بایک: ئەردۆغان بۆ راستکردنەوەى وێناکەى رۆیشت بۆ ئامەد - نوێکرایەوە -

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە ناوخۆ و دەرەوە زۆر ریسوا بووە و بۆ ئەوەى وێناکەى خۆی راست بکاتەوە رۆیشت بۆ ئامەد.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداری "بەرنامەى تایبەت"ی ستێرک تیڤی بوو و لەبارەی ساڵیادی چالاکیی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووز، شەهیدانی مانگی ئایار، ئامانجی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە سەردانەکەى بۆ ئامەد، ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوا، هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و بەرخودان لە دژی ئەو هێرشانە قسەى کرد.

بایک لە سەرەتای وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، مانگی تەممووز بۆ گەل و بزووتنەوەکەیان زۆر گرنگە و وتی، "هەم ئازاری زۆر گەورەی تیادا بوو و هەم دەستکەوتی گەورەی تیادا ئافرێنرا. هەڤاڵ وەدات ئایدن، بەرخودێرانی ١٤ی تەممووز، شەهیدانی رۆژئاوا، کە لەم مانگەدا گەیشتنە ئاستی شەهادەت. هەروەها کۆمەڵکوژیی زیلان لەم مانگەدا روویدا. لە کەسایەتیی شەهیدانی مانگی تەممووزدا یادی هەموو شەهیدانی دیموکراسی و ئازادی بە رێز و منەتەوە دەکەمەوە. ئەوە بۆ ئێمە بەهای گەورەیە. ئەم بزووتنەوە تا دوایی خاوەنداری لە شەهیدەکانی دەکات".

جەمیل بایک بە بۆنەى ٣٩هەمین ساڵیادی بەرخودانی گەورەی رۆژووی مردنی ١٤ی تەممووزی ١٩٨٢ رایگەیاند، "بە رێزەوە یادی شۆڕشگێڕانی ١٤ی تەممووز دەکەمەوە. ئەو بەرەنگار و خۆڕاگرانە پێشەنگی ئێمەن. ئێمە تێکۆشانی ئەوان بۆ خۆمان دەکەینە بنەما".

بایک وتی، "هەڤاڵ کەمال پیر، خەیری دورموش، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک بە چالاکیی خۆیان رێبەر ئاپۆ، پەکەکە، جەنگاوەربوونی حیزب و قارەمانیی گەلی کوردیان نیشانی دوژمن دا.

بەرخودانی ١٤ی تەممووز لە هەلومەرجێکی زۆر قورسدا لە دژی سیاسەتی ١٢ی ئەیلول سەریهەڵدا و ئەو سیاسەتەیان تێکشکاند. لەبەر ئەوەش وتیان، بەرخودان ژیانە. ئەوە سەرکەوتنی فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای پەکەکەیە. ئەوە رۆحێک و رێبازێکی ژیانە. دەبیت مرۆڤ ١٤ی تەممووز بەو شێوەیە سەیر بکات. ئەو رۆحە و ئەو تێکۆشانە کارەکتەری گەلی کورد و شۆڕشی کوردستان دیاری دەکەن.

'لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەرخودانێکی مێژووی بەڕێوەدەچێت'

بەرخودانی ١٤ی تەممووز نیشانیدا، کە دەبێت پێوانی تێکۆشان چۆن بێت. یانی وتیان، دەبێت شۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزی بەمشێوەیە بێت. ئەوەش بۆ گەلی کورد، جەنگاوەرانی پەکەکە، وڵاتپارێزان و شۆڕشی کوردستان بووە یاسایەک. شۆڕشی کوردستان لەسەر ئەو یاسایە بەردەوامە. ئێمە رۆحی ئەو تێکۆشانەمان وەرگرت و پێی سەرکەوتین و زیاتریش سەردەکەوین. ئەو رۆحە بۆ گەلی کورد و جەنگاوەرانی پەکەکە هەموو کات پێویستە. ئەمڕۆ لە زاپ، ئاڤاشین، حەفتانین، مەتینا، خواکورک، باکوور و چەندین ئەیالەتدا بە رۆحی بەرخودانی ١٤ی تەممووزەوە تێکۆشان بەڕێوەدەچێت.

