چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی کەرکوک پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی باشوری کوردستان دەکەن
چالاکوانانی کەرکوک: دەسەڵات خۆپیشاندەران بە دەستێوەردانی دەرکی تۆمەتبار دەکات لەکاتێکدا دەسەڵات باشوری کوردستان خۆی کار بۆ دەستی دەرەکی دەکات.
چالاکوانانی کەرکوک: دەسەڵات خۆپیشاندەران بە دەستێوەردانی دەرکی تۆمەتبار دەکات لەکاتێکدا دەسەڵات باشوری کوردستان خۆی کار بۆ دەستی دەرەکی دەکات.
ئەمرۆ شەممە لە شاری کەرکوک لە پارکی قەلای شارەکە، چالاکوانن، رۆشنبیران، مامۆستایانی ئاینی و پارێزەر و چەند کەسایەتییەکی دیکەی شارەکە گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا کە تێیایدا پشتیوانی کەرکوکییەکانیان ڕاگەیاند بۆ داوای ڕەوای خۆپیشاندەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئامادەبووانی گردبوونەوەکە ئیدانەی ئەو توندوتیژیەیان کرد کە دژی خۆپیشاندەران ئەنجام دەدریت لەلایەن هیزە ئەمنیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان.
ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کەرکوک لە گردبوونەوەکەیاندا بە دروشمی (بروخێ دز ، هاوبەشە دز)داوایان لە خەلکی باشوری کوردستان کرد بەردەوام بن لە ڕاپەرین دژی دەسەڵاتداران تا نەهێشتنی گەندەڵی و هەروەها چالاکوانان داوایان لە هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە چیتر خوێنی رۆڵەی گەلەکەیان نەرێژن بۆ پاراستنی "ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە"ی هەرێمی کوردستان.
محەمەد جەلیل بەناوی چالاکوانان و رۆشنبیران بەیاننامەی ئامادەبووانی گردبوونەوەکەی خوێندەوە و تیدا هاتبوو: " لاى هەمووان ئاشکرایە کە ئێستا هەرێمی کوردستان لەرووى سیاسى وئابورییەوە بە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەرێ، مامۆستایان و فەرمانبەران و تەواوی چین و توێژەکان هاتوونەتە سەرشەقام و داوای مووچە و قوت و نانی ڕۆژانەیان دەکەن، بەڵام بەداخەوە کەس گوێیان لێناگرێت، دەسەڵات لەبری جێبەجێ کردنی داخوازی و بەدیهینانى خواستەکانیان بەفیشەک و گولەی پلاستیکی و بۆمبی فرێمێسکڕێژ وەڵامیان دەدەنەوە و دەستگیریان دەکەن."
هەروەها بەناوی چالاکوانان و رۆشنبیران، محەمەد جەلیل وتی: " ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین وەک رۆشنبیران وچالاکوانان و مامۆستایانى ئاینى و تەواوى چین وتویژەکانى شارى کەرکوک پشتگیر و پشتیوانى تەواوى مافە رەواکانتانین، پیشمان وایە خۆپیشاندانی مەدەنیانە مافی سەرجەم هاوڵاتیانە و پێوستە دەسەڵات رێزیان لى بگرى و شکۆ و کەرامەتیان بپارێزێت.
لەهەمانکاتدا دژی بەکارهێنانی توندوتیژی و سووتانى دام و دەزگاکانى حکومەت و بەکار هێنانی هێزین لەهەرلایەکەوە بێت."
محەمەد جەلیل بەناوی ئامادەبووانی گردبوونەوەکە چەند داواکارییەکی ئاراستەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کرد کە بریتیبوون لە:
یەکەم/ ئاواتەخوازین چیتر خوێنی ڕۆڵەی میللەتەکەمان بەدەست دەسەڵاتداران و هیزە ئەمنیەکانى خۆمان نەڕژێنرێت.
دووەم/ پێوستە حکومەتى هەریمى کوردستان لەبری بەکارهێنانی هێز کاربکەن بۆ بەدیهێنانی خواستی گەنج و لاوەکانمان بەتایبەت وبەشیوەیەکى گشتیش.
سێیەم/ هەوڵ بۆ باشکردن وخۆشگوزەرانى هاولاتیان بدەن تا حکومەتی هەرێم و قەوارەکەمان لەوە زیاتر توشی قەیرانی زیاتر نەهاتووە.
لەکۆتایدا پرسەو سەرە خۆشى خۆمان ئاراستەى تەواوى کەس وکارى شەهیدانى خۆپیشاندانەکان دەکەین و هیواى زوو چاک بوونەوەش بۆ بریندارانى خۆپیشاندانەکان دەخوازین و پێویستە بەزووترین کات گیراوەکان ئازاد بکرێن."
هەروەها چالاکوانێکی مەدەنی دەلێت: "لە باشوری کوردستان عەقلیەتێک هەیە کە زۆر گەورەترە لە عەقلیەتی حزبی ئەویش عەقڵییەتی خێڵەکییە، کە بە عەقڵییەتی خێڵەکی و کۆمپانیاکانیان حزبەکان بەرێوەدەبەن".
ف.ق