بەسێ هۆزات: گەریلا سەنگەری باشووری کوردستانە -٣-

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ کۆتایهێنان بە تێکۆشانی گەریلا و کۆتایهێنان بە کورد وا خۆی نیشان دەدات، کە باشووری قبوڵە و وتی، "گەریلا مسۆگەری و هێزی پاراستنی پێگە و قەوارەی باشوورە".

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، نابێت هیچ کوردێک، هیچ رێکخستنێکی کورد خۆی فریو بدات، دەبێت راستیی پاکتاوکەری فاشیستی دەوڵەتی تورک بە باشی بناسن و لێی تێبگەین. راشیگەیاند، "هەر کات گەریلا زیان و گورزی گەورەى بەربکەوێت ئەو کاتە تەمەنی پێگە و قەوارەی باشوور کۆتایی پێدێت. دەوڵەتی تورک لە دژی هەبوون و زمانی کوردانە و هێشتا پێگە و قەوارەی باشووری کوردستانی قبوڵ نەکردووە، تەنها بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە خۆی وا نیشان دەدات، کە قبوڵی دەکات".

هۆزات رایگەیاند، دەوڵەتى تورک بە هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان دوو ئامانجی بۆ خۆی داناوە و وتی، "دەیەوێت بزووتنەوەى ئازادی پاکتاو بکات و لەو رێگەیەوە بە ئاسانی بتوانێت کوردان پاکتاو بکات. سەرباری ئەوەش ئامانجی دووەمی ئەوەیە، هەموو باشووری کوردستان داگیر بکات و دەستی بە سەردا بگرێت".

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

'پەکەکە ٤٠ ساڵە لە باشووری کوردستاندایە'

- پەکەکە ساڵەهای ساڵە لە باشووری کوردستاندایە. باشە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەم سات و سەردەمەدا دەیەوێت پەکەکە لە باشووری کوردستان نەمێنێت؟

بەڵێ، پەکەکە ٤٠ ساڵە لە باشووری کوردستاندایە. هێشتا سەدام لە دەسەڵاتدا بوو، کە پەکەکە لەم ناوچانەدا خۆی جێگیر کرد. پێش ساڵی ٢٠٠٣ گەریلا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا بوون. لە ساڵی ١٩٨٢دا پرۆتۆکۆڵێک لەگەڵ پەدەکەدا ئیمزا کرابوو. ئەو پرۆتۆکۆڵە جوڵەى هاوبەشی لە دژی هێزە داگیرکەرەکان بۆ خۆی کردبوو بە بنەما. پەدەکە تاوەکو ئەمڕۆ بوونی پەکەکەى بۆ خۆی نەکردبووە کێشە، بەڵام باشە بۆ ئێستا بۆ خۆی کردووە بە کیشە؟ پەکەکە ساڵەهای ساڵە لەم ناوچانەدایە. دەوڵەتی تورک ساڵەهای ساڵ ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئەنجامدا، ژمارەیەکی زۆر گەریلا لەسەر ئەم خاکە شەهید بوون. هاوکات لەگەڵ خوێنی هەزارن شەهیدی گەریلا لەم ناوچانەدا، پەکەکە دەیان ساڵە وەک حیزبێکی کوردان لە باشووری کوردستاندایە. سەدان گەنجی باشووری کوردستان لە ناو ریزەکانی گەریلادا شەهید بوون و سەدانی تریش لە ناو ریزەکانی گەریلادان. کاتێک داعش هێرشی کرد، پەدەکە و گەریلا بوونە گەورەترین هێزەکانی پاراستن لە باشووری کوردستاندا. ئەوە راستیی پەکەکە و گەریلاکانە، دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان هێرشی پاکتاوکردنی لە هەموو لایەکەوە بەڕێوە دەبات، پەدەکە بۆ دەبێتە بەشێک لەو هێرشانە؟ دەبێت پەدەکە لەلای خۆیەوە لێکدانەوە بۆ ئەوە بکات. ئەوە داوای گەلی ئێمە لە پەدەکە.

