چەولیک: بارزانی بەرپرسیاری هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی گەریلایە

زۆزان چەولیک فەرماندە لە بریارگەی ناوەندی پاراستنی گەل باسی لە ڕووداوەکەی ٤ی تشرینی دووەم کرد و وتی،"مەسعود بارزانی بەرپرسیاری هەر ئۆپەراسیۆنێکە کە لەمەودوا لەدژی هەرێمەکانی گەریلا ئەنجام بدرێت."

زۆزان چەولیک فەرماندە لە بریارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لەبارەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی  پەدەکە لەبەرانبەر هەرێمەکانی گەریلا لە ٤ی تشرینی دووەمدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ( ANF) قسەی کرد.

زۆزان چەولیک رایگەیاند، چەند ڕۆژێکە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لێدوان دەدەن، ئەو ئۆپەراسیۆنەی لەدژی هەریمەکانی گەریلا کرا، پێچەوانەی دەکەنەوە و وتی،"ئێمە دەمانەوێت لەبارەی ڕووداوەکە هەڵوێستی خۆمان دیار بکەین، هەروەها دەمانەوێت هەڵوێستی خۆمان لەمەودواش ڕوون بکەینەوە."

هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لە دوو قۆڵەوە دەستیان بە جووڵە کرد

لەبارەی ڕووداوەکە زۆزان چەولیک وتی، "٤ی تشرینی دووەم نیوەڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ لە بەرانبەر چیای گارەی هەرێمی چەمانکێی دهۆک هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی پەدەکە لە دوو قۆڵەوە دەستیان بە جووڵە کرد. قۆڵی یەکەم لە هێڵی چەمانکێ ڕووی کردە چیای گارە، قۆڵی دووەم لە هێڵی ئەرتووش کە وەک گەلی قیامەت و گردی ئاسلانیش دەناسرێت، دەستی بە جموجووڵ کرد."

زۆزان چەولیک بەبیریهێنایەوە کە هێزەکانی پەدەکەش دەزانن ئەم هەرێمە، گۆڕەپانی گەریلایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان بە جموجووڵ کرد و وتی، "لێرەدا پەکەکە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ڕاستیەکەی بەم شێوەیە نییە. ئەوەی کە بەرەوە خاڵەکانی گەریلا پێشڕەویان کرد هێزی ئۆپەراسیۆنەکە بوو. هێزەکانمان لە هەرێمەکە سەرەتا هوشداریاندا. لەدژی ئەو هێزەی کە لە دوو قۆڵەوە دەستی بە جووڵە کرد هێزەکانمان بە خوینساردی جووڵانەوە. ئێمە بە ڕاستی نامانەوێت شەڕی ناوخۆ دروست ببێت، نامانەوێت لەدژی پێشمەرگە شەڕ بکەین. لەبەرئەوەش لەناو هێزەکانی پاراستنی ئێمەدا، لەناو هێزەکانی گەریلا هەموواندا هەستیاریەکی گەورە هەیە. هێزەکانی گەریلا پەیوەندی بەو هێزەوە کرد کە دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردبوو و هوشداریان بە هێزەکەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکە خۆی گەیاندە خاڵی گەریلا و گوێی بە هوشداریەکە نەدا.

٤ - ٥ خولەک بەردەوام بوو

لەبەرئەوەش هێزەکانی گەریلا بە ناچاری دەستیان بە خۆپاراستن کرد. ئەو بەریەک کەوتنە ٤ – ٥ خولەک بەردەوامبوو. لەبەرئەوەی گۆڕەپانی گەریلایان تێپەڕ کرد، مینێک تەقیەوە کە پێشتر بۆ پاراستن جێگیرکرابوو. لەبەرئەوەی ئەو بەریەککەوتنە ٤ – ٥ خولەکە نەبێتە شەڕێکی گەورە بریارگەی ناوەندی دەستی بە جووڵە کرد و فەرمانی بە هێزەکان کرد کە شەڕ نەکەن. بەریەککەوتنەکە بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنرا و بەم شێوەیە ڕێگری لە شەڕ کرا."

