بومەلەرزە لە باکوری کوردستان: هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە - ڕووماڵی ڕاستەوخۆ-

ئەمڕۆ چوارەمین ڕۆژی بوومەلەرزەکەی باکوری کوردستانە، کە بە گوڕی ٧.٨ و ٧.٧ پلە ڕوویدا و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ١٠ پارێزگا هەبووە و بەو هۆیەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون و هەزاران کەسیش لەژێر داروپەردوەکاندان.

ئەمڕۆ چوارەمین ڕۆژی بوومەلەرزەکەی باکوری کوردستانە، کە بە گوڕی ٧.٨ و ٧.٧ پلە ڕوویدا و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ١٠ پارێزگا هەبووە و بەو هۆیەوە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون و هەزاران کەسیش لەژێر داروپەردوەکاندان.

١٧:٤٢

لێقەوماوانی بومەلەرزەکە: دەوڵەت هیچ هاوکارییەکی پێنەگەیاندووین

سەرباری ئەوەی ٤ رۆژ بەسەر بومەلەرزەکەدا تێپەڕبوو، هێشتاش بەهەزاران کەس لە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندان. کارمەندانی ئافاد و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی مەدەنی بەردەوامن لە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن. لێقەوماوانی بومەلەرزەکە باس لەوە دەکەن کە دەوڵەت هیج هاوکارییەکی پێنەگەیاندوون.

١٧:٢٢

تولای حاتەمئۆگیولاری: هاتای بە تەنیا جێهێڵدراوە

١٦:٤٤

لە ئامەد تەرمی ٥ کەس دەرهێنران

لە باڵەخانەی ئاکار لە شەقامی ٤٨٢ی جادەی ئەمەکی ناوچەی رەزانی ئامەد کە ٩ نهۆمە و وەک باڵەخانەی حیسامی دەناسرێت تەرمی سێ کەس و لە باڵەخانەی ئیشکیش کە ٨ نهۆمە تەرمی ٢ کەس دۆزرانەوە.

پێشبینی دەکرێت ١٣٠ کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەی ئاکادابن.

١٦:٢٢

شارەوانی سلۆپی لە بازارجخ خواردنی گەرمی دابەش کرد

١٥:٥١

وێنەکانی بومەلەرزە لە هاتای


         


        

١٥:٣٦

ژمارەی قوربانیان سات بە سات هەڵدەکشێت

بەرپرسانی تورک رایانگەیاند کە تائێستا ١٦ هەزار و ١٧٠ کەس ژیانیان لەدەستداوە و ٦٤ هەزار و ١٩٤ کەسیش برینداربوون.

سەرچاوەکان لە هەرێمەکەشەوە باس لەوە دەکەن ئاماری راستەقینەی قوربانیان چەند هێندەی ئەو ئامارە فەرمییەیە.

١٥:٣٢

دیمەنەکانی گوندی زەینەب ئوشاکی بازارجخ

١٥:٢٦

کەمپینی لە هەر ماڵێک تەشتێک نان: ١٨ هەزار و ٢٠٠ نان رەوانە کران

لە شارەکانی باکوری کوردستان بەمەبەستی هاوکاری لێقەوماوانی بومەلەرزە هەڵمەتی گەورە راگەیەنرا. بە ملیۆنان کەس لە پێناو لێقەوماوانی بومەلەرزە سەفەربەر بوون و پشتیوانی و هاوکارییەکانیان گەیاندە لێقەوماوان. یەک لە کەمپینە سەرنجراکێشەکانی گەل لە بۆتان کەمپینی 'لەهەر ماڵێک تەشتێک نان". لە گەڕەکی یەنی شڕنەخ هاووڵاتیان روویان کردە نانەواخانەکان و لەپێناو لێقەوماوان نانیان ئامادە کرد.

١٨هەزار نان

شارەوانی سلۆپی لە چوارچێوەی کەمپینی ' لە هەرماڵێکەوە تەشتێک نان' ١٨ هەزار و ٢٠٠ نان بۆ لێقوماوانی بومەلەرزەکە رەوانە کراون و کەمپینەکەش بەردەوامە.

١٥:١٠

گروپێکی ٤٠ کەسی هەدەکە و هەدەپە بەرەو ناوچەکانی بومەلەرزەلێدراو بەڕێبوون

نزیکەی ٤٠ کەس لە ناوەندی هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی هەدەکە و هەدەپە لە ئیستەنبوڵەوە بەرەو سەمسور کەوتنەڕێ.

١٥:٠٦

دۆخی نائاسایی کەوتەبواری جێبەجێ کردنەوە

سەرباری ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن پەرلەمان بڕیاری راگەیاندن باری نائاسایی لە ١٠ شار کە بومەلەرزە زیانی پێگەیاندوون پەسەند کرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ماوەی بەردەوامبوونی ئەو دۆخە سێ مانگە.

