بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئێوارەی دوێنێ دووشەممە بەشداریی لە "بەرنامەى تایبەت"ی کەناڵی ئاسمانیی مەدیا خەبەر تیڤی کرد و شیکاریی بۆ زۆرێک لە بابەتەکان بە تایبەتی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان کرد.
هۆزات بە توندی رەخنەى لە سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) گرت و رایگەیاند، پێشمەرگە نایانەوێت بڕۆن بۆ گارە و هێزە تایبەتەکان دەنێرن و جێگیریان دەکەن. راشیگەیاند، "هێزەکانی زێرەڤانی هێزێکی تایبەتی سەر پارتین، سەر بە بنەماڵەى بارزانین". بەسێ هۆزات ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە سیاسەتە "مەترسیدارەکانی" پەدەکە نیشان دا و رایگەیاند، ئەو سیاسەتە زیان بە کوردان دەگەیەنێت. هۆزات وتی، "دەستکەوتەکان و دەرفەتەکانی پێگەى کورد بەهۆی پەدەکەوە کەوتوونەتە ناو مەترسیی گەورەوە و زیان بە کورد دەگەیەنن".
"هەوڵ دەدەن رژێمێکی نوێ بە سەنتزی تورک – ئیسلام دروست بکەن"
هۆزات لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەبارەى دۆخی باشووری کوردستانەوە ئەم شیکارییەى کرد:
"تورکیا شەڕی پاکتاوکردن و سڕینەوە بەڕێوەدەبات. دەبێت مرۆڤ ئەو دۆخە، کە ئێستا پەدەکە گرتویەتییە بەر لەو چوارچێوەیەدا لێکدانەوەى بۆ بکات. ئێمە پێشتریش گفتوگۆی زۆرمان کردبوو و لێکدانەوەمان بۆ کردبوو، تورکیا هەوڵ دەدات هەموو دەستکەوتەکانی کوردان لەناو ببات. هاوکات لەگەڵ پاکتاوکردنی کورددا هەوڵ دەدات رژێمێکی نوێ بە سەنتزی تورک – ئیسلام دروست بکات. ئەوە ئامانجیانە بۆ ساڵی ٢٠٢٣. لەگەڵ پاکتاوکردنی کورددا دەیانەوێت میساقی میللی پێکبهێنن، رژێمێکی نەژادپەرەست، نەتەوەپەرەست، ئایینپەرەست بە سەنتزی تورک – ئیسلام دروست بکەن و ئەوە ئامانجەکەیانە.
"دەیانەوێت باشووری کوردستان دەستبەسەر بکەن"
لەو چوارچێوەیەدا هێرشێکی داگیرکەری بۆ سەر باشووری کوردستان هەیە، ئیدی کارێکی وا دەکەن، کە سەدان هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لە دەست بدەن. یانی خۆی بە هەر شوێنێک بگەیەنێت بنکەیەکی سەربازیی تیادا دروست دەکات و هێزەکانی خۆی لەوێ زیاتر دەکات. هەنگاو بە هەنگاو دەیەوێت تاوەکو کەرکوک هەموو باشووری کوردستان داگیر بکات و بیخاتە سەر خۆی.
"هێرشەکان بە پشتیوانی و یارمەتیی پارتی ئەنجام دەدرێن"
لەو چوارچێوەیەدا دەبێت گفتوگۆ لەسەر رێککەوتن و پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەگەڵ هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە و ئەرگەنەکۆنی پاکتاوکەر، داگیرکەر و فاشیست بکرێت، چونکە ئەو هێرشانە هەر وەک ئەوەى ئێمە زۆر جار وتومانە، بە پشتیوانیی پارتی ئەنجام دەدرێن.
ئەوە کۆتایی بەوانیش (پەدەکەش) دەهێنێت. هەوڵ دەدرێت هەموو باشووری کوردستان داگیر بکرێت و بخرێتە سەر تورکیا. دەسەڵاتێکی بەو شێوە نەژادپەرەست، داگیرکەر و پاکتاوکەری ئاکەپە – مەهەپە ئێستا تورکیا بەڕێوەدەبات. باشە پەدەکە چی لەوە تێدەگات، بەڵێنی چییان پێدەدات و بەڵێنی چییان پێداوە، گرنگە ئەوە روون بێتەوە و تێگەیشتنی لێ دورست ببێت.