پەدەکە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار بە داگیرکەر نازانێت. ئەو شوێنانەی داگیریکردوون بە شوێنی داگیرکراویان نازانێت، بەڵام بزووتنەوەیەک، کە هێزێکی کوردستانییە و تێکۆشانی ئازادی بۆ کوردان دەکات بە داگیرکەر دەزانێت. بۆ؟ چونکە پەکەکە پوەندییەکانی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک، کە هیچ پەیوەندییەکان بە دۆزی کوردەوە نییە ئاشکرا دەکات، ئەو سیاسەت و پەیوەندییە بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی نییە. پەکەکە کاتێک لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکات، گەل هۆشیار دەکاتەوە و رێگا بۆ ئەوە دەکاتەوە تاوەکو راستییەکان ئاشکرا ببن. مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە کاتێک وتی، شەڕی براکان حەرامە، پەکەکە و گەریلا لێرە بوون. چی بەسەر ئەو قسەیەدا هات، کە پەدەکە ئێستا دەیەوێت لە دژی پەکەکە شەڕ بکات؟ گەلەکەمان وەڵامی ئەو پرسیارانەى لە پەدەکە دەوێت. کاتێک دەوڵەتی تورک بە پەدەکەى وت، هەڵوێستی خۆت بەرامبەر بە پەکەکە روون بکەرەوە و لەگەڵ ئێمە لە دژی پەکەکە شەڕ بکە، دەبوایە پەدەکە لە بریی کارکردن بۆ رەوایدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بوونی بە بەشێک لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک، بیوتایە، سەرچاوەی هەموو کێشەکان بۆ چارەسەرنەکردنی کێشەى کورد دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئێوە دەتانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر ببن کێشەى کورد چارەسەر بکەن و لە رووی چارەسەریی دۆزی کوردانەوە رۆڵێکی لە ئەستۆ بگرتایە، دۆخی سیاسی لە ناو تورکیا و بۆچوونی گۆڕەپانی نێونەتەوەیی بەرامبەر بە تورکیا گۆڕانکاریی بەسەردا دەهات و لە تورکیا دۆزی کورد چارەسەر دەبوو. کاتێک تورکیا بیبینایە ئەوە هەڵوێستی هەموو کوردانە، یەکێتیی لە نێوان کورداندا هەبوایە و بیبینایە، کە سیاسەتی ئێستای هیچ ئەنجامێک بە دەست ناهێنێت، ئەوا خۆی لە چارەسەری دیموکراتیک نزیک دەکردەوە. ئەو کاتە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپیش داگیر نەدەکران. هەڵوێستی حیزبێکی کوردان لە دژی گوشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک دەبێت وەها بێت، کە پێی بڵێت، دۆزی کوردان لەسەر بنەمای دیموکراتیک چارەسەر بکە. یان نا، دەبێتە ئامڕاز و داردەستی سیاسەتی پاکتاوکردنی پەکەکە، بەڵام هیچ حیزبێکی کوردان ئەو مافەی نییە، کە هەڵوێستێکی وەها بگرێتە بەر، چونکە ئێستا دەوڵەتی تورک هەبوونی کوردان قبوڵ ناکات، زمان، کولتور و ناسنامەى لە ناو دەبات و دەیەوێت کوردان پاکتاو بکات.

'جێگای شانازی و سەربەرزییە گەلی کورد ئەو دۆستانەی هەیە'

 - کەسایەتییە ناودارەکانی گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد 'شاندی ئاشتییان' دروستکرد، بەڵام پەدەکە هێرشی کردە سەر ئەو شاندە. ئەو کەسانەى، کە بۆ ئاشتی کەوتبوونەڕێ لەلایەن پەدەکەوە رێگرییان لێکرا، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەو هێرش و رێگرییە سەلماندێکی روون و بەرچاوە بۆ ئەوەی، کە بڕیاری شەڕ لە دژی بزووتنەوەکەتان دراوە؟

کاتێک شاندی ئاشتی هات رووی راستەقینەی پەدەکە ئاشکرا بوو. پەدەکە نایەوێت پلانەکەى لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئاشکرا ببێت. دەیەوێت کوردان و دونیا فریو بدات. ئەو حیزبێکی کوردانە، بەڵام رەوایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار دەدات. شاندی ئاشتی نێونەتەوەیی لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک وەستابوونەوە و نەیاندەخواست لە نێوان پەدەکە و پەکەکەدا شەڕ رووبدات، بەڵام لە بەرامبەردا پەدەکە هەڵوێستێک نیشان دەدات، کە جارێکیتر دەیسەلمێنێت، کە بووەتە بەشێک لە پلانی داگیرکردن و پاکتاوکاری. دەبێت حیزبێکی کوردان زۆر دڵخۆش بێت بەوەى، کە گەلی کورد ئەو دۆستانەی هەیە و چالاکیی دیموکراتیکی لەو شێوەیە لە پێناو گەلی کورددا ئەنجام دەدەن.