گەریلاکان، کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەڕ دەکەن دەڵێن، 'ئێمە بە رۆحی بەرخودانی ١٤ی تەممووز تێدەکۆشین و بەرەنگارەی دەکەین'، چونکە بەرخودانی ١٤ی تەممووز لە ناو هەلومەرجێکی زۆر قورس و دژواردا بەڕێوەچوو. ئەمڕۆش هەڤاڵانمان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە ناو هەلومەرجێکی زۆر سەخت و دژواردا تێدەکۆشن و بەرەنگاری دەکەن. رەنگە هەندێک جیاوازییان لە یەکتر هەبێت، بەڵام لە زۆر رووەوە لە یەک دەچن. هەر چۆن بەرخودێرانی زیندانەکان لە دژی کودەتای ١٢ی ئەیلول سەرکەوتن، ئەمڕۆش لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە دژی هەموو جۆرە گەمارۆ، هێرش، سەختی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی گەریلا بە  شێوەیەکی مێژووی بەرەنگاری و بەرخودان دەکات.

ئەوە تەنها بۆ پەکەکە، یان بۆ گەلی کورد ناکەن، بەڵکو تێکۆشانە بۆ هەموو مرۆڤایەتی. لەبەر ئەوەش بەرخودانێکی زۆر شکۆمەندایە. بۆیە لە بەرخودانی ١٤ی تەممووز دەچیت و بەو بۆنەیەوە هەموو ئەو گەریلایانە پیرۆز دەکەم و سڵاویان لێدەکەم، کە لە مەتینا، زاپ، حەفتانین، ئاڤاشین و باکوور لە دژی پاکتاوکاری و داگیرکەری بە شێوەیەکی مێژوویی بەرخودان دەکەن".

جەمیل بایک باسی ئەوەیکرد، دەوڵەتی تورک بە چەکی ناتۆ هێرش دەکاتە سەر ئاڤاشین، حەفتانین، زاپ، مەتینا و هەموو ئەیالەتەکانی باکوور و چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت و وتی، "سەرباری ئەوەش پەدەکە ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ دەدات. خولوسی ئاکار ئەوەی دەوێت. هەڤاڵ موراد قەرەیلانیش ئەوەی ئاشکرا کرد. دەوڵەتی تورک، کە بە هەزاران سەرباز – چەتە و چەکی کیمیایی نەیتوانی ئەنجام بە دەست بهێنێت، داوای لە پەدەکە کرد خۆی بخاتە ناو شەڕەکە.

'ئێمە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دەهێنین و با هەموو کەس بڕوای بەوە هەبێت'

هەندێک هێزی تایبەتی پەدەکە، کە پێشمەرگە نین، چونکە پێشمەرگە بەشداری شەڕ نابێت. ئەو هێزە تایبەتانە ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ دەدەن. ئەو گەمارۆدانەش تەنها سوودی بۆ دەوڵەتی تورک هەیە. ئەگەر ئەو گەمارۆیە نەبێت دەوڵەتی تورک گورزی گەورەی لێدەدرێت و تێکدەشکێت. سەرباری ئەوەش ئێمە تێکۆشانەکەمان لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری گەورەتر دەکەین. ئێمە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دەهێنین. با هەموو کەس بڕوا بەوە بکات".

بایک ئاماژەی بەوەکرد، جگە لە چەکی کەسی شتێکی دیکە لە دەستی گەریلادا نییە و وتی، "گەریلا بەوە بەرامبەر بە تەکنیکی دەوڵەتی تورک دەوەستێتەوە و گورز لە داگیرکەر دەدات. رێگا نادات دوژمن بە ئاسانی باشوور داگیر بکات. یانی گەریلا نەک تەنها بۆ خۆی، بەڵکو بۆ باشوور، رۆژهەڵاتی ناوەڕتسی و هەموو مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت. هێرشێکی زۆر گەورەیە، بەڵام بەرخودان و تێکۆشانیش زۆر گەورەیە".