زۆزان چەولیک باسی ئەوەشی کرد کە ئەوان لەبەر ڕووداوەکە نیگەرانن. نیگەرانن کە لەدژی هەرێمەکانی گەریلا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت، لەبەرئەوەی نایانەوێت مێژوو دووبارە ببێتەوە.

چەولیک وتی،" گەلەکەمان و رای گشتی بە باشی دەزانن کە پەکەکە هیچ کاتێک دەست بە شەڕی ناوخۆ ناکات، لایەنگری ئەوە نین. لەم کاتەدا مەترسیەکی گەورە لەسەر گەلەکەمان، لەسەر ڕێبەرمان هەیە. بەڵام دەوڵەتی فاشیست و قڕکەری تورک دەیەوێت کورد پارچە بکات و دواتر قڕ بکات. بۆ ئەوەی مێژوو خۆی دووبارە نەکاتەوە، بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆی دروست نەبێت، ڕێبەرمان، بزووتنەوەکەمان، ناوەندی پاراستنی گەل بانگەوازیان بڵاوکردەوە. ئێستا سەردەمی ئەوەیە کە پێویستە یەکێتی نەتەوەیی لەنێوان کورد دروست ببێت. لەدژی داگیرکەری و قرکردن کاتی یەکێتی نێوان گەلی کوردە. گەلی کورد و رای گشتی بە باشی هەڵوێستی پەکەکە و گەریلاکانی کوردستان دەزانن و لێی تێدەگەن."

'گەریلا لەدژی لەناوبردنی گەلی کورد وەستاوەتەوە'

چەولیک باسی لە ڕۆڵی ئەو هێزانە کرد کە دەیانەوێت تەڤگەری گەلی کورد لەناو ببەن و وتی،"لەدژی ڕێبەری گەلی کورد، گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی هەندیک هێز پیلانگێڕی بەڕێوە دەبەن. بۆ لەناوبردنی ڕێبەرتی، هێزی گەریلا کە نوێنەرایەتی هێڵی بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی کورد و کوردستان دەکات، دەیانەوێت هەندێک لایەنی کوردیش بکەن بە هاوبەش.

بەرلەوەی ئەم ڕووداوە ڕووبدات، فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل، بانگەوازێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم، بەڕێز مەسعود بارزانی و پەدەکە کرد. بۆ ئەوەی ڕێگری لە پلانی پارچەکردن و قڕکردنی گەلی کورد بکرێت، بانگەوازی بڵاوکردەوە. تا ئێستا نە حکومەتی هەرێم و نە پەدەکە لەبەرانبەر داگیرکردنی زۆر دەڤەری باشووری کوردستان، حەفتانین و هێرشەکان هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە. بە پێچەوانەوە شوێنی خۆیان لە پلانی لەناوبردندا گرتووە."

'شەڕی کورد و کورد لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نییە'

چەولیک باسی ئەوەشی کرد کە نە تەڤگەری پەکەکە و نە گەریلاکانی ئازادی کوردستان هیچ کاتێک لەگەڵ شەڕی کورد و کورددا نین و نەبوون و وتی، "هیچ شەڕێکیی ناوخۆیی لەبەرژەوەندی ئێمەدا نەبووە. لەمبارەیەوە بانگەوازی کراون، پەیام ڕەوانەکراون. دوایین جار فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل لەبارەی دۆخەکە کە نەگاتە ئەم خاڵە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. لە ٤ی تشرینی دووەمدا ئەگەر شەڕ ڕووینەدا ئەوە ئەنجامی ئەو هەڵوێستە بوو. پێویستە ڕای گشتی ئەمە بزانێت. بۆ ئەوەی شەڕ ڕوونەدات، دەستوەردانی پێویست ئەنجامدراوە. پێویستە ئێدی حکومەتی هەرێم نەبێتە پارچەیەک لە پلانی دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردن. پێویستە دەست لەم هەڵوێستەی هەڵبگرێت. هەندێک ڕووداو لە ئاستێکی تێکدەرانەدا ڕوودەدەن و ڕاگەیەنراوی 'پەکەکە هێرشی کرد' بڵاوکرانەوە. پەکەکە هێرشی نەکردووەتە سەر هیج کەسێک و هێرشی نەکردووەتە سەر پێشمەرگە. بەپێی هەندێک زانیاری کە کەوتوونەتە دەستمان، هەندێک لایەن دەستیان بە هەوڵی تێکدەرانە کردووە.