وەک ئێوەش دەزانن شاندی ئاشتی دواتر خۆی بە ناوی 'دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستان' راگەیاند. ئەوە دەستپێشخەرییەکی زۆر بەهادارە. لە باشووری کوردستان خەباتی زۆر گرنگیان ئەنجامدا. لەگەڵ ژماریەکی زۆر لە کەسایەتییەکان و لایەنە مەدەنی و رێکخستنەکان دانیشتن، خواستیان لە نێوان کورداندا یەکێتییەکی دیموکراتیک پێکبێت و رۆڵیان هەبێت. سەربەرزییەکی گەورەیە، کە گەلی کورد دۆستانی وەهای هەیە. ئەو بەهایە، کە تێکۆشان ئافراندوێتی، بە ئەندازەی بەشێکە لە شۆڕش، بە تەنها بۆ خۆیشی شۆڕشێکە. لە گەشبوون و شۆڕشگێڕیی ئازادیی گەلی کورددا، ئەو گەشەسەندنە پشکێکی گرنگی دەبێت.

'سیاسەتی پراگماتیک و چەپەڵی ئەڵمانیا و ئەوروپا هاوبەشیکردنە لە پاکتاوکردنی کورداندا'

ئێمە بەها دەدەین بە خەباتی دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستان. ئەگەر پشتیوانیی وڵاتانی ئەوروپا نەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی درێژە بەو هێرشە پاکتاوکارییانە بدات. دیسانەوە ئەوە لە هەڵوێستی ئەڵمانیادا دەرکەوتەوە، کە پشتیوانی لە سیاسەتە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات. ئەو سیاستە چەپەڵ و پراگماتیکەى ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا بە مانای هاوبەشیکردنە لە تاوانەکانی پاکتاوکردنی کورداندا. گەلەکەمان بۆ بەرژەوەندییە چەپەڵ و باڵادەستخوازییەکانی ئەوروپا دەبنە قوربانی ئەوەش لە سەردەمی ئێمەدا راستییە زۆر مەترسیدارەکەیە. باڵادەستەکانی ئەوروپا، کە دەمامکی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤیان هەڵبەستووە، چەپەڵترین و دڕندانەترین روو و رووخساری مێژوون. ئەو ئێش و ئازارە، کە کاپیتالیزم تووشی مرۆڤەکانی دەکات رەنگە زۆرتر بەو راستییە و بەو دەمامک هەڵبەستنەی باڵادەستەکانی ئەوروپا روونتر وێنا بکرێت. تێکۆشان لە دژی ئەو سیاسەتە چەپەڵانە، شکۆمەندانەترین تێکۆشانە و بەهادارترینی سەردەمەکەمانە. دۆستەکانمان ئەو خەباتە هێژایە دەکەن و بۆی تێدەکۆشن. ئێمە هەموویان پیرۆز دەکەین و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

'هەموو حیزبەکان لە دژی پەدەکە و لە دژی شەڕن'

- دەبێت سیاسەتمەدارانی کورد و حیزبە سیاسیەکان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکان و هەوڵە مەترسیدارەکانی پەدەکەدا چۆن هەڵوێستێکیان هەبێت؟

 لەم قۆناغەدا ئێمە بووینە شاهیدی ئەوە، کە هەستیارییەکی گەورە لە ناو کۆمەڵگەى کورداندا هەیە. بە ڕاستیش لە ناو گەلەکەماندا هەستیاریی نەتەوەیی زۆر بەرەوپێش چووە و بیری سیاسیی زیاتر بووە. ئەو هەستیارییە لە هەر چوارپارچەى کوردستان هەیە. لە تێکۆشان بە پێشەنگایەتیی پەکەکەدا ئەو هەستیارییە دروستبووە. ئەوەش بۆ گەلی کورد دەستکەوتێکی گەورەیە. هەر خۆی هەموان بۆ کۆمەڵگەى کورد دەڵێن، سیاسیترین کۆمەڵگەى ناوچەکەیە. ئەوە بۆ گەلی کورد دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە. راستیش وەهایە. گەلەکەمان دوژمن باش دەناسێت. باش دەزانێت، کە شەڕ لە نێوان کورداندا سوودی بۆ دوژمن دەبێت و زیان بە گەلی کورد دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەش نایەوێت لە نێوان کورداندا شەڕ رووبدات و بە توندی لە دژی ئەوەیە. ئێمە بە ئاشکرا ئەوە لە باشووری کوردستان دەبینین. گەلی باشووری کوردستان لە دژی شەڕە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کورددا. جگە لە پەدەکە هەموو حیزب و رێکخستنەکان لە دژی شەڕی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردن. رووناکبیران، هونەرمەندان، رێکخراوە مەدەنییەکان و بە کورتی هەموو باشووری کوردستان جگە لە بەشێکی ئلیت و دەستەبژێری پەدەکە نەبێت، هەموویان لە دژی شەڕن. لەو بوارەدا هەندێک راگەیاندراوی بەڕێوەبەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) هەیە. رێکخستنەکانی تری دەرەوەی یەنەکەش لە بەرامبەر داگیرکەری و هەڵوێستی پەدەکە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ، هەندێک راگەیاندراویان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لە دژی شەڕن. ئەوانە گرنگن، بەڵام بەس نین. دەبێت هەڵوێست و ناڕەزایەتیی بەهێزتر هەبێت و بە ئاشکرا رابگەیەنرێت و کاری بۆ بکرێت.