'پێوەری وڵاتپارێزی خاوەنداریکردنە لە گەل، وڵات و بەهاکانی وڵات'

لەو چوارچێوەیەدا جەمیل بایک سەرنجی خستەسەر پێوەرەکانی وڵاتپارێزی و وتی، "وڵاتپارێزی چیی لە مرۆڤ دەوێت؟ وەستانەوە لە دژی کۆمەڵکوژی و داگیرکەریی دەوێت. پێوەری وڵاتپارێزی خۆشەویستیی وڵات و گەلە. خاوەنداریکردنە لە بەها و نرخەکان. خاوەنداریکردنە لە سروشت، جۆگرافیا و جوانیی کوردستان. تاوەکو ئەوە نەکرێت باشە مرۆڤ دەتوانێت باسی وڵاتپارێزی بکات؟ ئێمە ئەمڕۆ دەبینین دەوڵەتى تورکی فاشیستی داگیرکەر لە هەموو پارچەکان دەیەوێت هەموو نرخەکان لە ناو ببات. ئەوە بە دزییەوە ناکات و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەیکات. لە دژی هەموو ئەوانە رێبەر ئاپۆ، گەلی کورد، گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. لە ناو دژواری و سەختیی زۆردا داستان تۆمار دەکەن. گەریلا تەنها گیانێکی هەیە و ئەو گیانەش فیدا دەکات. بۆ ئەم وڵاتە، بۆ ئەم گەلە قوربانی دەدات. ئێمە دەمانخواست ئەوانەى بەخۆیان دەڵێن، سۆسیالیست، لایەنگری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە پاڵ گەریلادا و لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بوەستنەوە.   

ئێمە چاوەڕێ بووین لە دژی دەوڵەتی تورکی فاشیست تێبکۆشن. هیوا و داوای ئێمە ئەوە بوو، بەڵام بە داخەوە ئێمە بینیمان، بە تایبەتی بەڕێوەبەریی پەدەکە لە بادینان لە دژی داگیرکەریی تورک لە پاڵ ئێمەدا نەوەستان. بۆ ئەوەیان نەکرد؟ رەنگە هۆکاری زۆر هەبن. ئێمە ئەوانە دەزانین. نامەوێت بە دوور و درێژی باسی بکەم. مادام لەگەڵ ئێمە بەرامبەر بە داگیرکەری تورک نەوەستانەوە، هەر هیچ نەبوایە دەبوو رەوایی بە داگیرکەریی تورکیایان نەدایە. دەیانتوانی ئەوە بکەن. هەموو کەس چاەوڕێ بوو. هەموو کەس دەیخواست پەدەکە بەرامبەر بە داگیرکەری بوەستێتەوە. بەڵام بە داخەوە لە کردەوە چی بینرا؟ هەم لە راگەیاندنەکانیان و هەم بەڕێوەبەرەکانیان قسەیان کرد، نەک تەنها قسەکردن و لێدوان، بەڵکو هەندێک هێزی سەر بە پەدەکە، پەیوەندییان بە پێشمەرگەوە نییە و بۆ پارە کار دەکەن، هەوڵیاندا گەریلا گەمارۆ بدەن. زۆر زیادەڕۆی دەکەن. دەیانەوێت گەریلا تەنگاو بکەن. لە هەوڵێکی وەهادان. هەوڵ دەدەن پەیوەندیی لە نێوان ناوچەکانی گەریلادا بپچڕێنن و بەو شێوەیە جموجوڵی گەریلا عاسێ بکەن. دەیانەوێت رێگری لە دابینکردنی پێداویستییەکانی گەریلا بگرن. لە هەموو ئەو رێگایانەوە دەیانەوێت خزمەت بە دەوڵەتە داگیرکەرەکان بکەن. داوای ئێمە لەوان ئەوە بوو، ئەگەر لە پاڵ ئێمەشدا نان هەر هیچ نەبێت بۆ ئێمە نەبنە رێگر و ئاستەنگ. ئەو کارانەیان لە لای دۆستانی کورد، هونەرمەندانی کورد و هەندێک لایەن بووە هۆکاری نیگەرانی. لەبەر ئەوەش ژمارەیەکی زۆر لە  دۆستانی گەلی کورد، هونەرمەندانی کورد،  سیاسەتمەداران و هەندێک رێکخراو رایانگەیاند، ئەوە قبوڵ ناکەن. لە بەرامبەریدا وەستانەوە و چالاکییان ئەنجامدا. بۆ نمونە بە ناوی دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستان کارێکی زۆر گرنگ ئەنجامدرا و ئەو کارە خزمەتی زۆر گەورەی بە گەلی کورد کرد. بەو بۆنەیەوە سڵاو و رێزی خۆم پێشکەشی هەموو ئەو کەسانە دەکەم، کە رەنجیاندا و ئەو کارەیان کرد".  

