ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال سەبارەت بە هەڕەشە و بانگەشەی هەندێ کەس لە باشووری کوردستان لەدژی کۆمەڵگای ئێزدی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ڕاگەیەندراوە، بەهۆی بانگەشە و قسەی هەڕەشەئامێزی بەشێک لە پیاوانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگای ئێزیدی لە عێراق ڕووبەڕووی مەترسی و ئاستەنگی بوونەتەوە، ئەم دۆخە نیگەرانی جددی لە سەر ئاسایش و ئارامی ئەوان دروست دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "مەبەست لەو تۆمەت و هێرشانە ئەوەیە کە ناوچەکە ئەمنیەتی نەمێنێت، شەڕ لە نێوان ئایین و نەتەوەکاندا سەرهەڵبدات، ئەمەش مەترسییەکی جددییە بۆ سەر ئارامی و پێکەوە ژیان لە عێراق."
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەو بانگەشەو هێرشانە قسەی سەرجەم کوردان نییە، بەڵکوو ئەوە پلانی لایەنگرانی توندڕەوە کە دەیانەوێت ناوچەکە تووشی نائارامی بکەن و ئەوەش باسکراوە کە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال بۆ پاراستنی کەمینە ئایینییەکان، بەتایبەتی ئێزیدییەکان لە عێراق، بۆ مسۆگەر کردنی مافی ئازادیی ئایینی و ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانەی مرۆڤایەتیە، هەروەها ئاماژەیە بۆ گرنگی هاوکاریی هەموو لایەنەکان.
خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال سەرنجی بۆ گوشار لەسەر ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا ڕاکێشا و ڕایگەیاند: "بەهۆی گەمارۆدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا، ئازارێکی زۆریان پێدەگات و بێ بەرگری دەمێننەوە لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێکی تیرۆریستاندا. لەم دۆخە سەختە مرۆییەدا پێویستە ئێزیدییەکان لە کەمپەکان بپارێزرێن و پێویستە حکومەتی عێراق بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال بە شێوەیەکی سەلامەت بە زووترین کات ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا، بەناوی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگالەوە، داوا لە حکومەتی عێراق کراوە کە کۆتایی بە قسەی ڕق و قین و هاندان بهێنێت، ڕێوشوێنی پێویست و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر و داوای لە هەموو لایەک کرد بەرپرسیارانە بەرامبەر بە دۆخەکە مامەڵە بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها داوا کراوە دەروازەی سنووری فیشخابور بکرێتەوە و ڕێگە بدرێت بە ئێزدییەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، جارێکی دیکە بانگەوازی ئاراستەی شەنگالیەکانی ناو کەمپەکانی باشووری کوردستان کراوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر خاک و ماڵی خۆیان و وتراوە: "لەو باوەڕەداین حکومەتی عێراق لە پاراستنی گەلی ئێزیدیمان لە کەمپەکان بەرپرسیارێتی خۆیان دەگرنە ئەستۆ و هەموو عێراقییەکان، بۆ نەهێشتنی ئەم ئاستەنگیانە و مسۆگەرکردنی ئاشتی و ئارامی لە عێراقدا ئەرکەکانیان بە جێدەگەیەنن."