"یەنەکە لەو دۆخە دەترسێت، چونکە داگیرکەری هەیە"
لەم دواییەشدا یەکێتی راگەیاندراوی بڵاوکردەوە و سەعدی پیرەى بەرپرسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) رایگەیاند، "دەوڵەتی تورک بادینانی داگیرکردووە. ئێمە ئاگاداری رێککەوتنی نێوان پەدەکە و دەوڵەتى تورک نین. ئێمە نازانین پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئاکەپە – مەهەپە چ رێککەوتنێکی واژۆ کردووە".
یەکێتی لەو دۆخە دەترسێت، چونکە باشوور داگیر دەکرێت. ئەوە چ رێککەوتنێکە، ئێمەش ئاگاداری نیین. یەنەکە بە مەترسیداری دەزانێت. بەرپرسانی یەکێتی، گۆڕان، رێکخستنەکانی تر نیگەرانیی خۆیان دەخەنەڕوو و ئەوانیش پرسیار دەکەن.
"پێشمەرگە ناڕوات، بۆیە هێزی تایبەت دەبەن"
ئەو دەسەڵاتە فاشیستە، پاکتاوکەرە بەڵێنی چیی بە پەدەکە داوە. بۆ نمونە ئێستا لە گارە، ناتوانن پێشمەرگەی بۆ بنێرن، چونکە پێشمەرگە ناڕوات، پێشمەرگە ناڕوات بۆ ناوچەکانی پاراستنی مەدیا، نایانەوێت ببن بە بەشێک لەو داگیرکەری و ئەو هێرشە پاکتاوکارییانە. گەلی باشوور و پێشمەرگە نایانەوێت ببنە بەشێک لەوە، بۆیە هێزی زێرەڤانی دەبەن.
"لە زۆرێک لە شوێنەکانی گەریلادا هێزی تایبەتیان جێگیرکردووە"
هێزی تایبەت دەبەن. ئێستا لە زۆرێک لە شوێنەکانی گارە دا هێزەکانی زێرەڤانی جێگیرکراون. ئەو هێزانەى پێشمەرگە کە ماوەیەک لەوە پێش ناردبونیان بۆ ناوچەکانی پاراستنی مەدیا کشانەوە، لە بریی ئەوان هێزەکانی زێرەڤانی جێگیرکران. هێزەکانی زێرەڤانی هێزێکی تایبەتی سەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ن، سەر بە بنەماڵەى بارزانین. چونکە ئەوان دەزانن ناتوانن بە پێشمەرگە شەڕ بکەن. پێشمەرگە هەڵوێستی نیشاندا، هەروەها نزیکایەتیی رێکخستنەکانی تری باشووری کوردستان لە گۆڕێدایە. کەواتە بە ناوی پەدەکەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورک پلانێک بەڕێوەدەچێت. لەوناوچانەدا کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت خۆی تیادا بگرێت، هێزی زێرەڤانیان تیادا جێگیر دەکرێت. لە نێوان ناوچەکانی گەریلادا جێگیریان دەکەن. پەیوەندیی ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی تر دەپچڕێنن. هەوڵ دەدەن هێڵی هاتن و رۆیشتن بگرن. هەوڵ دەدەن گەریلا لە شوێنێکدا گیر بدەن و لەگەڵ دەوڵەتى تورک پێکەوە هێرشیان بکەنە سەر و لە ناویان ببەن.
"دۆخی ئێستا زۆر مەترسیدارە"
ئەوەى ئێستا ئەنجامی دەدات ئامادەکارییە بۆ شەڕ. دۆخی ئێستا زۆر مەترسیدارە. ئەو رەفتار و نزیکایەتییەى ئێستا لە خۆیانی نیشان دەدەن وەک کەشی هێرشکردنێکی بەرفراوانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا. هەموو ئامادەکارییەکانیان لەسەر ئەو بنەمایەیە.
