شێرزاد سەمەد چاودێر و شارەزای بواری ئەمنی و سەربازی دەربارەی چەند پرسێکی تایبەت بە داعش وەکو (هێرشی سەر زیندانی غوێران لە رۆژئاوای کوردستان، نەدۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کەمپ و زیندانەکانی داعش، کوشتنی هەردوو خەلیفەی داعش لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و چەتەکانی و هەروەها ئامانجی تورکیا لەزیندووکردنەوەی داعش) و چەندین پرسی دیکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
"بەهاری عەرەبی ژینگەیەکی گونجاوی ڕەخساند بۆ پەرەسەندنی داعش"
شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی سەبارەت بە دروستبوونەوەی گروپە تیرۆرستیەکان و پەرەسەندنیان لە ناوچەکەکانی وەکو عێراق و سوریا ووتی: "هۆکاری دروستبوونی هێز و گروپە تیرۆرستیەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەهاری عەرەبی، کە ژینگەیەکی لەباری بۆ دروستبوونی گروپە توندڕەوەکان ڕەخساند لە سوریا بەتایبەتی، هەروەها داعش و گروپە توندڕەوەکانی هاوشێوەیان سودیان بینی لەو ناتەبایی و ناکۆکی سیاسی و بوونی کێشمەکێش و ململانێی سیاسی لەدۆخی عێراق و سوریادا، کە لە سوریا توانرا ڕێککەوتنێک لەنێوان چەند گروپێکی ئیسلامی جیهادی دروست بێت، کە لە ئەنجامدا داعشیان ڕاگەیاند. دوای بەهێز بوونی ئەم هێزانە و لێدانیان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە توانرا مەترسی گروپی تیرۆرستی داعش سنوردار بکرێت، لەئێستاشدا دەبینین کە مەترسی ئەم گروپە تیرۆرستیانە هەر ماون".
"تورکیا هاوکاری سەرەکی دروستبوون و مانەوەی داعشە"
سەبارەت بە بەکارهێنانی گروپی تیرۆرستی داعش لەلایەن ووڵاتانەوە، شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی دەشڵێت: "لە ناوچەکەدا کە ڕاپەرین و گۆڕانکاری ڕوو دەدات ئەوە ووڵاتانی ناوچەکە دەستێوەردان دەکەن لەو گۆڕانکاریانە، کە بەشێکیان پشتیوان دەبن و ئەوانەی دیکە دژی دەبن، لەو نێوانەدا ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ووڵاتی تورکیا لە دروستبوون و مانەوەی داعش لەوناچانە هاوکاری سەرەکی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستیە بووە."
هەروەها ئەو شارەزای ئەمنی سەربازیە دەربارەی بەڵگەکانی هاوپەیمانی تورکیا داعش ئاشکرای کرد و ووتی: "بەڵگەکان هەموو ئەوە دەسەلمێنن، کە تورکیا پشتیوانی داعشە، بە ڕوونی لەمیدیا جیهانیەکان دا ئاشکرا بوو، کە تورکیا لەرێگەی بازرگانی لەگەل داعش ئابوریی خۆی دەبوژاندەوە و هەروەها تەواوی سەرکردەکانی داعش دوای دەستگیرکردنیان دانیان بەوە دەنا کە ماوەیەک لە تورکیا خۆیان حەشارداوە و رێکخستنەوەی رێزەکانیان لە تورکیا کردووە، لەماوەی ڕابردوودا تورکیا ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی لە رۆژائاوای کوردستان داگیرکرد و ئەو ناوچەیەی کردە کامپێک بۆ گروپە توندڕەوە و بەکرێگیراوەکانی، هەروەها لەو رێگەیەوە تورکیا هەوڵی داوە تێچوەکانی کەم بکاتەوە، هەروەها تورکیا هەوڵیداوە ئەوانەی کە لە کامپی هۆڵ بگەڕێنێتەوە ئەو ناوچانە، کە لەرۆژئاوای کوردستان داگیری کردووە، تورکیا لەلایەکی دیکەوە سنوردارکردنی چالاکییەکانی داعشی وەکو کارتی فشار بەکارهێناوە لە دژی ئەوروپا و ئەمریکا، بەهۆی داتەپانی ئابوری تورکیاوە، ئەو ووڵاتە بەردەوام دەستوەردانی لەووڵاتانی ناوچەکە کردووە."
"بۆ شەر کردن دژی کورد تورکیا داعش بەکاردەهێنێت"
هەروەها دەربارەی ئامانج لە هێرشکردنە سەر زیندانی غوێران لە رۆژائاوای کوردستان شێراز سەمەد شارەزانی ئەمنی و سەربازی ڕایگەیاند: " ئەو هێرشەی سەر زیندانی غوێران لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، پلانگێڕییەکی گەورەبوو بۆ زیندووکردنەوەی داعش کە ئەمش دەبووە هۆی مەترسییەکی گەورە بۆسەر عیراق و سوریا و تەواوی ناوچەکە، سەرەتای کۆتایی هێنان بە داعش لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستی پێکرد، کە تورکیا ئەو هێزە وەکو مەترسی دەبینێت بۆسەر بەرژەوەندی و یەکپارچەیی تورکیا، بۆیە تورکیا لە رێگەی جیاوازەوە شەری هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، کە لە ئێستاشدا داعش وەکو ئامرزاێک بۆ شەرکردن دژی کورد، وە پیلانگێرییەکانی تورکیا دژی کورد بەردەوامی دەبێت."