گەلی باشوور لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکە، لە دژی ئەو تێکدەری و ئاژاوەگێڕییانەیە، کە پەدەکە دەیەوێت دەوری گەریلا بگرێت. بەڵام هێزە سیاسییەکانی باشوور نایانەوێت ئەو هەڵوێستەى گەل بە تەواوەتی و بە روونی بخرێتەڕوو. دەبێت حیزبەکانی باشوور لەسەر گەل گوشار دروست نەکەن و بۆ ئەوەى گەل کاردانەوەى خۆی بە شێوەی جەماوەری نیشان بدات، دەبێت گەل سەربەست بکرێت. ئەگەر لەسەر گەل گوشار دروست نەکەن ئەوا لە باشوور بە سەدان هەزار کەس داگیرکەریی دەوڵەتی تورک ئیدانە دەکەن. لە دژی هەنگاوەکانی پەدەکە، کە دەیەوێت دەوری گەریلا بگرێت ناڕەزایەتیی بەهێز نیشان دەدرێت. ئەو گوشارەی، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە رێکخستنەکانی باشووری کوردستانی دەکات دەبێتە ئەوە گوشارە، کە رێکخستنەکانی باشوور لەسەر گەل دەیکەن. ئەوە دۆخێکی باش نییە و تەنها سوودی بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەبێت. دەبێت رێکخستنەکانی باشوور دەست لەو هەڵوێستە هەڵگرن تاوەکو گەل ناڕەزایەتیی خۆی نیشان بدات و دەبێت گەل ئازاد بێت. دەبێت ئەوانیش بۆ خۆیان کۆبوونەوە و میتینگ بۆ ئیدانەکردنی داگیرکەری و رەواکردنی داگیرکەری لەلایەن پەدەکەوە، ئەنجام بدەن. ئەو دۆخە متمانە و بەهایەک بە هەموو رێکخستنەکان دەدات، نەک تەنها لە باشووری کوردستان لە هەر چوارپارچەى کوردستان دەبێتە هۆی سەربەرزی. هەڵوێست بۆ بەرژەوەندیی گەل، یەنەکە لە پێش هەموانەوە و هەموو رێکخستنەکانی تر و حیزبەکانی باشوور بەهێز دەکات. گەلەکەمان دڵخۆش بوو بە راگەیاندراوە ئەرێنییەکەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەنەکە. هەموو سیاسەتمەداران، کە هەڵوێستی نەتەوەیی نیشان دەدەن، لە هەر حیزبێک بن لە ناو گەلەکەماندا متمانە بە دەست دەهێنن، چونکە ئیدی لە کوردستان یاسای گەشەسەندنی پشتیوانیی گەل ئەوەیە، کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەر هەموو شتێکەوە بێت و لەو چوارچێوەیەدا سیاسەت بکات. هەر هێزێک ئەوە بکات هێزێکی بەهێز بە دەست دەهێنێت و دەچێتە ناو دڵی کوردانەوە. پەکەکە نوێنەرایەتیی بەرچاو و روونی ئەو راستییەیە.  

'ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی ئاسایی ناتوانێت ئەو هێرشانە تێکبشکێنێت'

 - دەبێت ژنان، رووناکبیران و هونەرمەندانی کورد لە دژی داگیرکەری چی بکەن؟  

دەبێت ژنانی کورد لە بەرامبەر داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و ئەو شەڕەدا، کە دەخوازرێت لە نێوان هێزە سەربازییەکانی پەدەکە و گەریلادا رووبدات، دەبێت لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتیی خۆیان بە شێوەیەکی بەهێز نیشان بدەن. ژنانی کورد رۆح و ورەی ئازادی و کردەی سەرەکیی شۆڕشی کوردستانن. تێکۆشانی ئازادیی ژنان لە ناو پیاوانی کورد و کۆمەڵگەدا گەشەسەندنێکی گەورەی دروستکردووە. لە ناو کۆمەڵگەى کوردستاندا ژنان پێگەیەکی بەهاداریان هەیە. نەک تەنها لە ناو کۆمەڵگەى کورداندا، بەڵکو لە دونیاشدا سەرسامن بە راستی و تێکۆشانی ژنانی کورد و قبوڵی دەکەن. کاتێک ژنان هەڵوێستی خۆیان بە شێوەیەکی رێکخستنکراو بخەنەڕوو چارەنووسی کوردستان و مێژووی کوردستان دەگۆڕێت. لەبەر ئەوەش دەبێت لە هەر چوارپارچەى کوردستان و لە دەرەوەی وڵات لە دژی فاشیزم، داگیرکەری و شەڕ لە نێوان کورداندا بە سەدان هەزار کەس بڕژێنە سەر شەقامەکان.

رووناکبیران و هونەرمەندانی کورد لەم ساڵانەى دوایدا بۆ یەکێتیی نەتەوەیی هەوڵێکی زۆر دەدەن. بە بەرپرسیاری و هەستیارییەوە نزیک دەبنەوە. لە کۆتایی مانگی حوزەیران دا شاندێکی هونەرمەندان هاتن بۆ باشوور و هەندێک چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و راگەیاندراویان بڵاوکردەوە. هەڵوێستەکەیان بەهادار و گرنگ بوو، بەڵام دەبێت ئەو هەستیارییە بەرەوپێش ببەن. ئێستا داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان زیاتر بووە. شوێنێک کە دەبێت ئێستا هونەرمەندانی کوردا چالاکییەکانی خۆیانی تیادا زیاتر بکەن باشووری کوردستانە. دەبێت بست بە بست بە باشووری کوردستان دا بگەڕێن و لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، کە پەدەکە دەیکات، پەیامی خۆیان بە هەمووان بدەن. دەبێت لەگەڵ هەموو رێکخراوەکان، دەزگاکان و رێکخستنەکان کۆببنەوە و هەڵوێستی خۆیانیان بۆ ئاشکرا بکەن و هێز بە یەکێتیی نەتەوەیی بدەن. بێگومان خواست بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و دژایەتیکردنی شەڕ بە تەنها بەش ناکات. دەبێت لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دژ بە یەکێتی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان حیزبە کوردییەکانیشدا هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن. هەڵوێستی پەدەکە لە ناو کۆمەڵگەى کورد، هونەرمەدان و رووناکبیران دا نیگەرانیی دروستکردووە. هونەرمەند بە مانای رۆح، ویژدان، یادگەى مێژوویی و کولتوری کۆمەڵگەیە. ئێستا لە بەرامبەر هەموو ئەو بەهایانەدا هێرشێکی پاکتاوکاری هەیە. لە بەرامبەر هونەر و هونەرمەدانیشدا هێرش هەیە. ناڕەزایەتی و ئیدانەکارییەکانی ئێستا بەشی تێکشکاندنی ئەو هێرشانە ناکات دەبێت مرۆڤ کاردانەوەى بەهێزی هەبێت. هەستیاریی هونەرمەندان زۆرە، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەیری قوڵایی پاکتاوکارییەکان و توندوتیژی و هێرشەکان دەکات، دەبێت هەستیاری و ناڕەزایەتی لە ئاستێکی ئەنجامیگردا بێت.

'دەبێت کۆنگرەی نەتەوەیی بە خێرای کۆببێتەوە'

- لەسەر بابەتی یەکێتیی نەتەوەیی بۆچوونی ئێوە چییە؟ بەڕاستی هەلومەرجی دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی نییە؟

