ئاکەپە بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستی بە ساختەکاری و گزی کردووە

پرۆسەی دونگدانی هەڵبژاردنی خۆجێیی بەردەوامە و لە سەرلەبەیانیەوە ئاکەپە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە زۆرینەی ناوچەکانی باکووری کوردستان دەستی بە ساختەکاری کردووە.

لە ناوچەی سەرێکانی رحا ئاشکرا بوو کە ئەو کەسانەی لە بەرامبەر پارە دەنگیان بە ئاکەپە داوە ناچارن کە وێنەی خۆیان بە پسۆڵەی دەنگدانەوە بگرن و بینێرنە گروپێکی واتس ئاپەوە کە بە ناوی "ئاتیلا ئۆجاغی" کراوەتەوە و ٢٩٦ کەس لەو گروپە ئەندامن.

دەم پارتی لەبارەی ئەو ساختەکاریەوە بە بەڵگەوە سکاڵای لەلای نوسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەکە تۆمار کردووە.

هاوکات لە بەشێکی زۆری شارەکانی باکووری کوردستان بەتایبەتی شڕنەخ بە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکان دەنگدەرانی ئاکەپە بە شێوەی بە کۆمەڵ دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هاوکات هەر لە شڕنەخ ئاشکرابوو کە سەدان سەرباز و پۆلیس کە لەناوچەکانی دەرەوەی شارەکە بە نایاسایی هێنراون وەک دەنگدەر ناویان تۆمار کراوە.

تەنیا لە خوێندنگەیەکی ئەو شارە لە کۆی ٢٧٥ دەنگدەر ١٧٥ کەسیان سەرباز و پۆلیسن کە تۆماری دەنگدانیان لە بنەڕەتدا لە ئیسپارتا، ئانتالیا و موغڵایە.

بە گوێرەی ئەو دیمەنانەشی بڵاوکراونەتەوە، لە ناوچەی کەربورانی مێردینیش ژمارەیەکی زۆر سەرباز و پۆلیس بە شێویەەکی بەکۆمەڵ چوونە ناو وێستگەی دەنگدان و بەشێوەی نایاسایی دەنگدەدەن و ساختەکاری دەکەن.

لەبەرامبەر ئەو ساختەکاری و گزییەکانی ئاکەپە، لە راگەیەندراوێکدا دەم پارتی داوای لە سەرجەم نوێنەران، چاودێرانی سەر سندوقەکان و بەڕێوەبەران و پەرلەمانتارانی کردووە، کە هەوڵەکانیان بۆ رێگری لە ساختەکاری و پاڕێزگاری لە سندووقەکانی دەنگدان بخەنە گەڕ و رایگەیاندووە: "رێگە بە ساختەکاری نادەین، چی دەکەن با بیکەن ناتوانن سەربکەون. داوا لە هەموو کەس دەکەین کە خاوەنداری لە ئیرادەیان بکەن و خاوەنداری لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن".

هـ . ب