١٥:٠٥

ئۆلوچ: هۆکاری زۆربوونی وێرانبوونەکە دەسەڵاتە

سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە ساروخان ئۆلوچ باسی لەوەکرد کە هۆکاری گەورەبوونی ئاستی کارەساتی بومەلەرزە دەسەڵاتە و ئەوەسی خستەڕوو کە دۆخی نائاسایی دۆخەکە خراپتر دەکات.

١٥:٠٤

نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری بە هۆی هاوکارییەکانەوە سوپاسی خەڵکی باشوری کرد

نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە سلێمانی بە راگەیەندراوێک سوپاسی خەڵکی باشوری کوردستان کرد کە دەستیان بە کۆکردنەوەی هاوکاری کردووە بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە و رایگەیاند، ئەوان بەرپرسیارێتی ناردنی هاوکارییەکان دەگرنە ئەستۆ.

١٤:١٥

لە ئەلبیستان لە سەر زیاتر لە سەدا ٧٠ی خانووە رووخاوەکان کاری رزگارکردن ئەنجام نەدراوە

لە ئەلبیستان کارەکانی رزگارکردن دوای دوو رۆژ دەستیان پێکرا. زۆرینەی کارەکانیش لەلایەن کەسانی خۆبەخشەوە ئەنجام دەدرێن. لەناوچەکە نزیکەی ٣ هەزار بینا رووخاون. لەسەدا ٧٠ی ناوچەکە رووخاوە. لە لەسەرووی سەدا ٧٠ی خانووە رووخاوەکان کاری رزگار کردن دەستیپێنەکردووە. لە شارەکەدا هیچ خێمەیەک دابەش نەکراوە و سەرما و سۆڵەش زۆرە. گەل ناتوانێت بەرامبەر سەرما خۆی بگرێت. بە پاساوی ئەوەی توێکارییان بۆ دەکرێت رێگە بە بەخاکسپاردنی تەرمەکان نادرێت. لە گوندەکان دۆخەکە زۆر خراپترە.

١٣:٥٩

رێگری بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە لێقەوماوانی بومەلەرزە دروست دەکرێت

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێریڤان خالید رایگەیاند کەو دەوڵەتی تورک و حکومەتی دیمەشق رێگری دەکەن لەوەی ئەو هاوکارییانەی بۆ هەرێمە بومەلەرەلێدراوەکان رەوانە دەکرێن بگەیەنرێنە دەست لێقەوماوانی بومەلەرزەکە.

١٣:٥٢

لە نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە کۆدەکرێتەوە

نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) و بزوتنەوەی دیموکراسی گەلی کوردستان لەگەڵ نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان لە هەوڵێر کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی پرسی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باکور و رۆژئاوای کوردستان تاوێ بکەن و بڕیاردرا لە نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێر دەست بە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بکرێت. 

١٣:٠٤

لە سلۆپی کەمپینی هاوکاری بێ پسانەوە بەردەوامە

١٣:٠٣

لەناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی هەدەپە ٣٠ هەزار داواکاریی تۆمارکراون

لەناوەندی هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی هەدەپە تا نیوەڕۆی ئەمڕ ٣٠ هەزار کەس لە لێقەوماوانی بومەلەرزە داواکارییان تۆمارکردووە. لەناو ئەو کەسانەدا هەندێکیان ئەوانەن کە کەسوکاریان لە ژێر داروپەردووی ماڵە رووخاوەکاندان و ناتوانن سۆراغیان بکەن. زۆر کەسیش بۆ ئەوەی هاوکاری لێقەوماوان بکەن پەیوەندی بە هەدەپەوە دەکەن.

 

١٢:٤٦

دیمەنی کۆکردنەوەی هاوکاری لە سلۆپی

١٢:٤٥

بە گوێرەی دەوڵەتی تورک ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزە ١٤ هەزار و ٣٥١ کەسە

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەتی تورک ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزە تا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ٣٥١ کەس. بە گویرەی سەرچاوەکان لە ناوچەکە ژمارەی راستەقینە چەند هێندەی ئەو ئامارە فەرمییەیە.

١٢:٢٤

دیمەنەکانی نەخۆشخانەی دەوڵەت لە ئەلبیستان

 

١٢:٢٣

ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزە لە سوریا گەیشتە ٣ هەزار و ١٦٢ کەس

ژمارەی ئەو کەسانەی لە سوریا بە هۆی بومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٣ هەزار و ١٦٢ کەس. ژمارەی بریندارەکانیش بۆ پێنج هەزار و ٢٣٥ کەس بەرزبووەوە. لێقەوماوانی بومەلەرزە کە ماڵەکانیان رووخاوە یان زیانی بەرکەوتووە بە شەو لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە.