 بابەتی هەلومەرج پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کە مرۆڤ لە چ روویەکەوە و چۆن سەیری بکات. بۆ شەرت و مەرج نەبن، بەڵام لە بەرامبەر  دەرفەت و مەترسیی شەڕی جیهانیی سێیەم، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامیی هەیە، دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی دەبێتە بەرپرسیارییەکی مێژوویی. لەبەر ئەوە بە تەواوی و رێک کاتی یەکێتیی دیموکراتیکی نەتەوەییە. رێبەر ئاپۆش بانگەوازی بۆ کردبوو. بەهۆی بارگرژییەکانی نێوان پەدەکە و پەکەکە خواستبوی پرۆتۆکۆڵی ساڵی ١٩٨٢ نوێ بکرێتەوە. لە دۆخی ئێستادا، کە دوژمنی سەرەکیی کوردان، واتە دەوڵەتى تورک هێرشێکی گشتی و هەمەلایەنە ئەنجام دەدات، دەیەوێت ئەو بەهایانە، کە کوردان بە قوربانیی زۆر قورس بەدەستیانهێناوە لە ناویان ببات. ئەوەى کە دەبێت بە خێرایی ئەنجام بدرێت خەباتی یەکێتیی نەتەوەییە. گەلی کورد بە زۆری بە هەڵوێستی خۆیان یەکێتیی نەتەوەییان سەلماندووە. ئەو هەڵوێستەى گەل پێویست دەکات، کە کۆنگرەى نەتەویی بە خێرایی کۆببێتەوە. ئەگەر کۆنگرەیەکی وەها هەبێت، ئەوا زۆرێک لە کێشەکانی نێوان حیزبە کوردییەکان چارەسەر دەبن. هەڵبەت پێش هەموو شتێک کۆنگرە دەبێت پەیوەندی و دیالۆگی دیموکراتیک لە ناو کورداندا دروست بکات. وەک ئەنجامی سروشتیی ئەوەش، هەموو حیزبە سیاسییەکانی کورد، شەڕی چەکداری لە ناو هێزە کوردییەکاندا رەتبکەنەوە. بۆ ئەوەى هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە فەرماندیی بەرگریی هاوبەش کۆببنەوە و کار بکەن، بە سەرنجدانە کارەکتەری ناوچەیی و نێونەتەوەیی بۆ کێشەى کورد ئۆرگانێک دابمەزرێت، کە بە ناوی کوردەوە دیپلۆماسی بکات. بێگومان دەبێت کۆنگرە نەک تەنها حیزبە سیاسییەکان، بەڵکو رای گشتیی کورد و ئەو رێکخراو و دەزگا دیموکراتیکانە، کە ئیرادەی گەل دەسەلمێنن لە خۆیدا بحەوێنێتەوە.  

بۆ دامەزراندنی کۆنگرە هەڵوێستی حیزبە کوردستانییەکان گرنگە. لەو روەوە دەبێت پەدەکەش لە پەیوەندی و رێککەوتنی سیاسیی و دیپلۆماتیک لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کورد خۆی بە دوور بگرێت. نابێت هیچ رێکخستنێکی کورد رەوایی بە هێرشی ئینکار و سڕینەوە و تواندنەوەى هێزە پاکتاوکارە داگیرکەرەکان بدات. نەبنە بەشێک لە هێرشەکان. دەبێت کێشەکانی نێوان رێکخستنەکانی کورد بە میکانیزمی هاوبەش و بە دیالۆگ و دانوستاندن چارەسەر بکرێن. رێکخستنەکانی کورد بەهۆی نزیکایەتیی دەوڵەتانی ناوچەکەوە، یان هێزە جیهانییەکانەوە خۆیان لە یەکێتیی نەتەوەیی و کۆنگرەی نەتەوەیی بە دوور دەگرن و بەهۆی کاریگەریی ئەو هێزانەوە لە بەرامبەر یەکتردا نابنە خاوەنی هەڵوێستێک. دەبێت بەرژەوەندیی گەل لەسەروی هەموو شتێک بزانن و بەو شێوەیە سیاسەت بکەن. نابێت یەکێتیی نەتەوەیی لە قۆرغ و بارمتەى حیزبێک یان دوو حیزبدا بێت. ئەگەر حیزبێک بەرەوە یەکێتیی نەتەوەیی نایەت دەبێت هەموو حیزبە سیاسییەکان، رێکخراوەکان و دەزگا دیموکراتیکەکان بێنە لای یەک و کۆنگرەى نەتەوەیی دروست بکەن. بواری ئەوە لە هەموو کات زیاترە. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە جارێکیتر بانگەواز بۆ یەکێتیی نەتەوەیی دەکەین. گەلەکەمان، رۆشنبیران و هونەرمەندانی کورد دەبێت بۆ یەکێتیی نەتەوەیی زیاتر خەبات بکەن، لە دژی ئەو عەقڵییەت و هەڵوێستە، کە لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەیی ئاستەنگە، دەبێت گوشاری رای گشتی دروست بکرێت.

ژ.ت

****