بەڵگەی نوێ لە سەر ساختەکاری؛ پسوڵەی دەنگدانی مۆرکراوی پێشوەختە لە بەرژەوەندی ئاکەپە

تادێت لایەنی جیاجیای ساختەکاری ئاکەپە لە هەڵبژاردنی خۆجێی لە شارەکانی باکووری کوردستان زیاتر ئاشکرا دەبن و بە پێی گرتەیەک، ژمارەیەک پسوڵەی ئامادەکراو، کە لە بەرژەوەندی ئاکەپە مۆرکراون، بەدی دەکرێن.

لە ناوچەی خەلفەتی سەر بە شاری رحا دەیان پسوڵەی دەنگ دۆزرانەوە کە پێش ئەوەی بخرێنە سندووقەوە لە بەرژەوەندی ئاکەپە مۆرکراون.

لەلایەکی دیکەوە، دەرکەوت کە لە وێستگەی ژمارە ١٠٤٢ لە خوێندنگەی ئەتاتورک لە قەرس لە کۆی ١٢٠ دەنگدەر کە مافی دەنگدانیان لەو وێستگەیە هەیە تەنیا یەک کەسیان خەڵکی قەرسە و ئەوانی دیکە دەنگدەری هاوردەن کە لەلایەن دەسەڵاتەوە تۆماری دەنگدانیان گواستراوەتەوە بۆ شارەکە.

ناڕەزایەتی گەل بەرامبەر دەنگدەرانی هاوردە: ئێوە بێ شکۆ و دزن

یەکێک لەو شارانەی زۆرترین ژمارەی دەنگدەری ساختە و هاوردەی بۆ گواستراوەتەوە، شڕنەخە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی ئاکەپە-مەهەپە بشکێتەوە.

لەبەرامبەر ئەو ساختەکارییەی دەسەڵاتدا گەل لە بنکەکانی دەنگدان ناڕەزایەتی توندیان دەربڕی و لە یەکێک لە بنکەکان روو لەو دەنگدەرە ساختە و هاوردانەی ئاکەپە-مەهەپە رایانگەیاند: "ئێوە بۆ جارێک هێنراونەتە ئێرە. شەرم لە خۆتان بکەن. قسە بکەن تا بزانین خەڵکی کوێن؟ ئێوە کۆیلەن، کۆیلەی بێ شکۆ و دزن".

هـ . ب