بەسێ هۆزات: گەریلا سەنگەری باشووری کوردستانە -١-

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ کۆتایهێنان بە تێکۆشانی گەریلا و کۆتایهێنان بە کورد وا خۆی نیشان دەدات، کە باشووری قبوڵە و وتی، "گەریلا مسۆگەری و هێزی پاراستنی پێگە و قەوارەی باشوورە".

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، نابێت هیچ کوردێک، هیچ رێکخستنێکی کورد خۆی فریو بدات، دەبێت راستیی پاکتاوکەری فاشیستی دەوڵەتی تورک بە باشی بناسن و لێی تێبگەین. راشیگەیاند، "هەر کات گەریلا زیان و گورزی گەورەى بەربکەوێت ئەو کاتە تەمەنی پێگە و قەوارەی باشوور کۆتایی پێدێت. دەوڵەتی تورک لە دژی هەبوون و زمانی کوردانە و هێشتا پێگە و قەوارەی باشووری کوردستانی قبوڵ نەکردووە، تەنها بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە خۆی وا نیشان دەدات، کە قبوڵی دەکات".

هۆزات رایگەیاند، دەوڵەتى تورک بە هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان دوو ئامانجی بۆ خۆی داناوە و وتی، "دەیەوێت بزووتنەوەى ئازادی پاکتاو بکات و لەو رێگەیەوە بە ئاسانی بتوانێت کوردان پاکتاو بکات. سەرباری ئەوەش ئامانجی دووەمی ئەوەیە، هەموو باشووری کوردستان داگیر بکات و دەستی بە سەردا بگرێت".

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

- گۆشەگیریی قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلان بەردەوامیی هەیە. رێگا نادرێت پارێزەران و بنەماڵەکەى بیبینن. ئێوە لەبارەی گۆشەگیرییەوە چی دەڵێن؟

لە ئیمراڵی سیستمێکی ئەشکەنجە – گۆشەگیریی تایبەت لە دژی رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت، کە ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەری رێککەوتوون و دەوڵەتی تورکی فاشیستیش پاسەوانێتیی بۆ دەکات. چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد، سیاسەتی نکۆڵیکردن و لە ناوبردن لە چوارچێوەی سیستمی گۆشەگیری – ئەشکەنجە لە دژی رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت. لە چوارچێوەی سیاسەتی پاکتاوکردندا رێبەر ئاپۆ لە گۆشەگیریی رەهادایە. پەیوەندیی لەگەڵ گەل، رای گشتیی تورکیا و جیهان و بزووتنەوەکەیدا بە تەواوی پچڕێنراوە و هەوڵ دەدرێت بێکاریگەر بکرێت. رێگری لەوە دەکەن، بۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ بە کۆمەڵگە نەگات. سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست و کلکەکەى دەوڵەتی تورکی فاشیست، لە بیر و رامانی رێبەر ئاپۆ دەترسن و دەترسن ئەو بیر و رامانە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دروست بکات.

جەندرمەى مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست لە ناوچەکەدا دەوڵەتی تورکە، کە دوژمنایەتیی خۆی بۆ کوردان، مرۆڤایەتی لە سیستمی ئەشکەنجەى ئیمراڵیدا بە شێوەیەکی زۆر زاڵمانە و چەپەڵ بۆ هەمووان خستووەتەڕوو. سیستمی هەژمونگەرا و باڵادەستخوازی کاپیتالیست، کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دیزاین دەکاتەوە هەوڵ دەدات کاریگەریی رێبەر ئاپۆ لە ناو ببات و بزووتنەوەى ئازادی پاکتاو بکات. ئەو بەهایانە، کە بە تێکۆشانێکی گەورە و بێ هاوتا و بێ ئەمانی ٤٨ ساڵان بە پێشەنگایەتیی رێبەر ئاپۆ ئافرێنراون بخاتە خزمەتی خۆی. سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی بناغەی سیاسەت و ستراتیژیی ناوچەیی هێزە نێونەتەوەییەکانە، کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات. هەر چۆن بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دەستیان بە دەستێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کرد ئێستاش هەوڵ دەدەن بە پاکتاوکردنی رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەکەى و کۆمەڵگەى کوردی ئازاد، ئەو دەستێوەردانەیان بۆ داڕشتنەوە و دیزاینکردنە نوێیەکەیان سەربخەن.

 هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەشێکە لەو پلانە و وەک پلان و هەنگاوی دووەمی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بەڕێوەدەچێت. سیستمی گۆشەگیری – ئەشکەنجەی ئیمراڵی لە دۆخی ئێستادا بە تەواوی تورکیای گەمارۆداوە و خستوویەتییە ژێر دەسەڵاتی خۆی. ٢٢ ساڵە مافەکان و دادپەروەری لە ئیمراڵی جێبەجێ ناکرێن و ئیدی ئەوە بووەتە دۆخی راستیی هەموو تورکیا. بێ مافی و نادادی باڵادەست کراوە. فاشیزمێک، کە ٢٢ ساڵە لە ئیمراڵی کاری پێدەکرێت لە دەسەڵاتدایە و بە سەرتاسەری تورکیادا بڵاوبووەتەوە. سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی وەرچەرخاوە بۆ سیاسەتی پاکتاوکردنی کوردان، وەرچەرخاوە بۆ یاسای بەڕێوەبردنی فاشیزم لە تورکیا.

- بە بەرەنگاربوونەوە لە دژی گۆشەگیری دەتوانرێت کۆتایی بەو گوشار و زۆردارییە بهێنرێت؟

بێگومان. گەلانی تورکیا بە وەستانەوەیان لە دژی سیستمی ئەشکەنجە – گۆشەگیری لە ئیمراڵی دەتوانن لەو گوشار و زۆردارییەى فاشیزم رزگاریان ببێت. تاوەکو لە دژی سیستمی گۆشەگیری – ئەشکەنجەى ئیمراڵی نەوەستنەوە، لە تورکیا مافەکان، دادپەروەری، دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی بەدی نایەت. بۆیە دەبێت لە تورکیا رۆشنبیران، هونەرمەندان، بزووتنەوەکانی ژنان و گەنجان، هێزە دیموکراسییەکان لە دژی سیستمی ئەشکەنجە – گۆشەگیری لە ئیمراڵی تێبکۆشن و داوای ئازادیی رێبەر ئاپۆ بکەن. تاوەکو لە دژی گۆشەگیری نەوەستنەوە و بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەنەچێت ناتوانرێت تێکۆشانێکی ئازادی و هۆشمەندانەى دیموکراتیک بەڕێوەبچێت. پشتیوانیکردن لە ئازادیی رێبەر ئاپۆ مەرجی تێکۆشانە لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە. مەرجی خاوەنداریکردنە لە داهاتووی ئازاد بۆ تورکیا. خاوەنداریکردن و داوای ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ پێوەرەکانی دیموکراتیکبوون، یەکسیانی و ئازادیپارێزییە، پێوەری داکۆکیکردنە لە مافەکان و دادپەروەری. ئەوانەى بانگەشەی پاراستنی ئەو بەهایانە دەکەن، بەڵام لە دژی سیستمی ئەشکەنجە – گۆشەگیریی ئیمراڵی هیچ ناڵێن، بێگومان سوکترینەکان و دووڕوترینەکانن. ئەستەمە ئەو کەسانە بتوانن بە شێوەیەکی راست و یەکگرتوانە بۆ مافەکان، دادپەروەری، یەکسانی، ئازادی و دیموکراسی تێبکۆشن.