جەمیل بایک رایگەیاند، لە ئێستا بە دواوە دەبێت کارێکی بەهێز بەڕێوەبچێت، کە کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر گەریلا بهێنرێت و وتی، "لەم کاتەدا لە نێوان پەکەکە و پەدەکە دا شەڕ نییە. لەم قۆناغەدا لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا شەڕ هەیە. ئەو شەڕە شەڕی نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورکی فاشیستە. بێگومان ئامانجی هونەرمەندان، دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستان و هەندێک لە سیاسەتمەداران وەستانەوە بوو لە دژی داگیرکەری. بۆیە جارێکیتر پیرۆزیان دەکەم و رێزی خۆمیان پیشکەش دەکەم".

بایک رایگەیاند، دەبێت مرۆڤ هەموو شتێک لە ناو ریزەکانی وڵاتپارێزدا یەکبخرێت و لە دژی داگیرکەری بەرەیەک دروست بکەن و وتی، "دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ تێکشکاندنی گەمارۆی سەر گەریلا. گەریلا بۆ گەلی کورد تێکۆشانێکی شکۆمەندانە بەڕێوەدەبات و داستان تۆمار دەکات. بۆیە دەبێت هەموو کەس لە پاڵ گەریلادا بێت و پشتیوانی لە گەریلا بکەن".

مادام کاک مەسعود لەسەر بەڵێنەکەیەتی، پێویستە جێبەجێی بکات'

جەمیل بایک وتی، "هەندێک کەس لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی کۆبونەتەوە و بەڕێز بارزانی بەوانی راگەیاندووە کە لەسەر بەڵێنەکەیەتی. ئەمەیان بە من وت. ئەگەر بەم شێوەیە بێت، گرنگە، هێژایە. واتە ئێمەش خۆشحاڵین. ئێمە دەمانەوێت ئەوە جێبەجێ بکرێت. ئەو قسەیە بۆ ئێمە هێژا بوو و لە ئێستادا هێژاتر بوو. با هەموو کەسێک بزانێت. ئێمە راگەیەنراو و داواکاری دەستپێشخەری پاراستنی کوردستان، هونەرمەند و زۆر هێزی دیکەی هێژا بۆ خۆمان وەک بناغە دەبینین، وەک رێنمایی دەبینین. ئێمە بە ئاشکرایی و بە روونی دەڵێین کە هیچ نیەتێکمان بۆ شەڕی دژی پەدەکە نییە. مادام کاک مەسعود رایگەیاندووە کە لەسەر قسەی خۆیەتی، ئەو کاتە پێویستە جێبەجێی بکات. بەم شێوەیە هەموو گۆمانەکان دەڕەوێنەوە. ئێمە ئامادەین کە بەرپرسیاری سەر شانمان جێبەجێ بکەین. بروامان ئەوەیە کە بەردەوامی بە بەڵێنەکان بدەین و ئەو هەڵوێستە جێبەجێ بکرێت ناکۆکیەکان کۆتایی دێت. ئەوە ببێت هەموو کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر دەکرێن."

