دانیشتوانی ناوچەى برادۆست لە دژی شەڕ داوای دیالۆگ دەکەن

دانیشتوانی ناوچەى برادۆست لە باشووری کوردستان ناڕەزایەتییان لە دژی سیاسەتە شەڕانگێزییەکان نیشاندا و داوای دیالۆگیان لە هەموو هێزە کوردستانییەکان کرد.

ناڕەزایەتیی لە دژی سیاسەتی شەڕانگێزانەى پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) رۆژ لە دوای رۆژ لە ناو خەڵکی باشووری کوردستاندا زیاتر دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا چالاکوانان و گەنجانی ناوچەى برادۆست لە دژی سیاسەتی شەڕانگێزانە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دوژمن دەیەوێت پەکەکە و پەدەکە بدا یەک دا و ئەوەش زۆر مەترسیدارە، جگە لە شەهیدبوونی گەنجانی کورد شەڕ لەگەڵ خۆیدا ماڵوێرانی و کاولکردنی وڵاتەکەمان لەگەڵ خۆی دەهێنێت. تەنها دوژمن لەو شەڕە سوودمەند دەبێت و بە ئامانجی خۆی دەگات.

لە بەردەوامیی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هێز و چەکی قورسی لە وڵاتانی وەک تورکیا وەردەگرێت و کۆیاندەکاتەوە، دەبێت ئێمە هەموومان بزانین ئەو چەکانە دەبنە بەڵا بەسەر هەر دوو حیزبەکەوە و بۆ داگیرکردنی خاکی باشووریش لەلایەن دوژمنەوە بەکار دەهێنرێن".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا بە ناوی خەڵکی برادۆست داوا لە پەدەکە و پەکەکە کراوە، کێشەکانیان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەر بکەن و پەنا نەبەنە بەر شەڕ.

ژ.ت