ئەگەر هەر هێزێک روو بکاتە ناوچەکانی گەریلا و لەوێ خۆی جێگیر بکات، لەوێ بنکەى سەربازی دروست بکات، هێز بە ناوچەکانی گەریلادا بڵاوە پێ بکات، لە لایەکی ترەوە بە بەردەوامی کاری سیخوڕی و هەواڵگری بکات و کار بۆ ئەوە بکات کە هێرش بکاتە سەر شوێنەکانی گەریلا، هەوڵ بدات دەوڵەتی تورکی فاشیستی پاکتاوکەر هێزەکانی گەریلا سەرکوت بکات، ئەو کاتە ئەوانە مانایان چییە؟ ئەوە ناوی راگەیاندنی شەڕە شانبەشان و بە پشتیوانی دەوڵەتی تورک. ئەوە پلانێکی زۆر مەترسیدارە. یانی پلانێکی وەها کۆتایی بە پەدەکەش دەهێنێت. پلانێکی وەها هەموو دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانیش لە ناو دەبات. نەک تەنها دەستکەوتەکانی پارچەکانی تر و ئەوانەى باکوور و رۆژئاوا، بەڵکو دەستکەوتەکانی باشووریش لە ناو دەبا. ئەوە پێگە و قەوارەی کوردستانی فیدراڵیش لەناو دەبات، شتێک بە ناوی کوردستانی فیدراڵەوە نامێنێت.
"لە نێوان پەکەکە و پەدەکەدا کێشە نییە، بەڵکو لە نێوان پەدەکە و کورداندا کێشە هەیە"
سەعدی پیرە وتی، "ئەو شەڕە نابێتە شەڕی پەدەکە، بەڵکو هەمووان لە خۆ دەگرێت". بەڵێ، لێکدانەوەیەکی بەو شێوەیەش هەڵەیە، شەڕی پەکەکە – پەدەکە، یان کێشەی نێوان پەکەکە و پەدەکە، نا بەڵکو لە نێوان پەکەکە و پەدەکە دا کێشە نییە، بەڵکو لە نێوان پەدەکە و کورداندا کێشە هەیە. هەڵەیە ئەو دۆخە و ئەو رووداوانە وەک کێشەى نێوان پەکەکە و پەدەکە پێناسە بکرێن، ئێمە ئەوە بە تەواوی رەتدەکەینەوە. ئەو پێناسەکردنە زۆر هەڵەیە. پەکەکە لە دژی پاکتاوکردنی دەوڵەتی تورک کوردان دەپارێزێت. لە دژی پاکتاوکردن بەرگری لە کورد دەکات. باشە چۆن دەبێت بزووتنەوەیەک کێشەى هەبێت، کە لە دژی پاکتاوکردنی کوردان تێکۆشان بۆ پاراستنی کوردان دەکات؟
"داگیرکەریی دەوڵەتی تورک نابینین"
چوونەپاڵ دەوڵەتی پاکتاوکەر و وەستانەوە لە دژی بزووتنەوەیەک، کە کوردان دەپارێزێت و بەرگرییان لێدەکات، قبوڵ ناکرێت. بۆ نمونە لێدوانی وتەبێژی پارتی هەبوو و دەڵێت، "پەکەکە بەرپرسی چۆڵکردنی سەدان گوندە". دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، چەوسێنەر، پاکتاوکەر بەهۆکاری چۆڵکردنی ئەو گوندانە نازانێت. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، داگیرکەری و پاکتاوکاریی بەرامبەر ئەو گوندانە ئەنجامداوە و چۆڵیان دەکات. ئەوە نابینێت، بەڵام هێزی خۆڕاگر و بەرەنگاری دەبینێت.
ئەوە بەو مانایە دێت، کە 'دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکەر مافدارە، ئەو کوردانەى لە دژی دەوڵەتی داگیرکەر و پاکتاوکەر شەڕ دەکەن، ناهەق و ناڕەوان'. دەڵێت، 'لە دژی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری نەکەن'.
"پەکەکە ئەو کوردەیە، کە لە دژی پاکتاوکردن و سڕینەوە تێدەکۆشێت"
پەکەکە کێیە، کوردانی خۆڕاگر و بەرەنگارە، ئەو کوردانەیە، کە لە دژی پاکتاوکردن و سڕینەوە تێدەکۆشێت. هەڵدەستێت پەکەکە بە هۆکاری کێشەکان نیشان دەدات، هەڵدەسێتێت، بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، چەوسێنەر، تێکدەر و پاکتاوکەر دەڵێت، مافدارە، رەوایە و بەرخودان لە دژی ئەو دەوڵەتە هەڵەیە!. بە کوردان دەڵێت، 'بەرەنگاری و بەرخودان نەکەن، خۆتان رادەست بکەن' باشە قسەیەکی لەو شێوەیە لەلایەن حیزبێکەوە کە خۆی بە حیزبی کورد دەبینێت چۆن دەبێت؟ ئاخۆ چۆن دەبێت خۆبەدەستەوەدان، کەرامەت شکاندن و بێ شکۆیی و کۆیلەیەتی بەسەر کورداندا بسەپێنێت؟ ئەوە چۆن دەبێت؟ ئەوە قبوڵ ناکرێت.
