بایندر: بە بێ بەشداری ئۆجالان هیچ پرۆسەیەک ئەنجامی دروستی لێناکەوێتەوە

هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە کەسکین بایندر وتی، "ئەگەر ئیمراڵی بە بنەما و بەردەنگ نەگرین، کەواتە کوێ بە بەردەنگ بگرین؟ تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بە بەڕێز ئۆجالانەوە دەستیپێکردووە و بەویشەوە دەگاتە سەرکەوتن".

رێکخستنی وانی پارتی هەڕێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) حەوتەم کۆنگرەی ئاسایی خۆی سازکرد. کۆنگرەکە لە هۆڵێکی ئاهەنگی شارەکە بەسترا. هۆڵەکە پڕببوو لە جەماوەر و هاووڵاتیان بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشدارییان کردبوو. لە هۆڵەکەدا چەند پلاکاردێک هەڵواسرابوون کە لە سەریان نوسرابوو "بە گەنجی دەستمان پێکرد، بە گەنجیش سەردەکەوین"، "لە دژی گۆشەگیری پەرە بە بەرخودان دەدەین و زیندانەکان ئازاد دەکەین"، "لە ١٩٢٥ەوە تا ١٩٩٩ سەرمان نەوی نەکرد و لەئێستاشدا نەوی ناکەین".  

هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە کەسکین بایندر، پەرلەمانتارانی بازنەی وانی دەم پارتی، هاوسەرۆکانی شارەوانی وان، دایکانی ئاشتی، چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان و بە سەدان هاووڵاتی بەشداری کۆنگرەکە بوون.

بە خولەکێک بە بێدەنگی وەستان رێز لەو کەسانەگیرا کە لە تێکۆشانی ئازادیدا ژیانیان بەخت کردووە و سرودی "چەرخی شۆڕش" وترایەوە و دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" وترایەوە.

هاوسەرۆکی دەبەپەی وان هارون ئۆکای وتەیسەرەتای پێسکەش کرد و وتی، "وان لە کوردستان مێژووی نوسیەوە. وان دڵی کوردستانە. دڵی وان هەموو کات بۆ کوردستان لێدەدات. داوا لە هەموو کوردێک دەکەین کە خاوەنداری لە ماڵەکەیان و پارتەکەیان بکەن".

دواتریش هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە کەسکین بایندر بە بەخێرهێنانی بەشداربووان دەستی بە وتەکانی کرد و وتی، "هەر جارێک دێمە وان جۆش و خرۆش و هەستی شانازی دامدەگرێت. پارتەکەمان دەبەپە خاوەنداری لە خاک، زمان، ناسنامە و کولتوری خۆی دەکات. هەربۆیە ئێمە لە رێگەی دەبەپەوە بەرەو سەرکەوتن دەچین. رۆژانە لە دژی ئێمە و بەهاکانمان هێرش ئەنجام دەدرێت، لە چوار بەشی کوردستان، تا ئەوروپا و چوار لای جیهان تێکۆشان و بەرخودانی کوردان شایەنی پیرۆزبایی و شانازییە. ناتوانن سەر بە گەلەکەمان نەوی بکەن و هەرگیزیش ناتوانن سەرمان پێدابنەوێنن".

بایندر ئاماژەی بەوەدا کە شەڕێکی سەخت لە ناوچەکەدا لە ئارادایە و وتی: "دەسەڵاتداران و دەوڵەت- نەتەوەکان لە هەر چوار لامانەوە شەڕیان دەستپێکردووە. گەلی کورد بەسەدان ساڵە بەرەنگاری ستەمکاری دەبێتەوە بەڵام بەرخۆدانی گەلی کورد بەرخۆدانی مرۆیی و کەرامەتە. بۆیە ئێمە دژی بێ شکۆکردن تێدەکۆشین و باجەکەی هەرچی بێت دەیدەین. گەلی کورد گەرەنتی مرۆڤایەتییە، تێکۆشانی ئێمە تێکۆشانی مرۆڤایەتی و هەموو مافەکانە. بەدڵنیاییەوە سەرکەوتن بەدەست دەهێنین. بەرخۆدانمان تا بەدەست هێنانی سەرکەوتنێکی شکۆمەند بەردەوام دەبێت. سەرکەوتنی گەلی کورد نزیک بۆتەوە، بەرخۆدانی گەلی کورد ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستان وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە دەدرەوشێتەوە، لە ئەنجامدا ئەم تێکۆشانە دەبێتە هۆی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لە میانەی قسەکانیدا بایندەر تیشکی خستە سەر ئامانجی تێکۆشانی کورد و وتی: "ئەمڕۆ هەموو جیهان باس لە کورد دەکەن، تێکۆشانی گەلی کورد تا بنیاتنانی کوردستانێکی ئازاد بەردەوام دەبێت. لە 1 ی تشرینی یەکەمەوە شتێکیان لە پێشمان داناوە، ئەوان باسی مەرحەبا و پرۆسەیەکی نوێ دەکەن. ئەوان دەیانەوێت عەقڵییەتی خۆیان بە سەرماندا بسەپێنن. هەڵوێست و هێڵی گەلی کورد زۆر ڕوونە، تێکۆشان تا ئازادی و هەبوونی گەلی کورد، ئازادی زمان و مافەکانمان، پەروەردە و دەستووری دێموکراتیک و ستاتۆی کوردستان بەدی دێت تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت. ئەگەر ڕوومان لە ئیمرالی نەکەین  و بە بەردەنگی دانەنێین کەواتە ڕوو لە کوێ بکەین؟ تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کورد بە بەڕێز ئۆجالانەوە دەستی پێدەکات و هەتا وەک ئاکتۆرێکی سەرەکی ڕەوڵ نەگێڕێت هیچ پرۆسەیەک ناگاتە ئەنجام.

بایندر ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ دەستووری دێموکراتیک و ستاتۆی کوردستان لە گەڵ بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوە بکرێت و وتی: " ئێمە گوتمان و دەڵێین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان موخاتەب و بەردەنگی سەرەکی چارەسەری دێموکراسی بۆ پرسی کوردە و بەبێ بەڕێز ئۆجالان چارەسەری ئەستەمە."

بایندر لە کۆتاییدا تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی گشتی لە باشوری کوردستان و بانگەوازی کرد: "داوا لە گەلی باشوری کوردستان دەکەین دژی داگیرکاریی کوردستان و تیرۆرکردنی وڵاتپارێزانی کورد دەنگیان بەکار بێنن."

دوای وتارەکەی بایندر ڕاپۆرتی کار و دارایی خوێندرایەوە و دواتر گۆنول ئۆزونای وەک بەڕێوەبەری نوێ دەبەپە بۆ وان دیاری کرا.

کۆنگرەکە بە چەپڵە لێدان و دروشم وتنەوە کۆتایی پێهات.