چالاکیی ئێشکگریی شەنگال بۆ ئاسایشی ئێزدخان بەردەوامە

چالاکیی ئێشکگریی خەڵکی شەنگال بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی ئێزدخان لە رۆژی ٣٢هەمیندایە.

چالاکیی ئێشکگریی هاووڵاتییانی شەنگال لە دژی رێککەوتنی بەغدا و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەسەر شەنگال بە ئامانجی پشتیوانی لە ئاسایشی ئێزدخان، کە لە بەردەم ناوەندی ئاسایشی شەنگال و لە ژێر دروشمی "ئێمە هەموومان ئاسایشین" لە ٣٢هەمین رۆژدایە و چالاکییەکە لەلایەن ئەنجوومەن و دام و دەزگاکانی شەنگالەوە بەردەوامیی پێدەدرێت.

خەڵکی شەنگال دەستە دەستە سەردانی چادری بەرخودانی بەردەم ناوەندی ئاسایشی ئیزدخان دەکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ چالاکییەکە دووپات دەکەنەوە.

خەڵکی شەنگال تاوەکو ئێستا چەندینجار داواکانیان پێشکەشی حکومەتی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی عێراق وەڵامی ئەرێنییان نەداونەتەوە. بۆ ئەوەش خەڵکی شەنگال رایانگەیاندووە، تاوەکو بەدیهێنانی داواکانیان درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.

رزگۆ خەڵەف ئەندامی ئەنجوومەنی شەنگال لەبارەی چالاکییەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی رۆژ نیوزی راگەیاندووە، "تاوەکو دەوڵەتی عێراق هەبوونی ئێزدییەکان قبوڵ نەکات درێژ بە چالاکییەکانمان دەدەین. دەبێت کۆمەڵگەى ئێزدی بۆ هەبوونی خۆی یەکگرتبوو بێت و یەکێتیی خۆیان دروست بکەن".

ژ.ت