دادگای دەوڵەتی تورک لە ئەرزرۆم: هیچ هۆکارێک نییە بۆ هەڵگرتنی قەدەغەکارییەکانى سەر وان
دادگای کارگێڕیی ناوچەی ئەرزرۆم لەبارەی قەدەغەکارییەکانی سەر شاری وان لە باکوری کوردستان رایگەیاند، قەدەغەکارییەکە ڕاستە و هیچ هۆکارێک نییە بۆ هەڵگرتنی.
دادگای کارگێڕیی ناوچەی ئەرزرۆم لەبارەی قەدەغەکارییەکانی سەر شاری وان لە باکوری کوردستان رایگەیاند، قەدەغەکارییەکە ڕاستە و هیچ هۆکارێک نییە بۆ هەڵگرتنی.
کۆمەڵەی پارێزەرانی وان بۆ هەڵگرتنی قەدەغەى سەر چالاکییەکان و بۆنەکان و بەرنامەکان لە وان لە دادگا سکاڵای تۆمار کرد. کۆمەڵەى پارێزەرانی وان لە سکاڵاکەیەدا رایگەیاندووە، ئەو قەدەغەکارییە لە دژی دەستوور و یاساکانە. ماوەی ٥ ساڵە ئەو قەدەغەکارییانە لەلایەن پارێزگاری وانەوە بە بەردەوامی دەسەپێنرێن و رێگا بە هیچ چالاکییەک نادرێت.
ماوەی ٥ ساڵە لە وان و ناوچەکانی قەدەغەکردنی "بەرنامەکان و چالاکیییەکان" بەردەوامە. بە هۆی ئەو قەدەغەکارییانەوە لە شاری وان کۆنفرانسی رۆژنامەوانی و دانانی ستاند قەدەغەیە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناتوانن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام بدەن.
محەمەد ئەمین بیلمەز پارێزگاری وان لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایگەیاندبوو، "ئەو دۆخە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئێمەدایە" و نەیتوانی بەرگری لەو قەدەغەکارییە بکات، بەڵام قەدەغەکارییەکە کرایە دۆخێکی هەمیشەیی و ماوەى ٥ ساڵە بەردەوامە.
کۆمەڵەی پارێزەرانی وان لە دژی قەدەغەکارییەکان بە ناوی "بەرنامەکان و چالاکییەکان" لە لقی ٣ی دادگای کارگێڕیی وان سکاڵای تۆمار کرد تاوەکو ئەو قەدەغەکارییانە هەڵبوەشێنرێنەوە. کۆمەلەى پارێزەرانی وان لە سکاڵاکەیاندا رایانگەیاندووە، ئەو قە دەغەکارییانە لە دژی دەستوور و یاساکانە.
پارێزگاری وان لە بەرگریەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد، کە پەکەکە و کەجەکە دەیانەوێت بە چالاکی لەسەر شەقامەکان و کۆڵانەکاندا لایەنگر و دۆست بۆ خۆیان پەیدا بکەن. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، کە رەنگە چالاکییەکان و بەرنامەکان بکرێنە ئامانج. پارێزگارەکەی دەوڵەتی تورک لە بەرگرییەکەى خۆیدا قەدەغەکارییەکانی بە راست و دروست زانی و داواکەی کۆمەڵەی پارێزەرانی وان-ی بۆ هەڵوەشاندنەوەى قەدەغەکارییەکان قبوڵ نەکرد.
لە دوای ئەوە مەحمود کاچان پارێزەری کۆمەڵەى پارێزەرانی وان تانەی لە وتەکانی پارێزگاری وان و بڕیارەکەى دادگا بۆ درێژەدان بە قەدەغەکارییەکان تۆمار کرد و سکاڵاکەى گەیاندە دادگای تێهەڵچوونەوەى ناوچەیى ئەرزرۆم. دادگای تێهەڵچوونەوەش بەپێی بڕیارەکەى لقی ٣ی دادگای کارگێڕیی وان، بەرگریی لە قەدەغەکارییەکە کرد و رایگەیاند، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەى قەدەغەکارییەکانی سەر شاری وان و ناوچەکانی لاببرێن.
ژ.ت