"ئەوانە ئەنوەرپەرەستن، تەلعەت پەرەستن، نەژاد پەرەستن"
بێگومان پەکەکە لە هەر چوارپارچەى کوردستان، لە باشووری کوردستانیش بۆ شکۆی کوردان بەرەنگاری دەکات، شەڕ دەکات، بۆ ئازادی شەڕ دەکات. لە دژی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆنی پاکتاوکەر و داگیرکەر شەڕ دەکات. ناسنامە و ئامانجی ئەوان دیارە، ئەنوەرپەرەستن، تەلعەت پەرەستن، دونیا ئەوە دەبنینێت، ئەوروپاش ئیدی بۆ خۆی دەڵێت، ئەوان زیادەڕۆییان کردووە. لە ئەمریکاوە تاوەکو ئەوروپا بەشداری پیلانگێڕییەکە بوون، ئەو هەموو پشتیوانییەیان لە سیاسەتی پاکتاوکارانەى دەوڵەتی تورک کرد، ئێستا بە تورکیا دەڵێن، ئیسلامیستە. وڵاتانی عەرەب پێی دەڵێن، داگیرکەرە. بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، کە بەخۆی دەڵێت، حیزبێکی کورد، بە تورکیا ناڵێت، داگیرکەر. باشە شتی وەها دەبێت؟ نابێت.
"سیاسەتی ئیستای پەدەکە زۆر مەترسیدارە"
ئەوە زۆر گرنگە، سیاسەتی ئێستای پەدەکە زۆر مەترسیدارە، زیانێکی زۆر گەورە بە کوردان دەگەیەنێت، هەڕەشە لە دەستکەوتەکان دەکات. کورد لە سەدەی ٢١دا بۆ ئازادی خاوەنداریکردن و دەرفەتی زۆر گەورەی هەیە، بەڵام هاوکات مەترسیی زۆر گەورەش هەیە، ٦ ساڵە لە دژی شەڕی پاکتاوکەریی هەمەلایەنە شەڕ دەکەین. ئەو شەڕە دەسەڵاتداری پاکتاوکاری تەنگاو کرد، بە بنبەستی گەیاند و بەرەو لێواری هەڵوەشاندنەوەى بردووە.
"پەدەکە زیان بە کوردان دەگەیەنێت"
دەرفەتە ئافرێنراوەکان، وادەکەن پێگە و کیانی هەر پارچەیەک بپارێزرێت، بەڵام پەدەکە ئەو دەستکەوتانە، ئەو دەرفەتە بە دەستهاتوانە و ئەو پێگە و کیانانە دەخاتە ناو مەترسییەکی گەورەوە و زیانێکی زۆر بە کوردان دەگەیەنێت. پەدەکە لەمپەری گەروەیە لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەیی کورداندا. گەورەترین داوا و تامەزرۆیی گەل یەکێتیی نەتەوەییە، چونکە دەبێتە هۆی ئەوە کوردان ئازاد ببن، ببنە خاوەن کیان و پێگە و دەستکەوتەکانی هەر چوار پارچە بپارێزرێن، لەبەر ئەوەیە گەل ئەو هەڵوێستەى بۆ یەکێتیی نەتەوەیی هەیە. ئەگەر کوردان لە ساڵی ٢٠١٤دا بیانتوانییایە کۆنگرەى نەتەوەیی خۆیان ببەستن، چاوپێکەوتنەکانی ساڵی ٢٠١٣ یان بە یەکێتی نەتەوەیی تاجدار بکردایە، نە عەفرین، نە گرێ سپی، نە باشووریش ئەمڕۆ داگیر نەدەکران. لە باکوریش دۆخەکە بەو شێوەیە نەدەبوو. لە چوارپارچەى کوردستان کیان و پێگەى کوردان، ناسنامەى نەتەوەیی مسۆگەر دەبوو. ئەوە دەبووە هێزێکی زۆر گەورە. لە دیموکراتیکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبوونە هێزی چارەنووسساز. نە لە عێراق و نە لە سوریاش بەو شێوەیە نەدەبوو، سوریا و عێراقیش دەکەوتنە ناو قۆناغێکی دیموکراتیکبوون. ئەو قەیران، گێژاو و شەڕانە لە ناوچەکە کۆتاییان پێدەهات، چونکە کورد لە ناوچەکەدا چارەنووسسازن. چارەسەریی دیموکراتیکی کێشەکى کورد، بە دەستهێنانی مافەکانی کوردان و لە پارچەکانی کوردستان، بە دەستهێنانی خۆبەڕێوەبەری بە مانای دیموکراتیکبوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبوو.