لە دژی سیستمی ئەشکەنجە – گۆشەگیریی ئیمراڵی ساڵەهای ساڵە تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت. گەلی کورد لەگەڵ دۆستەکانیدا بە شێوەیەکی بێ هاوتا بەرەنگاری دەکات. بێگومان ئەو بەرخودانە ئەنجامی گرنگیشی ئافراندووە. گەلەکەمان ٩ ساڵە لە ستراسبۆرگ "چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی ئۆجالان" بەڕێودەبات. ئەو چالاکییە نیشانەى دڵسۆزییە بۆ رێبەر ئاپۆ. لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆدا دڵسۆزییەکی گەورە بۆ ئازادیی کوردستان و دیموکراتیکبوونی تورکیا دەخرێتەڕوو. بەو بۆنەیەوە بە ڕێزەوە لە کەسایەتیی چالاکوانانی ستراسبۆرگ دا سڵاو لەو بەرخودانە گەورەیەی گەلەکەمان و دۆستەکانمان دەکەم. لە سایەی تێکۆشانی گەلەکەمان و دۆستەکانمان ئێمە ئەمڕۆ لە جیهاندا گەیشتووینەتە ئاستێکی گەورە بۆ پشتیوانیکردن لە رێبەر ئاپۆ. جگە لە کوردان ملیۆنەها مرۆڤ، سەندیکاکار، سەرۆک شارەوانییەکان، حیزبەکان، رێکخراوەکان، رۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان، ئەکادیمسیەنەکان و سیاسەتمەداران داوای ئازادیی رێبەر ئاپۆ دەکەن و کاری بۆ دەکەن و لەو پێناوەدا تێدەکۆشن. ئەوە دۆخێکی زۆر گرنگە. بە رێزەوە سڵاو لەو کەسانە دەکەین، کە ئەو کارە ئەنجام دەدەن. ئەوە کارێکی زۆر گرنگە، بەڵام سەرباری ئەوەش دەبێت تێکۆشان بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ لە هەموو شوێنێکدا بە شێوەیەکی یەکگرتوانە بەڕێوەبچێت. ئامانجمان ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆیە، بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە زۆر باشتر کار بکەین و تێبکۆشین. داوامان بۆ گەلەکەمان، دۆستانمان، ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان ئەوەیە، کە تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ گەورەتر بکەن و ئەنجام بەدەست بهێنن.    

"لە موسڵەوە تاوەکو کەرکوک دەیانەوێت هەموو باشووری کوردستان داگیر بکەن"

- گەرمترین رۆژەڤی کوردستان هێرشە داگیرکەرییەکانە بۆ سەر باشووری کوردستان. دەوڵەتی تورکی فاشیست لە ٢٣ی نیسانەوە دەستی بە ھێرشێکی بەرفراوانی داگیرکەری بۆ سەر ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین کردووە و گەریلاش بە بەرخودانێکی مێژوویی وەڵامی دەدەداتەوە. ئامانجی هێرشە داگیرکەرییەکان و ئەو ئاستەى ئێستا چۆن لێکدەدەنەوە؟

پێش هەموو شتێک لە کەسایەتیی شەهیدانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دا بە رێز و منەتەوە یادی هەموو شەهیدانی ئازادیی کوردستان دەکەمەوە. بەڕاستی هاوڕێیانمان لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین مێژووی بەرخودانێکی نوێ دەنووسنەوە. بە ئیرادەیەکی ئاوارتە و بێ هاوتا قارەمانێتی و پاڵەوانی تۆمار دەکەن. بێگومان نهێنیی ئەو ئیرادە و بڕوا بێ هاوتاییە عەشق و خۆشەویستیی گەورەیە بۆ وڵاتی ئازاد و کۆمەڵگەى ئازاد. ئەو بەرخودانە مێژووییە لە ئێستا بە دواوە بە پیتە زێڕینەکان لە مێژووی کوردستاندا و مرۆڤایەتیەدا تۆمار کراوە. گورزی گەورە لە دوژمن دراوە و دوژمن بۆ هەر شوێنێک هاتووە تیایدا چەقیوە و عاسێ بووە.

دەوڵەتی تورک هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان وەک بەشێک لە سیاسەتی پاکتاوکردن و داگیرکەری بەڕێوەدەبات. لەو هێرشە داگیرکەرییانەیدا دوو ئامانجی هەیە. یەکەم و سەرەکییەکەی، پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادییە. بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی خواستیان بزووتنەوەکەمان پاکتاو بکەن. کاتێک ئەوە بکەن دەتوانن کوردان زۆر بە ئاسانی پاکتاو بکەن. لەپاڵ ئەوەدا ئامانجی دووەمی، داگیرکردنی تەواوەتیی باشووری کوردستان و دەستگرتنە بەسەریدا. ئەگەر پەکەکە پاکتاو بکرێت، لەبەر ئەوەى هەبوونی (سوپای تورک و میت) لە باشووردا زۆر بەهێزە دەتوانن باشووری کوردستان بە تەواوەتی داگیر بکەن.