"پێویستە کۆمەلگای نێودەوڵەتی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ زیندانانی داعش بدۆزێتەوە"
سەبارەت بە کەمتەرخەمی کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی لەچارەسەر نەکردنی پرسی زیندانیانی داعش شێرزاد سەمەد ووتی: " ئەو پاڵپشتیەی ووڵاتانی رۆژئاوا پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکەن بەس نیە، بەڵکو پێویستە کۆمەلگای نێودەوڵەتی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی زیندانانی داعش بدۆزێتەوە، چونکە زیندانیانی داعش لەئێستادا بۆمبێکی کاتین و دەکرێت لە کاتێکدا بتەقێتەوە، لەنابردنی گروپێکی تیرۆرستی وەکو داعش پێویستی بە پاڵپشتی لۆجستی، سەربازی و سیاسەتێکی تەندروست هەیە بۆئەوەی بوونی داعش بۆ هەتەهەتایە بنبڕ بکرێن لەو ناوچانە."
"ئەو ناوچانە لە ڕووی جوگرافیای سیاسیەوە لەبارە بۆ مانەوە و زیندووکردنەوەی داعش"
هەروەها سەبارەت بە کوژرانی ئەبو بەکر بەغدای خەلیفەی پێشووی داعش و هەروەها کوژرانی ئەبو ئیبراهیم قورەیشی خەلیفەی دووەمی داعش لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لەناوچەیەکی ژێرکۆنترۆڵی تورکیا شێرزاد سەمەد وتی: "ئەو ناوچانەی نزیك لە سنوری تورکیان و لەژێر پاراستنی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی تورکیادان لە ڕووی جوگرافیای سیاسیەوە لەبارە بۆ مانەوە و دووبارە زیندووکردنەوەی داعش، چونکە پەناگەیەکی پارێزراوە بۆ داعش، داعش بۆ زیندوو کردنەوەی پێویستی بە چیایەکی سیاسی هەیە ئەو چیایەش تورکیایە کە پاڵپشتی داعش دەکات، لەماوەی کوشتنی هەردوو خەلیفەی داعش کە یەکەمیان ئەبوبەکر بەغدادی بوو یەک کیلۆ مەتر نیو (١.٥) لەسنوری تورکیاوە دوور بوو کاتێک لەلایەن هاوپەیمانانەوە کوژرا، هەروەها عەبدوڵا قەرداش (ناسراو بە ئەبو ئیبراهیم قورەیشی) بەهەمان شێوەی ئەبوبەکرد بەغدادی لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی تورکیا لە دوریی ٥ کلیۆمەتر لەسنوری تورکیاوە کورژا."
"تورکیا پەلەی بوو لە هەستانەوەی داعش"
هەروەها سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن تورکیا شوێنی خەلیفە نوێیەکەی داعش بۆ هاوپەیماننان ئاشکرا کردبێت بەرامبەر بە قەبووڵکردنی هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان شێرزاد سەمەد چاودێر شارەزای ئەمنی و سەربازی، ئەو جۆرە دەنگویانەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو شیکردنەوە و دەنگۆیانە درورە لە ڕاستی و ووتی: " من پێموانیە تورکیا ڕێکەوتنێکی بەو شیوەیەی لەگەڵ هاوپەیمانان کردبێت، وەکو باس دەکرێت عەبدوڵا قەرداش ناسراو بە (ئەبو ئیبراهیم قورەیشی) بە نەوەی تازەی داعش ناسراون، کە بەهێزترن لەوانەی ڕابردوو و عەبدوڵا قارداشی خەلیفەی داعش باس دەکرێت کە لە ئەبوبەکر بەغدادی بەهێزتر بووە، بۆیە کوژرانی ئەو خەلیفە نوێیەی داعش گورزێکی گەورە بووە بەر ڕێکخراوەکە کەوتووە و هەستانەوەی داعش دوای ئەو گورزە زۆ قورس دەبێت، بەتایبەتی کە تورکیا پەلەی بوو لە هەستانەوەی داعش، بەڵام لە سیاسەت کردنەدا دەوڵەتی تورک کەم وکوڕی لەهیچ شتێک ناکات، رۆژگار و ئەزموون سەلماندوویەتی، کە تورکیا ئامادەیە هەموو شتێک لەپێناو پارە و ئابوری بوژانەوەی دەسەڵاتی ئێستای (ئاکەپە) بکات نەک لەپێناو خەڵکی ووڵاتەکە خۆیان، ئەردۆغان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و حزبەکەی ئامادەیە هەموو شتێک بکات."
ژ.ت