١٢:٠١

پۆلیسی تورک دەستیان بە سەر ئەو هاوکارییەدا گرت کە بۆ مەلەتیە رەوانە کرابوو

رێکخستنی مێردینی هەدەپە بارهەڵگرێک هاوکاری بەرەو ناوچەی وێرانشاری مەلەتیە ناردبوو، بەڵام پۆلیسەکانی تورک رێگەیان لێگرت و دەستیان بەسەردا گرت و سەرباری ناڕەزایەتییەکانیش هاوکارییەکانیان رادەست نەکردەوە.

١٢:٠٠

سەندیکای پارێزەران ئیزمیر: با زیندانیانی خەڵکی ناوچەکە بتوانن بنەماڵەکانیان ببینن

سەندیکای پارێزەرانی ئیزمیر لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکان لە دوای بومەلەرزەکە پرسیاری ئاراستەی وەزارەتی داد کرد. لە راگەیەندراوێکی سەندیکای پارێزەرانی ئیزمیردا هاتووە کە لە زیندانەکانی ناوچەکانی بومەلەرزە لە ئاستێکی بەرزدا مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن، ئەشکەنجە و کردەوە خراپ ئەنجامدراونو داوای کرد ئەو زیندانیانەی خەڵکی ئەو ناوچانەن کە بومەلەرزە لێیداون بتوانن چاویان بە بنەماڵەکانیان بکەوێت.

١١:٤٩

ئەو هاوکارییەی لە بۆتانەوە رەوانە کرابوو لە دیلۆک دابەش دەکرێت

بارهەڵگرەکانی هاوکاری و یارمەتی کە لە بۆتانەوە رەوانەکراون گەیشتنە دیلۆک. کەلوپەلەکان لە رێگەی مێزی قەیرانەکانی هەدەپەوە بە شێوەیەکی رێکوپێک دابەش دەکرێن. نان، ئاو، دایبی منداڵان، خۆراک، بەتانی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکە لە لایەن خۆبەخشانی ئێلیح، سێرت و شڕنەخەوە لە ناوەندی دیلۆک، لەناوچەکانی نورداغ و ئیسڵاحیە دابەش دەکرێن.

١١:٤٨

بە گوێرەی دەوڵەتی تورک ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ١٤ کەس

بەگوێرەی وتەی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی بومەلەرزەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٤ هەزار و ١٤ کەس. ژمارەی بریندارەکانیش ٦٣ هەزار و ٧٤٩ کەسە.

سەرچاوەکان لە ناوچەکان باس لەوەدەکەن ئاماری راستەقینە چەند هێندەی  ئەو ئامارە فەرمییەیە.

 

١١:٤٢

کەنەکە: کات کاتی پشتیوانی نەتەوەیی و خاوەنداری و هاوکارییە!

١١:٢٨

گولەریوز: هۆشمەندی ناوەندپارێزی شکستی هێنا، ئێمە بە یەکگرتوویی کۆمەڵگا برینەکان ساڕێژ دەکەین

بە نوێنەرایەتی ناوەندی بەڕێوەبەردنی قەیرانەکانی هەدەپە مستوفا گولەریوز قسەی کرد و وتی، "گەلیان بێچارەکردووە، ئەقڵیەت و هۆشمەندی ناوەندپارێزی شکستی هێناوە، ئێمە بە یەکگرتنی کۆمەڵگا برینەکانی خۆمان ساڕێژ دەکەین".

١١:٢٣

لە جۆلەمێرگەوە ١٨ بارهەڵگر هاوکاری رەوانە کران

لە جۆلەمێرگەوە لە چوارچێوەی کەمۆینی هاوکارییەکانی هەدەپە و رێکخراوە مەدەنییەکان هاوکاری لە ناوچەکانی گەڤەر، شەمزینان و چەلێ کۆکرایەوە و رەوانە ئەو ناوچانە کرا کە بە هۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتبوو. لەناوەندی شارەکە ٥ بارهەڵگر و دوو ئۆتۆمبێلی گواستنەوە، لە گەڤەر ١٢ بارهەڵگر، لە شەمزینان بارهەڵگرێک و لە چەلێش بارهەڵگرێت بەرەو ناوچە زیانبەرکەوتووەکان رەوانە کرا.

١١:٢١

تەنیا لە گۆڕستانی یەنیکۆی ١٥٢ تەرم بەخاکسپێردراون

بە گوێرەی زانیارییەکانی مێزی قەیرانەکانی پلاتفۆرمی پشتیوانی و پاراستنی شاری ئامەد ١٨٢ کەس ژیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٨٠ کەسیش برینداربوون. ١٣٠ بریندار لە ژێر چارەسەریدان و لە بەشی فریاگوزاری خێرا چارەسەریان بۆ دەکرێت.