ئەردۆغان بۆ راستکردنەوەى وێناکەى رۆیشت بۆ ئامەد

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئاماژەی بە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورک بۆ ئامەد کرد و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، "ئەردۆغان هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە تەشهیر بووە. لەبەرئەوەش ویستی بچێتە ئامەد و وێناکەی راستبکاتەوە. بۆ ئەوەی سیاسەتی قێزەون و رەتکردنەوەی خۆی بەڕێوەببات، بەدوای زەمینێکی گونجاودا دەگەڕێت. هۆکاری چۆنی ئەردۆغان بۆ ئامەد بەم شێوەیەیە: پێویستە کەس بڕوا بە قسەکانی نەکات. لەبەرئەوەی ئەردۆغان دەسەڵاتی خۆی تاوەکو ئێستا بە سیاسەتی هەڵخەڵەتاندن و درۆ بەڕێوەبردووە. ئیدی هەموو کەسێک ئەم راستیە دەبینێت. بە تایبەتی گەلی کورد ئەم بابەتەیان باش ناسیوە. بۆیەش ناتوانێت ئێدی کورد هەڵبخەڵەتێنێت. ئەگەری هەیە لە دەرەوەی کورد هەندێک کەس هەڵبخەڵەتێن. ئەردۆغان لەگەڵ سولەیمان سوۆیلۆ چوو بۆ ئامەد. سولەیمان سویلۆ دوژمنی کورد، بکوژی کوردە. کەسێکی وایە کە هەموو کاتێک کە قسە دەکات باسی کۆمەلکوژی کورد و زوڵمکردن لە کورد دەکات، کۆمەڵکوژیەکان بە خۆشحاڵیەوە باس دەکات. دەڵێت، بەردەوامی بە نەفرەت و کۆمەڵکوژیەکانی دەدات. ئەردۆغانیش هەمان شت دەڵێت."

بایک بەبیریهێنایەوە کە ئەردۆغان لەدژی هەدەپە هەندێک قسەی کرد و وتی، "بۆچی ئەو قسانەی کرد؟ لەبەرئەوەی لەدژی هەدەپەیە، بۆ داخستنی هەدەپە دەستیان بە قۆناغێک کرد. بێگۆمان دەزانن کە لەدوای دۆزی گرتن، ئەگەر هەدەپە دابخرێت، ناڕەزاییەکی گەورە دروست دەبێت. بۆ ئەوەی رێگری لە نارەزاییەکە بکرێت و خەڵکی ناڕەزایی کپ بکاتەوە، قسەیەکی بەم شێوەیەی کرد."

'ئەوانەی قڕکردنی کۆمەڵگای ئیزدی پەسەند دەکەن، پێویستە لەدژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش هەستنە سەرپێ'

جەمیل بایک لە بەردەوامی قسەکانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر شەنگالیش کرد.

بایک بەبیریهێنایەوە کە تاوەکو ئێستا ٧٣ فەرمان لەبەرانبەر کۆمەڵگای ئێزدی ئەنجامدراون، خەڵکی ئێزدی لەدژی فەرمانەکان دەیەوێت خۆی خۆی بەڕێوەببات و خۆی بپارێزێت.

بایک وتی، "کاتێک داعشی هێرشی کردە سەر ئیزدیەکان، هەموو کەسێک دەنگی خۆی بەرزکردەوە. ئیستا دەوڵەتی تورک هێرش دەکات، بەڵام هەموو کەسێک بێدەنگە. ئەمە دووروویەتی و بێئەخلاقیە."

بایک رایگەیاند کە دەولەتی تورک وەک داعش دەیەوێت کۆمەڵگای ئێزدی کۆمەڵکوژ بکات و وتی، "خەڵکی ئێزدی ئەم دۆخە دەبینێت و دەبێتە خاوەن توورەییەکی گەورە. دوو دەوڵەتی ئەوروپا، هۆڵەندا و بەلجیکا قبوڵیان کرد کە خەڵکی ئێزدی کۆمەڵکوژ کراون. ئەم بڕیارە گرنگ بوو. لەبەر ئەوەش سپاسی ئەوان دەکەین. ئەوەی ئەوان قڕکردن و کۆمەڵکوژکرانی ئێزدیەکانیان قبوڵ کردبێت، لەبەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش بوەستنەوە. کاتێک ئەمەیان کرد، ئەو کاتە بڕیارەکەیان واتادار دەبێت. واتە لەگەڵ پەسەندکردنی قڕکردن، بێدەنگی لەبەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی راست نییە. چاوەڕوانیمان ئەوەی کە بەپێی بڕیارەکە لەبەرانبەر هێرشەکانی تورکیش بوەستنەوە."

