بە دیمەن

بەڕێزعەباس: پەکەکە لاواز نابێت و ئامانجەکانی تورکیاش بەدینایەت

سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باشووری کوردستان، نوسەری بواری مێژوو بەڕێز عەباس وتی: یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو هێرشانە لاوازکردنی پەکەکەیە، بەڵام ئەزمون پێمان دەڵێت، پەکەکە لاواز نابێت و ئامانجەکانی تورکیاش بەدی نایەت".

دەوڵەتی فاشیستی تورکی قڕکەر لە هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر هەر چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان بەردەوامە. لەم بارەییەوە نوسەر لە بواری مێژوو بەڕێزعەباس بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'دەوڵەتی تورکیای نوێ، باشووری کوردستان وەک بەشێک لە خۆی دەبینێت'

بەڕێز عەباس باسی لەوە کرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پاشخانێکی مێژوویی هەیە بۆ داگیرکاری و وتی: "لە ساڵی ١٩١٨ کاتێک ئاگر بەستی مۆدرۆس لە نێوان خەلافەتی عوسمانی و هاوپەیمانان واژۆ کرا. ئەوکاتە موسڵ یا باشووری کوردستان ناکەوێتە دەست هاوپەیمانان، لەو کاتەدا پەیماننامەی میساقی میللی ئەنجام درا، موسڵ وەک بەشێک لە تورکیا دانرا و دواتر بەریتانیا بەرژەوەندییەکانی وا دەخوازێ موسڵ داگیربکات. دەوڵەتی تورکیا ئێستاش هەست بەوە دەکات موسڵی لە دەست چووە و باشووری کوردستان وەک بەشێک لە تورکیا و میراتی خەلافەتی عوسمانی دەبینێت. ئەمە گرێیەکی مێژوویی هەیە و نوێ نیە، ئێستاش حکومەتەکانی تورکیا کە ساڵانە بودجە دیاری دەکەن یەک لیرە وەک هێما بۆ ویلایەتی موسڵ دادەنێن بەو مانایە کە موسڵ سەر بە خەلافەتی عوسمانی یا سەر بە تورکیای نوێیە هەر هەڵێکمان بۆ بڕەخسێت داگیری دەکەین. ویلایەتی موسڵ پێک دێت لە سلێمانی، هەولێر، باشووری کوردستان بەشێکە لە ویلایەتی موسڵ ئەمە گرێیەکی دەوڵەتی تورکیایە، وەک ئەو گرێ مێژووییەی بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان هەیەتی. پەیوەندی بە پەکەکەوە نیە. بەڕای من هۆکارە بنەڕەتییەکانی تورکیا پەیوەندی بە بابەتی ئابووری و سیاسی و جیۆپۆلتیکەوە هەیە."

'ئامانجی تورکیا لە داگیرکردنی باشووری کوردستان ئابوورییە'

لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێزعەباس باسی لەوەشکرد ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لێدانە لە پارچەکانی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی ئابووری باشووری کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "ئامانجی تورکیا نەوت و ئابوورییە لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە باشتر دەتوانێت داگیری بکات وەک لە سەربازی. لە ڕێگەی لێدان لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت بە ناوچە کوردییەکان و باکووری کوردستان بڵێت بمەوێت بە هێزی سەربازی دەگەمە هەر شوێنک کە بمەوێت. لە ڕێگەی داگیرکردنی باشووری کوردستانەوە ئەو دەنگە ناڕازییانەش کە لە باکووری کوردستان هەیە   بێدەنگ بکەم. ئامانجێکی تری لاوازکردنی پەکەکەیە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی گوند و ناوچە کوردییەکان بۆ ئەوەی جوڵە و هاوکاری نەبێت، دواجار ئەم ئامانجانەش بەشێکە لە خواستە ئابوورییەکانی، هەروەها تاوەکو بە گەلی کورد بڵێت دەتوانین بگەین بە هەر شوێنک کە دەمانەوێت. لە ڕاستیدا ئەزموونی مێژووی پەکەکە پێمان دەڵێت بەوشێوەیە پەکەکە لاواز نابێت و ئامانجەکانی تورکیاش بەدی نایەت."

'تورکیا لاوازبوونی هەرێمی کوردستان و عێراقی قۆستۆتەوە'

بەڕێز عەباس تیشکی خستەسەر ئەوەی دەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە پێش هەموو شتێکەوە بن و وتی: "دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکان بەرژەوەندی نەتەوەیی بە بنەما بگرن و لە پێش حیزب و گروپەکانیانەوە بێت. لە ڕابردوودا بینمان هێزە کوردییەکان هەر یەکەیان سەر بە وڵاتێک بوون. دەبێت حکومەت وەک هێزێکی دامەزراوەیی ئەگەر هەبێت، گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بکات نەک حیزبێکی سیاسی خۆی بکات بە نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەبێت حکومەت ڕۆڵی هەبێت بە ناوی هەموو کوردەوە ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرامبەر ئەم لەشکرکێشییە. تورکیا لاوازبوونی هەرێمی کوردستان و عێراقی قۆستۆتەوە بە ئاسانی دێتە سنورەکە سروشتی کوردستان تێک دەدات و دار دەبڕێت و هێز دروست دەکات. دواجار هەر حیزبێک لە کوردستان سەر بە دەوڵەتێکی دیاریکراوە."

لە کۆتایی قسەکانیدا بەڕێز عەباس وتی: "لە هەندێک شوێندا ویستویانە خۆپیشاندان بکەن و دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕن حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەی لێ گرتووە. کەواتە ڕێکەوتنێکی شاراوە هەیە. حکومەت نەک هەڵوێستی نیە بەڵکو بەهانەشی بۆ دێنێتەوە و ڕێگەش نادات مامۆستایان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان خۆپیشاندان بکەن و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕن و ئەم دەنگانەش سەرکووت دەکات."

هـ . ب