لە شارەکە تەنیا لە گۆڕستانی یەنیکۆی ناوچەی رەزان ١٥٢ کەس بە خاکسپێردراون. لە بەشی تەرمەکانی نەخۆشخانەش لانیکەم ٣٣ تەرمی لێماوە.

یوکسەکداغ: ئەو جۆرە فریاگوزارییە لەلایەن دەسەڵاتەوە داهێندراوە

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ کە لە زیندانی جۆری ئێفی کاندرای بە دیل گیراوە پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی بومەلەرزە کرد. یوکسەکداغ لە رێگەی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد و وتی، "ئازارەکەمان زۆر گەورەیە. سەرەخۆسی لە سەرجەم بنەماڵەی قوربانیان و گەلەکەمان دەکەم. خۆمان بە دەستی خۆمان برینەکانمان ساڕێژ دەکەین. ئەو جۆرە فریاگوزارییەی دەوڵەت فریاگوزارییەکی سیاسیە، فریاگوزارییەکە کە لەلایەن دەسەڵاتەوە داهێندراوە. ئێمە پێکەوە لە ژێرباری ئەو جۆرە فریاگوزارییە دێینەدەرەوە و پێکەوە ئەو جۆرە فریاگوزارییە ناهێڵین".

١٠:٥٦

کەمپینی پشتیوانی لە ڕووسیا و ئەنجومەنی وڵاتە سەربەخۆکان (جەدەسە)

کورد لە ڕوسیا و ئەنجومەنی وڵاتە سەربەخۆکان هەڵمەتێکی هاوکاریان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی کوردستان دەستپێکرد. نوێنەرانی دامەزراوە کوردییەکان لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا کۆبوونەوە و دەستیان بە هەڵمەتەکە کرد.

١٠:٤٦

ئەمە گەڕەکی کوردە، بۆیە هیچ هاوکارییەک ناکرێت

لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ناوچەی بازارجخی مەرەش بەرەو مردن پاڵینان پێوەدەنرێت. یەکێک لە ڕزگاربووانی بوومەلەرزەکە وتی: "تا ئێستا هیچ هاوکارییەک نەکراوین. دەوڵەت نییە، شارەوانی، پارێزگار و قائیمقام لێرە نین. بۆچی نایەن؟ ئەوان چوون بۆ لای ئەوانەی خۆیان، لەبەر ئەوەی ئەمە گەڕەکی کوردییە، ئێرەیان خۆش ناوێت. تەنیا پەرلەمانتارانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هاتن. پەرلەمانتارانی هەدەپەی ئامەد هاتن. ئێمە تینووین و برسین، دوای دوو ڕۆژ خواردن هات. لە دێرسیم، ئامەد، ئەدەنە، مێرسین، ئەنقەرە و ئەستەمبوڵەوە هاتن، بەڵام دەوڵەت لەکوێیە؟ ماڵەکەم وێران بوو. دەسەڵات لەمە بەرپرسە، تەەنها ئۆپۆزیسیۆن هاتن بۆ لای ئێمە".

قوربانییەکی دیکەی بومەلەرزەکە وتی: ئێمە منداڵەکانمان کردە باوەش و چووینە دەرەوە. هەموو شتێک خاپوور بووە، هیچ چارەیەکمان نەبوو، لە ژێر وێرانەکان هاتینە دەرەوە. هیچ کەسێک دەنگی نەما. تیمەکانی ئافاد هاتن و گەڕانەوە. ئێمەیان بە تینویەتی و برسێتی بەجێهێشت، ئێمە هەوڵمان دا و هەندێک بیسکویت و خواردنمان دەستکەوت و ئەوانەمان بە منداڵەکان دا. ئێمە چاوەڕێی یارمەتین".

ژنێکیش، کە بە کاری ڕۆژانە بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات وتیشی: جگە لە هەندێک جل و بەرگ هیچ شتێکمان بۆ نەماوەتەوە، ئێمە نازانین چی بکەین، من ڕۆشتم و ئەم ماڵەم بە کاری ڕۆژانە دروستکرد، بەڵام ئەوەتا لە دەستم دا. من لە ڕۆژێکدا بە ١٠٠ لیرە کار دەکەم. چۆن دەتوانم دووبارە ئەمە دروست بکەمەوە؟ من کۆلیی یارمەتیم کردەوە، داوای چاکەتم کرد، بەڵام لێم توڕە بوون".