'لە هەموو لایەک زیاتر پێویستە عێراق نرخی کۆمەڵگای ئێزدی بزانێت'

بایک باسی ئەوەشی کرد کە لە هەموو لایەک زیاتر پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاری بخاتە ئەستۆی خۆی و وتی، "لە هەموو لایەک زیاتر پێویستە عێراق نرخی کۆمەڵگای ئێزدی بزانێت. ئەگەر حکومەتی عێراق مافە رەواکانی کۆمەڵگای ئێزدی قبوڵ بکات، ئەو کاتە بۆ عێراق هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت. لە جیهان وێناکەی بەهێز دەبێت. داواکاری و چاوەڕوانیمان بەم شێوەیەیە. بێگۆمان لێرەدا شتێکی زۆر گرنگ هەیە. ئاشكرا بوو کە ئەگەر خەڵکی ئێزدی بەم شێوەیە بە بەهێزی کار بکەن، زۆر وڵات دان بە قڕکردندا دەنێن . ئەگەر بە شێوەیەکی بەهێزتر کار بکەن، ئەو کاتە ئەنجامی گرنگتر بەدەست دەهێنن."

ساڵیادی شۆرشی رۆژئاوا

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەی ١٠مین ساڵیادی شۆرشی رۆژئاوا بەم شێوەیە قسەی کرد: "لە سەراتدا هەموو کەسێک کە لە رۆژی سەرەتاوە شوێنی خۆی لەناو تێکۆشاندا گرتووە، سڵاوی خۆمیان پێشکەش دەکەن و پیرۆزباییان لێدەکەن. لە شۆرشدا شەهیدێکی زۆر درا. بەڕێزەوە یادیان دەکەمەوە. لە قۆناغی شۆرشدا زۆر بریندارماندا، هیوای باشبوونیان بۆ دەخوازم. شۆڕشی رۆژئاوا بە راستی شۆڕشێکی گەورە و گرنگ بوو. ئەم شۆڕشە لەسەر ئایدۆلۆژی و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دروست بوو. خەڵکی رۆژئاوا ئەم شۆڕشەکاین لەسەر ئەم بناغەیە ئەنجامدا. ئەگەر ئەم شۆرش توانیویەتی لەسەرپێ بمێنێتەوە، لەبەرئەم هۆکارەیە. لەناو قۆناغی شۆڕشدا لە ناوخۆ و دەرەوەدا زۆر هێرش دروست بوون.

ئامانجیان کۆتاییهێنان بە شۆرش بوو. بەڵام نەیانتوانی ئەمە بکەن. ئەگەر شۆرش سەرکەوتبێت، هۆکارەکەی هێڵی رێبەر ئاپۆیە. گەلی رۆژئاوا لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ، لەسەر ناسنامەیان خۆیان بەڕێکخستن کرد. هەموو کەسێک بە ناسنامە و زمانی خۆیان بە شێوەی خۆیان بەشدارین لە شۆرشدا کرد. لەبەرئەوەش پشتگیری، برایەتی و یەکگرتن دروست بوو. ئەم دۆخە بۆ سوریا، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و بۆ گەلانی جیهان بووە مۆدێلێک. بۆ هەموو کەسێک بووە هیوایە. بۆیەش زۆر هێز و لایەن خاوەنداریان لە شۆرشی رۆژئاوا کرد. دژبەرانی دەسەڵات، لایەنگرانی دیموکراسی، سۆسیالیست، ژنان و گەنجان هەموو کەسێک بینی کە ئەم شۆرش نمونەیە."

'گەمارۆی سەر مەخمور شەرمێکی گەورەیە، پێویستە بە زوترین کات هەڵبگیرێت'

لەبارەی گەمارۆی سەر کەمپی مەخمور کە ٣ رۆژە بەردەوامە، بایک وتی، "گەمارۆی سەر مەخمور بەردەوامە. بە راستی شەرمێکی گەورەیە. ئەوانەی گەمارۆیان خستووەتە سەر کەمپی مەخمور پێویستە بە زوترین کات کۆتایی پێبهێنن. لەبەرئەوەی هیچ سوودێک بە ئەوان ناگەیەنێت. لە هەمانکاتدا ئەم دۆخە بۆ خەڵکی مەخمور زوڵمێکی گەورەیە. خەڵکی مەخمور بەهۆی داگیرکەری و قڕکردن خەباتی کردووە و تێکۆشانی کردووە. زۆر وڵاتپارێز و بە شەرەفن. لەبەرئەوەی سەریان لەبەر زوڵم دانەنەواندووە و لەوێ جێگیر بوون. گەمارۆی سەریان شەرمێکی گەورەیە. پێویستە بە زوترین کات هەڵبگیرێت."

ژ.ت / ف.ق