"دەبێت رەخنە لە پەدەکە بگیردرێت و بەرەو هێڵی نەتەوەیی رابکێشرێت"
دەبێت دەست لەو زمانە هەڵبگیردرێت 'لە نێوان پەکەکە و پەدەکەدا کێشە هەیە، ئێمەش دەبینە ناوبژیوان' کێشەکە بابەتی ناوبژیوانی نییە، بەڵکو ئەو سیاسەتەی پەدەکەیە، کە زیانێکی زۆر گەورە بە کورد دەگەیەنێت، کوردان دەخاتە ناو مەترسییەکی زۆر گەورەوە، مەترسیی ئەوە هەیە، کە هەموو دەستکەوتەکان لە ناو بچن و پاکتاو بکرێن. دەبێت رەخنەی لێ بگیرێت، گوشارەکان زیاد بکرێن، هەڵوێستەکانی بە شێوەیەی بە هێز رەخنە بکرێن، پەدەکە بەرەو هێڵی نەتەوەی رابکێشرێت، دەبێت پەدەکە دەست لەو سیاسەتە هەڵبگرێت. دەبێت پشتیوانی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، فاشیست و پاکتاوکەر نەکات، دەبێت نەچێتە پاڵ ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە، نابێت رەوایی پێ بدات. دەوڵەتی تورک چەندین ساڵە دەڵێت، 'کورد لەگەڵ مندایە' و پەدەکەش بە نمونە دەهێنێتەوە، بەو پاساوەش کورد پاکتاو دەکات و بەردەوامە لە سڕینەوە و پاکتاوکاری، بۆیە دەبێت هەموو کەس بە بەهێزی لە بەرامبەر ئەو هەڵوێست و سیاسەتەى پەدەکە بوەستێتەوە.
"ئەگەر کۆمەڵگە گوشار بکات، دۆخەکە دەگۆڕێت"
باشووریش بەو شێوەیەیە، گەلەکەمان لە رووی هۆشمەندیی نەتەوەییەوە، کاردانەوە و هەڵوێستی نەتەوەییەوە زۆر لە پێشن. خاوەنی رێکخستنبوون و ئاستێکی بەرزی تێگەیشتنن، بۆیە ئەگەر لە باشوور و شوێنەکانی تریش گوشارێکی بەهێزی کۆمەڵگە هەبێت، ئەگەر حیزبە سیاسییەکان، رۆشنبیران و نووسەران هەڵوێستی هاوبەش نیشان بدەن، بانگهێشتی پەدەکە بکەن بۆ سەر هێڵی نەتەوەیی، ئەوکاتە بەو یەکێتیییە نەتەوەییە ئەو دۆخە دەگۆڕدرێت.
بەراستی دەبێت پەدەکە دەست لەو سیاسەتە مەترسیدارە هەڵبگرێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی لە دەستچوون و زیان گەیاندن بە هەموو کوردان. پەدەکەش خۆی بەو هۆیەوە دەدۆڕێت. هیچ شتێک بەناوی پەدەکە لە گۆڕێدا نامێنێتەوە. دوای ئەوەى کوردانی بەرەنگار و بەرخودێر لە گۆڕێدا نەمان، ئەو کوردە هاکارانەی دوژمنیش لەلایەن دوژمنەوە دەسڕدرێنەوە. دەبێت کورد ئەو تراژیدیایە و ئەو درامەی سەرلەنوێ بەسەردا نەیەتەوە. مێژووی سەدان ساڵەى کوردان پڕە لە نمونەى لەو شێوەیە، بۆیە دەبێت رێگری لێ بکرێت و رێگا نەدرێت دووبارە ببێتەوە".
ژ.ت