دەوڵەتی تورک و زۆر هێز ئەم شتەیان دەوێ. بۆ ئەوەی هێزی گەریلا و پێشمەرگە نەگەنە ئەم خاڵە، فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل زۆر جار بە شێوەیەکی خوێنساردی و بەرپرسیاری دەستی بە هەوڵەکان کرد، ئاگاداری هەوڵە تێکدەرەکان بوو و بانگەوازی کرد، هەڵوێستی پیشاندا. لەبەرئەوەی گەریلا و پێشمەرگە لە زینی وەرتێ، خواکورک، شێلادزێ و ئامێدی لەبەرانبەر یەکتری وەستانەوە، دەستی بە هەوڵدان کرد. ئەگەر تا ئێستا لەم هەموو ڕووداوەدا شەڕ ڕووینەدابێت، ئەوە لە سایەی پەدەکە و حکومەت نییە، بەڵکو ئەوەی دەیکەن لە خزمەتی هێزە دەرەکیەکاندایە.

'لە سایەی ناوەندی پاراستنی گەلە کە شەڕ رووینەداوە'

زۆزان چەولیک ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر تا ئێستا شەڕ ڕووینەداوە لە سایەی هەوڵەکانی ئەوان بووە و وتی، "ئێمە بەرژەوەندیمان لە شەڕی کورد بە کورد نییە. سەرەتا گەلەکەمان لە باشوور و گەلەکەمان ڕاستی گەریلا باش دەزانن. ئێمە لایەنگری شەڕی ناوخۆ نین، بەپیچەوانەوە لەدژی ئەوەین. ئەگەر تا ئێستاش شەڕ ڕووینەداوە ئەوە لە سایەی پارتی، گەریلا و فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەلمانە.

حکومەتی هەرێمی دەیەوێت ئەم دۆخە زەق بکاتەوە، پەکەکەش وەک هۆکار پیشان دەدات. پێویستە گەلەکەمان ئەمە باش ببینێت، ئەمە لە بەرژەوەندی گەلەکەمان پارتی و ڕێکخستنەکاندا نییە. ئێمە هیچ بەرژەوەندیەکمان لە شەڕی کورد و کورد دا نییە. ئێمە لەدژی ئەوەین. پێویستە ئەمە بە باشی ببینرێت. کاتێک کە داعش هێرشی کردە سەر مەخموور، ئەگەر گەریلا دەستوەردانی نەکردبایە، داعش تا دهۆک و بارزان دەچوو. گەلی باشوور ئەم ڕاستیە دەزانێت. دەڵێن پەکەکە هێرشی کرد، لەو شوێنەی کە رووداوەکە ڕوویدا خالی گەریلا هەیە، گەلی چەمانکێش باش دەزانێت. پێویستە گەلی باشوور هەڵنەخەڵەتێ. پێویستە هێزی پێشمەرگە، گەلی باشووری کوردستان و هەموو گەلی کورد بزانێت ئەوەی کە ڕوویدا هێرشی دژی گەریلا و ئۆپەراسیۆن بوو. وەک ئێمە ڕامانگەیاند ئەگەر شەر ڕووینەداوە ئەوە لە سایەی هەڵوێست و نزیکایەتی ناوەندی پاراستنی گەل بووە.