١٠:٣١

گولەریوز: ئێمە بە هاوکاری کۆمەڵایەتی برینەکانمان ساڕێژ دەکەین

مەحفوز گولەریوز بە ناوی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەدەپە قسەیکرد و وتی: "خەڵکیان داوەتە دەست قەدەر و چارەنووس، عەقڵییەتی ناوەندی هەڵوەشاوەتەوە. ئێمە بە هاوکاری کۆمەڵایەتی برینەکانمان ساڕێژ دەکەین".

١٠:٢٩

کۆنگرا-گەل: ئێمە ناهێڵین گەلەکەمان پێویستییان بکەوێتە نامەردەکان

کۆنگرا-گەل لەبارەی بومەلەرزەکەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: "مانگی سووری کوردستان هەم بۆ باکور و هەم بۆ ڕۆژئاوا هەڵمەتی دەستپێکردووە و ئێمە ناهێڵین لەم ڕۆژە سەختانەدا گەلەکەمان پێویستییان بکەوێتە لای نامەردەکان".

١٠:٠٧

'لەبەر پێنەدانی هاوکاری و نەگەیشتنی تیمەکانی فریاکەوتن زۆر کەس گیانیان لە دەستدا'

هاوڵاتییەک لە پاریسەوە بۆ ڕزگارکردنی خێزانەکەی لە ژێر داروپەردوی بینا ڕووخاوەکاندا خۆی گەیاندە ناوچەی بازارجخی مەرەش و وتی: "لەبەر نەگەیاندنی هاوکاری و پێنەدانی یارمەتی زۆر کەس گیانیان لە دەستداوە".

تاهیر کارادوروک کاردانەوەی بەرامبەر پێنەدانی هاوکاری بە خەڵکی زیان بەرکەوتوی بومەلەرزەکە نیشاندا و وتی: "من سەرەلەبەیانیی سێیەمین ڕۆژی کارەساتەکە لە پاریسەوە گەیشتمە ئێرە. ئەوەی ئێوە دەیبینن ماڵی ئێمەیە.

 تاهیر کارادوروک لە بەردەوامیدا وتی: "دایکم و باوکم لەوێ دەمانەوە. کاتێک دایکم خەوتبوو، باوکم بە ڕێکەوت لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ی نیوەشەودا هەڵدەسێت بۆ تەوالێت و لەو ساتەدا خانووەکە ڕووخا. باوکم یەکسەر دەچێتە سەربانی ماڵەکە و لەوێوە دەچێتە خوارەوە. دایکم لە ژوورەوە دەمێنێتەوە. یەکەم ڕۆژ دەنگەی دەهات، ڕۆژی دووەمیش دەنگی دەهات، بەڵام کەس نایەیت بە هانایانەوە و بەو هۆیەوە زۆر کەس گیانیان لە دەستداوە".

کارادوروک وتیشی: "ئێستا یارمەتی هاتووە، بەڵام هیچ سووتەمەنییەک نییە بۆ ئەوەی کار بە دۆزەر و شۆفڵەکان بکرێت".

کارادوروک ڕاشیگەیاند، بە پارەی خۆی گازوائیلی کڕیوە و وتی: "ئەگەر ئەو گازاوئیلە نەبووایە، ئێستا هەڤاڵان نەیاندەتوانی لێرە کار بکەن". لە کۆتایشدا سوپاسی ئەو کەسانەشی کرد، کە لە شارە جیاوازەکانەوە هاتوون بۆ یارمەتییان.

١٠:٠١

لە هاتای هاوکاری گەڕەکە عەلەوییەکان ناکەن

هاتای یەکێک لەو شارانەیە، کە زۆرترین زیانی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە پێگەیشتووە. خەڵکەکەی دراونەتە دەست قەدەر و چارەنووس. دەسەڵاتدارەکانی ئاکەپە و مەهەپە و دەوڵەت کار بۆ ڕزگارکردنی خزمەکانی خۆیان دەکەن و زۆرینەی هاووڵاتییانیان فەرامۆش کردووە. ئەو گەڕەکانەشی کە عەلەوی نشنین بە هیچ شێوەیەک تا ئێستا هاوکارییان پێ نەگەیشتوە و تیمەکانی فریاکەوتن بە هانایانەوە نەچوون.

٠٩:٤٩

هەڵمەتێکی یارمەتیدان لە بەڕێوبەریی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جزیر ڕاگەیاندرا

بەڕێوبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی جزیر هەڵمەتێکی هاوکاریی بە ناوی "پێکەوە بۆ مرۆڤایەتی" بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی باکوری کوردستان و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەڵمەتەکەی تا ٢٠ی شوبات بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەرێمەکانی سوریا بە تەواوی و باکوری کوردستان تووشی کارەساتێکی مرۆیی بوون، بۆیە داوا لە ئێمە دەکرێت وەک بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جزیر هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان ڕابگەیەنین".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکە کراوە و ئەوەشی تیادا هاتووە: داوا لە هەموو گەلەکەمان دەکەین بڕۆن بۆ چادرگەکانی لێقەوماوا لە شار و شارۆچکەکان و بەپێی توانا و پێویست هاوکاری پێشکەش بکەن".

