆستایەتی و هاوڕێیەتییەی نێوان سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و رێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان بووین و بۆچوونی ئەوانمان بۆ چارەسەری كێشەكان لە رێگای لێكتێگەیشتنی هاوبەشەوە بە بنەما وەرگرتووە. لە قۆناخی داهاتووشدا بۆ ئەوەی كە رۆڵ و میسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كورستان لە سەر ئەم رێبازە بەڕێوەبچێت، چ ئەرك و بەرپرسیارێتییەك بكەوێتە سەر شانمان ئامادەین جێبەجێ بكەین. بە پێویستی دەزانین كە ئەم كێشانەی دوایی، بە بێ ئەوەی ببنە مایەی خۆشحاڵی نەیاران و دوژمنانی گەلی كورد و زەرەرمەندبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەر هەرچی زووترە چارەسەر بكرێن.
 
كۆمیتەی پەیوەندییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK

14ی تەمموزی 2021

ڕ.ح