 دیکتاتۆری فاشیست ئەردۆغان لە لێدوانەکانیدا زۆر بە ئاشکرا باس لە ئامانجە داگیرکەرییەکانی دەکات. چیی دەوت؟ دەیوت 'رێککەوتننامەى لۆزان بۆ تورکیا سەرکەوتن نییە. موسڵ و کەرکوک هی تورکیایە. ئێمە لەکاتی گونجاودا دەستوەردان لە باکووری عێراق دەکەین، ئێمە هەڵەى گەورەمان کرد. ئێمە ئەو هەڵەیە لە باکووری سوریا دووبارە ناکەینەوە'. ئەوەى دەیوت، ئێستا ئەنجامی دەدات.

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست ئەوەى خۆیان پێی دەڵێن هەڵە، ئێستا دەیانەوێت بە هێرشە داگیرکەرییەکانیان راستی بکەنەوە و نەیهێڵن. دەیەوێت موسڵ تاوەکو کەرکوک داگیر بکات و لەو رێگەیەوە ئامانجەکەیان بۆ پاکتاوکردن جێبەجێ دەکەن. ساڵەهای ساڵە تورکمانە لایەنگرەکانی تورکیا لە موسڵ و کەرکوک رێکخستن دەکات و چەکیان پێدەدات. لە تەلەعەفەر رێکخستنی هاوشێوەی ئەوانەى کەرکوک دروست دەکات. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە بە هێرشە داگیرکەرییەکانی ئەوەى سەلماند، کە هەموو کات وەک ئامانجێکی نەتەوەیی کار بۆ میساقی میللی دەکەن. لەو رێگەیەوە لە دیزاینکردنەوە و داڕشتنەوەى ناوچەکەدا دەیانەوێت هەموو  دەستکەوتەکانی کوردان لە ناو ببەن. بۆ ئەوەش دەیانەوێت سەرەتا پەکەکە لە ناو ببەن، کە لە بەردەمیاندا بووەتە لەمپەر و ئاستەنگ.

گەریلاکانی ئازادی لە دژی داگیرکەری بەرخودانێکی بێ هاوتا بەڕێوەدەبەن. لە حەفتانین تاوەکو خواکورک بەرخودانی فیدایی بەڕێوەدەبەن. ئەو ناوچانە، کە دەوڵەتی تورک دەیخواست لە ماوەی هەفتەیەکدا داگیریان بکات، زیاتر لە ٢ مانگە شەڕێکی گەورە و بەرخودانێکی گەورەی تیادایە. سوپای تورک و چەتەکانی لە بەرامبەر بەرخودانی گەریلا تەنگاو بوون و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەیانەوێت خۆیان لەو تەنگاوییە رزگار بکەن.

بۆ رزگاربوون لەو تەنگاوییە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ش بەکار دەهێنن. پەدەکە هاوکات لەگەڵ هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی گەریلا، لە سنوورەکانی نێوان ناوچەکانی گەریلادا دەستی بە جێگیرکردنی هێزەکانی دەکات. هەوڵ دەدات وا لە گەریلا بکەن، کە نەتوانن جموجوڵ بکەن، نەتوانن سەرکەوتن بە دەست بهێنن. هەوڵ دەدات هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقیش بەشداری ئەو هێرشانە بکات. پەدەکە بە بەکارهێنانی هێزەکانی پاسەوانی سنوور هەوڵ دەدات ناڕەزایەتییەکانی سەر خۆی بخاتە سەر عێراق. دەیەوێت پەکەکە و عێراق، عێراق و دەوڵەتی تورک رووبەڕووی یەکتر بکاتەوە، عێراق بکاتە پارچەیەک لە هێرشەکان و گوشارەکانی رای گشتی بۆ سەر خۆی کەم بکاتەوە. لە هەمان کاتدا لە رێگەى کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەوە هەوڵ دەدات گەریلا ناچار بکات، کە شەڕ دژی پێشمەرگە بکەن، ناچاریان بکات کە بەشداری شەڕ ببن. دەوڵەتی تورک باش دەزانێت تاوەکو هێزە سەربازییەکانی پەدەکە و گەریلا رووبەڕووی یەکتر نەببنبەوە ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت، بۆیە هەوڵ دەدات پەدەکە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری شەڕ بکات.

ژ.ت

****