بنەماڵەی شەنیاشار: تێکۆشانمان تاوەکو بەدیهێنانی دادپەرەوەری بەردەوام دەبێت

بنەماڵەی شەنیاشار وتیان: هەتا هەق، ماف و یاسا و دادپەروەری لەسەر ئەم خاکەدا نەچەسپێت لە تێکۆشانەکەیان بەردەوام دەبن و گەشەی پێدەدەین.

لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەى پرسوسی ڕحا دا هاوژینی دایە ئەمینە شەنیاشار و دوو کوڕی لەلایەن کەسوکار و پاسەوانانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپەوە کۆمەڵکوژکران. ئەمینە شەنیاشار لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە لە هێرشەکەدا بریندار ببوو، لە ٩ی ئازاری ٢٠٢١دا لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چلاکیی ئێشکگری بۆ هێنانەدیی دادپەروەری کردووە و چالاکییەکەیان لە ڕۆژی ٤٦٤دایە.

ئەمینە شەنیاشار بە هۆی نەخۆشییەوە چالاکییەکەى لە ماڵی خۆیان درێژە پێدەدات و فەرید شەنیاشاریش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ڕۆیشتە بەردەم دادگا و دەستی بە ئێشکگرییەکەى کرد. فەرید شەنیاشار لەگەڵ ئەو خەڵک و پارێزەرانەی، کە دەڕۆن بۆ دادگا قسە دەکات و بۆیان ڕوون دەکاتەوە، کە ئامانجی چالاکییەکەیان چییە.

بنەماڵەی شەنیاشار لەسەر ئەژماری میدیای دیجیتاڵی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە: "تێکۆشانمان تاوەکو بەدیهێنانی دادپەروەری، چەسپاندنی مافەکان و یاسا لەسەر ئەم خاکەدا بەردەوام دەبێت".

ژ.ت