٠٩:٢٦

لە بەریتانیا تۆڕی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە ڕاگەیاندرا

٠٩:١٦

نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشوری کوردستان: هاوکارییە دارایی باشترە

نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک دەست بەسەر هاوکارییەکاندا دەگرێت و بۆ ئەوەش داوای لە خەڵکی باشوری کوردستان کرد بە شێوەی دارایی هاوکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

هەدەپە ڕایگەیاندووە، پێویستە هاوکارییە داراییەکان ڕادەستی ڕێکخەرانی کەمپینەکان بکرێن تاوەکو بگاتە دەست لێقەوماوانی بومەلەرزەکە.

٠٩:٠٥

ژمارەی گیان لە دەستدانی بومەلەرزەکەی ئامەد گەیشتە ١٨٢ کەس

پلاتفۆرمی پشتیوانی و پاراستنی شاری ئامەد زانیاری لەسەر دوایین دۆخی شارەکە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە ئامەد گەیشتە ١٨٢ کەس و بریندارەکانیش گەیشتوەتە هەزار و ٨٠ کەس و ٣٢ کەسیان لە بەشی چاودێریی ورددان و ١٣٠ کەسیش لە نەخۆشخانەکان چارەسەر دەکرێن. پلاتفۆڕمەکە داوای لە دانیشتوانی شارەکە کرد، لەو بینایانە نزیک نەبنەوە، کە بە سەختی زیانیان پێگەیشتووە.

 ٠٩:٠٣

بارهەڵگری یارمەتیەکان لە ئێلحەوە بەڕێکەوتن

ڕێکخستنی هەدەپە لە ئێلح و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بەڕێوەدەبەن ڕایانگەیاند، ٧ بارهەڵگر و ٢ لۆری هاوکارییان ڕەوانەی دیلۆک و سەمسور و مەلەتی کرد.

٠٩:٠٠

فیدراسیۆنی مافی مرۆڤی سوریا داوای هاوکاری بەپەلەی کرد

ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی مافی مرۆڤی سوریا داوای لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەرێمی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و خاچی سوور و مانگی سوور کرد، کە بە پەلە دەستتێوەردان بکەن و یارمەتی بگەیەننە لێقەوماوانی بومەلەرزەکە لە سوریا.

٠٨:٥٦

خەڵکی هاتای لە دەوڵەت بێزار و توڕەن

 ٠٨:٥٣

ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکە لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرزبوویەوە

لەڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی تری سوریا بە لانی کەم بەهۆی بومەلەرزەکەوە ٢ هەزار و ٩٩٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 ٠٨:٤٢

لە سەمسور خەڵکێکی زۆر لەژێردراوپەردووەکاندان و تەرمەکانیش لەسەر شەقامەکاندان

لە ڕۆژی ٤هەمینی بومەلەرزەکەدا لە شاری سەمسور هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لەژێر دراوپەردوی سەدان بینای ڕووخاودان. تەرمەکان لە ناو ڕێڕەوەکانی نەخۆشخانە و خوێندنگاکان و لە سەر شەقامەکاندان. لەو شارەدا، کە تا ئێستا چادری پێنگەیشتوە و چادری تیادا هەڵندراوە، لێقەوماوانی بومەلەرزەکە لەسەر شەقامەکان و ئاگریان لە بەردەم ماڵە ڕووخاوەکانیان دا کردووەتەوە و بەو شێوەیە ڕۆژ دەکەنەوە. خەڵک بە توانایی و درەفەتی خۆیان هەوڵ دەدەن کەسوکارەکانیان لە دارپەردووەکان ڕزگار بکەن.

 ٠٨:٣٢

لەبازارجخ خەڵکێکی زۆر لەژێر دراوپەردووەکاندان

تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ کەس لەبازارجخ و گوندەکانیدا گیانیان لە دەستداوە و هەزاران کەسیش برینداربوون. لەسەدا ٥٠ی شارۆچکەکە خاپوور بووە و هێشتا زۆر کەسیش لە ژێر داروپەردووەکاندان.

جەمخانەکان و رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان ( هەدەپە) و مێزی قەیران و ناوەندەکانی هاوکاریی بەردەوام کار دەکەن و ئاو و خۆراک بۆ دانیشتوانی ناحیەکە دابین دەکەن. تیمەکانی هاوکاری لە شارەکانی ئامەد و چەولیک و شارەکانی دیکەی دەوروبەری خۆیان گەیاندووەتە بازارجخ و دەورووبەری و بەدەم خەڵکی لێقەوماوی بازارجخەوە دەڕۆن.

