ئاکەپەییەک دانی بەوەدا نا کە ١١ دەنگی داوە

لە ناوچەی وێرانشاری رحا لایەنگرێکی ئاکەپە دانی بەوەدا نا کە ١١ جار لە سەر یەک دەنگیداوە.

ساختەکارییەکانی ئاکەپە لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجام دەدرێن و جگە لەبەکارهێنانی پۆلیس و سەرباز، دەنگدەری هاوردە، کرینی دەنگ و گوشار بۆ سەر دەنگدەران، دەنگدانی بەکۆمەڵ و نانەوەی پشێوی لە وێستگەکانی دەنگدان، لە هەندێک شوێن لایەنگرانی چەندین جار لە سەر یەک دەنگ دەدەن.

لایەنگرێکی ئاکەپە بە ناوی سەعید گونایدن لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئاشکرای کرد کە لە وێستگەی خوێندنگەی سەرەتایی لە گەڕەکی گۆزلەکی وێرانشار ١١ دەنگی بە ئاکەپە داوە.

گونایدن لەگەڵ وێنەی پسوڵەی دەنگدانەکانی لە پەیامێکدا کە لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە بۆ چەند کەسێک ناردووە، نوسیویەتی: "دەنگەکان بۆ ئاکەپەن، کوردینە بڕوانن ١١ دەنگم داوە". یەکێک لەوانەی کە پەیامەکەی بەدەست گەیشتووە پێیراگەیاندووە، کە سکاڵا دەکات، لەبەرامبەردا ئەو لایەنگرەی ئاکەپە هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، لە بەشێکی بەرچاوی وێستگەکان پۆلیس و سەربازەکان بە شێوەی بە کۆمەڵ دەجنە سندووقەکانی دەنگدان و ئەوەش پشێوی ساز دەکات و بە هەوڵێک بۆ ساختەکاری دادەنرێت.

لە بەرامبەر ئەو لێشاوە ساختەکاریەی ئاکەپەدا نوێنەران و چاودێرانی دەم پارتی لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان و تورکیا سکاڵایان لەلای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە.

هـ . ب