'ئێمە بە تەنها هێزی پاراستنی پارچەیەک نین'

پێویستە گەلی کورد بە تایبەتی گەلی باشوور ئەمە بزانێت، ئێمە بە تەنها هێزێکی پاراستنی پارچەیەک نین. ئێمە بۆ گەلەکەمان و بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەمان تێدەکۆشین. ئێمە لەدژی ئەو هێرشانە دەوەستینەوە کە لەدژی بەها و وڵاتەکەمان ئەنجام دەدرێن. لەئیستاش بەدواوە هیچ پلانێکمان لەدژی پێشەرگە و هیچ لایەنێکی باشووری کوردستان نییە و هێرش ناکەین.

ئێمە پلانی هێرشمان نییە، شەڕ لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە و ئێمە بە ڕاستی نابینین

زۆزان چەولیک باسی ئەو بانگەشانەش کرد کە دەڵێن "پەکەکە پلانی لەدژی پەدەکە و حکومەتی هەرێم هەیە' و بە درۆی خستەوە و وتی، "هیچ پلانێکمان نییە کە هێرش بکەینە سەر پەدەکە یان هێزێکی تری باشووری کوردستان. هیوادارین حکومەتی هەرێم وانە لەو ڕووداوانە فێر ببێت کە لە بادینان و هەرێمەکانی تر ڕوویاندا. ئێمە خۆمان وەک پارێزەری ئەم گەلە دەبینین. پێویستە هەموو کەسیک ئەمە باش بزانێت. ئێمە نامانەوێت شەڕی ناوخۆیی دروست ببێت. بەڵام ئێستا پارتی لە ئۆپەراستۆنی دژی پەکەکە هێزی تایبەت بەککاردەهێنێت. پێویستە هەموو کەسێک بزانێت کە هێزە تایبەتەکانی پەدەکە کە هەرێمەکانی ئێمەن، ئەگەر زیاتر لە هەرێمەکانمان نزیک ببنەوە ئێمە بێدەنگ نابین و وڵام دەدەینەوە. ئێمە پلانی هێرشمان نییە، شەڕ لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە و ئێمە بە ڕاستی نابینین."

'مەسعود بارزانی بەرپرسیاری هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی گەریلایە'

لەئێستا بەدواوە هەر ئۆپەراسیۆنێک لەبەرانبەر گەریلا بکرێت، مەسعود بارزانی بەرپرسە. پەکەکە بەرپرسی شەڕی نێوان پەدەکە و پەکەکە نییە. بەڕیوەبەرایەتی ئێمە بەرپرسیاری شەڕ نییە. لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە و گەلەکەمان ئەمە دەزانێت. لەئێستا بەدواوە لە هەر شوێنێک بێت، سەرەتا لە گارە و لە هەموو هەرێمەکانی تر ئەگەر ئۆپەراسیۆنێک لەدژی ئێمە ئەنجام بدرێت، گەریلا خۆی دەپارێزێت و وڵام دەداتەوە. ئێمە چاوەڕێ دەکەین حکومەتی هەرێم هەڵویستی خۆی ڕاست بکاتەوە، دەست لە هەوڵە تێکدەریەکان بهێنێت. وەک ئێمە وتمان، لە ئێستا بەدواوە رووداوێک رووبدات حکومەتی هەرێمی بەرپرسیارە. لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازیانەی کە تەڤگەرەکەمان رایگەیاند، هیوامان وایە هەڵوێستی خۆیان لەبەرچاو بگرن. ئێمە وەک هێزی پاراستنی کوردستان لە کام پارچەی کوردستان بێت جیاوازی نییە، بۆ بەرژەوەندی گەلەکەمان بێ گۆمان و بێ دوودڵی گەلەکەمان و خۆمان دەپارێزین."

ف.ق