٠٨:٢٩

تەمەلی: راستیی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بۆ هەموان ڕوون بوویەوە

٠٨٢٤

وێنەکانی بوومەلەرزەی هاتای


         


       

٠٨:١٤

دیمەنەکانی بازاڕجخ


         


       

 

 ٠٧:٥٣

ژانی بۆتان هەڵمەتی نانکردنیان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە دەستپێکرد

ژنان لە سلۆپیی شرناخ کەمپینێکیان بە ناوی 'لە هەموو ماڵێک تەشتێک نان'-یان دەستپێکرد. ژنان لە گەڕەکانی باربارۆس، کزر، ئۆفیس و جودی دەستیان بە نانکردن کردووە و نانەکان بۆ ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان دەنێرن.

٠٧:٤٦

هێشتا تیمەکانی فریاکەوتن نەچوونەتە کەفەردز

هەموو ماڵەکانی گەڕەکی کەفەردز (ساکچاگۆز)ی ناوچەی نورداغ لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان وێران بوون. بەلایەنی کەمەوە ٣ هەزار کەس لەو گەڕەکەدان، بەڵام تا ئێستا هیچ تیمێکی فریاکەوتن نەچووەتە ئەو گەڕەکە. خەڵک بەپێی توانا و دەرفەتی خۆیان هەوڵ دەدەن تەرمەکان لە ژێر دارپەردوی بیناکان دەربهێنن.

٠٧:٣٧

ئۆیا ئەرسۆی پەرلەمانتاری هەدەپە: هاتای نەماوە

ئۆیا ئەرسۆی پەرلەمانتاری هەدەپە ڕایگەیاند، لە ڕۆژی یەکەمدا هیچ هاوکارییەک نەگەیشتە هاتای و لە ڕۆژی دووەمدا لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتییەکان دەستیان بە هاوکاری کرد.

 ئەرسۆی وتی، دەقاق و حەفارە و سڵنگ و کەرەستە تەکنیکییەکان لە ڕۆژی سێیەمدا هاتن بۆ سەنتەری شار.

 ئێرسۆی ئاماژەی بەوەشدا، لە ناوچە دوورەدەستەکاندا هیچ کارێکی ڕزگارکردن و فریاکەوتنی پرۆفیشناڵ ئەنجام نەدراوە.

ئەوەشی وت: "هاتای نەماوە. سێ لە چوار هاتای ڕووخاوە. خەڵک لە ڕۆژی یەکەمەوە ناتوانن بچنە شوێنە داخراوەکانەوە، هیچ خانووێک بەکارناهێنرێت. هەموو کەس لەسەر شەقامەکانن. ئاو و کارەبا و تەلەفۆن نییە.

٠٧:٢٧

لێقەوماوانی بومەلەرزە لە هاتای: ماوەی ٢ ڕۆژە هیچ هاوکارییەک نەکراوین

ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەی هاتای ڕزگاریان بووە ڕایانگەیاند، ماوەی ٢ ڕۆژە هیچ هاوکارییەکیان پێ نەگەیشتووە و تەنها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوکاریان دەکەن.

٠٧:٢٤

ئادەم کارای ڕزگاربووی بوومەلەرزەکە وتی، ماوەی ٢ ڕۆژ برسی و تینو بووین

ئادەم کارا ڕزگاربووی بوومەلەرزەکە لە مەلەتی وتی: "هەموو بیناکان ڕووخاون، ڕزگاربووەکان دابەشکراون. من لە ناوەندەوە هاتووم. بەڕاستی بارودۆخی ئەوێ زۆر خراپە. نان و ئاو نییە. ئێمە دوو ڕۆژ تینوو و برسی بووین. کاری گەڕان و فریاکەوتن و ڕزگارکردن ئەنجام نەدراوە. ئێمە وامانزانی تەنها بوومەلەرزە لە مەلەتی هەیە، هەرچۆنێک بێت، ئێمە توانیمان ئێوارەی پێشوو سەیری تەلەفیزیۆن بکەین، بینیمان بومەلەرزە لە هەموو شوێنێک بووە، بەڵام بیلدووزەر و شۆفڵ پێویستن بۆ ڕزگارکردنی خەڵک."

٠٧:٢١

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکە هەیە

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: "سەرەخۆشی  لەو کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەم، کە بەهۆی بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریاوە گیانیان لەدەستداوە. ئێمە بۆ ڕزگارکردنی ئەو خەڵکە کاردەکەین. خەڵک پێویستیان بە پەناگە، خواردن، ئاوی پاک، چاودێری پزیشکی و خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (دەبیلو ئێچ ئۆ / WHO) بڕی ٣ ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بۆ دۆخی لە ناکاو لە سندوقی فریاکەوتن بۆ کارەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردن و دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکان لەو دوو وڵاتەدا تەرخان کردووە.

گیبریسوس وتی، تەندروستیی جیهانی پێداویستیی پزیشکی بۆ ئەو دوو وڵات و یارمەتیی چاودێریی پزیشکی تایبەت دابین دەکات. گیبریسوس وتیشی: "ئەو فڕۆکانە، کە پێداویستیی پزیشکی و نەشتەرگەرییان تێدایە دەچێتە ئەستەنبوڵ و ئەوی تریان بۆ دیمەشق. ئێمە پلانی ناردنی فڕۆکەی سێیەم دادەنێن".

گیبریسوس ئاماژەی بەوەکرد، تیمێکی پلەبەرزیش بۆ هەماهەنگی و ڕێکخستنی کاروباری دەستێوەردانەکانی دەبیلو ئێچ ئۆ نێردراون بۆ ناوچەکە و ئەوەشی وت: "لە هەردوو وڵاتەکەدا ٧٧ تیمی تەندروستیی نیشتمانی و ١٣ تیمی تەندروستیی نێونەتەوەیی کار دەکەن".

 بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەشی خستەڕوو، لەوانەیە ژمارەی گیان لە دەستدان و بریندارانی بومەلەرزەکە بەرزتر ببێتەوە.

٠٧:١٤

ژمارەی گیان لەدەستدان لە بومەلەرزەکەدا ١٢ هەزاری تێپەڕاند

دەزگای ئافادی دەوڵەتی تورک بڵاویکردەوە، تاوەکو کاتژمێر ٠٧:٤٥ رۆژی ٩ی شوبات ژمارەی ئەو کەسانەی لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لە دەستداوە ١٢ هەزار و ٨٧٣ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتوەتە ٦٢ هەزار و ٩٣٧  کەس.

٠٧:١٢

تەمەلی: دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپەش ئەم جارەش لەکاتی تاواندا دەستگیرکرا

سەزای تەمەلی پەرلەمانتاری هەدەپەی وان، کە لەگەڵ شاندێکدا ڕۆیشتووە بۆ مەرەش ڕایگەیاند، هێشتا دۆخەکە زۆر قورس و جددیە و ڕاشیگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئاکەپە و مەهەپە دەیانەوێت بە ڕاگرتنی تویتەر تاوانەکانیان بشارنەوە، بەڵام ئەمجارەش لە کاتی تاوان و لەسەر تاواندا دەستگیرکران و ئەوەیان بە هیچ پێ ناشاردرێتەوە.

٠٥:١٤

لە قوبرس هەڵمەتێک بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکە دەستیپێکرد

لە قوبرس بە پێشەنگایەتیی کۆمسیۆنی پشتیوانیی گەلی کورد و نوێنەرانی کورد، هەڵمەتێکی هاوکاری بۆ پشتیوانیکردن لە لێقەوماوانی بومەلەرزەکە دەستیپێکرد.

٠٥:١٣

هێزەکانی دەوڵەتی تورک ٣ زیندانییان لە زیندانی هاتای کوشت

لە زیندانی هاتای بەهۆی بومەلەرزەوە زیندانیان ڕاپەڕێن و هێزەکانی دەوڵەتی تورکیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیندانیان تەقەیان لێکردن و ٣ زیندانییان کوشت.

بەرپرسانی تورک ڕووداوەکەیان بە "هەوڵێکی هەڵاتن" وەسفکرد و ڕایانگەیاند، لە ڕووداوەکەدا ٣ زیندانی کوژراون و ١٢ی زیندانیی دیکەش برینداربوون.

قەرەسوو: پێویستە کۆمەڵگاکەمان پشتیوانییەکی بەهێز بکات

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، بە ڕوودانی بومەلەرزەکە دەرکەوت دامەزراوەکانی دەوڵەت تەنیا بۆ نمایشکردنن و تەنها بە پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵانی خەڵک دەکرێت بەرەنگاریی ئەو کارەساتە بکریت.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەبارەی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، کە چەندین شاری کوردستانی گرتەوە وتی، ئەو دامەزراوانە، کە دەوڵەت لە دژی کارەساتەکان دروستیکردوون تەنها بۆ ئەوەی نمایشکردنن و لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکاندا گرنگ پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵانی خەڵکە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، پشتیوانی بن.

قەرەسوو راشیگەیاند، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک ئامار و داتای بومەلەرزەکە دەشارنەوە و لەلایەن دەوڵەتەوە رێگری لە هەوڵەکانی هاوکاری و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵانی خەڵک دەکرێت.

ژ.ت