داواکەی ژیتەم لە کەربۆران: دەوڵەت خەڵکی رەشەکوژ کردووە

دانیشتنی دادگای کەربۆران لەسەر دۆسیەی رەشەکوژیەکانی ژیتەم بەڕێوەچوو. لە دانیشتنی دادگاییەکەدا باس لەوە کرا کە دەوڵەت ٨ کەسی کوشتووە.

لە ناوچەی کەربۆرانی شاری مێردین لە بەرواری نێوان ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٥ بۆ ٨ی ئازاری ١٩٩٦ ٨ کەس رەشەکوژ کرابوون کە ٣ کەسیان منداڵ بوون. ٢٠هەمین دانیشتنی ئەو داوایە لە دژی ژیتەم لە یەکەمین دادگای سزا قوڕسەکانی سەمسوور بەڕێوەچوو.

هەر یەک لە ئەردال کوزو و عەزیز تورک پارێزەرانی خانەوادەی قوربانیان بەشداریان لە دانیشتن دادگاییەکەدا کرد. هاوکات دیلەک تۆک مامۆستای خانەنشینیش وەکو شاهید بە رێگای سیستمی دیمەن و دەنگی بەشداری لە دانیشتنی دادگاییەکەدا کرد.

'ئەشکەنجە کران'

هازنی دۆغان لە دانیشتنەکەدا رایگەیاند، سەیهان دۆغانی برای و عەبدولا ئولجای زاوایان و عەبدولرەحمان جوشکون بێسەروشوێن کران و وتی:"کاتێک منیش دەستگیر کرام، تەمەنم تەنها ١١ ساڵان بوو. ئیدی بەسە با داد و یەکسانی جێگیر ببێت."

دۆغان وتی:"براکەم و زاواکەمان لە ناو ئوتومبیلێکی سەربازیدا بوون. ئێمەشیان بردە ناو هەمان ئۆتومبیل. هەموومانیان رووت کردەوە. منیشیان برد بۆ لای براکەم. لەوێ ئەشکەنجەیان داین."

'سەریان بڕی و تەرمەکانیان سووتاند'

دۆغان رایگەیاند، دایکیان چەندین جار هەوڵیداوە سەردانی بەرپرسان بکات و وتی:" دوای رووداوەکە دایکم چوو بۆ لای محمد تیرە فەرماندەی جەندرمە. پڕسیاری براکەمی لێکرد. دایکم پێی وتبوو، کوڕکەم لەناو سەربازگەکە دایە و ئێمە ناتوانین هەواڵێ بزانین. دواتر دایکم سەردانی قەرەقوڵی میدیاد دەکات. لەوێ دەستگیر دەکرێت. ٣٥ رۆژ بە دەستگیرکراوی دەمێنێتەوە. دوای ٩٥ رۆژ لە بەربوونی، گیانی لەدەستدا و بە یەکجاری ماڵاوایی لێکردین. کاتێک تەرمەکانیان رادەست کردین، هەندێکیان سەریان لە جەستە جیا کرابووەوە و سووتێنرابوون. داواکاریمان ئەوەیە بەرپرسیارانی ئەو رووداوانە بگەن بە سزایان."

'٨ کەس لە لایەن دەوڵەتەوە کوژران'

پارێزەر ئەردال کوزوش رایگەیاند، ٨ کەس بە هێزی دەوڵەت کوژران، ژیتەم ئەو تاوانانەی ئەنجامدا و وتی:"هەموویان بە هەمان جۆری گولە کوژراون، ئێمە باش دەزانین کە ئەمە میتودی ژیتەمە. ئەگەر ئەم تاوانانەی ژیتە ئاشکرا ببوانا، نە هنارت دینک و نە تاهیر ئەلچیش نەدەکوژران.'

کوزو رایگەیاند، دەبوایا گوێ لە داواکاری گشتی ئەو سەردەمەی ناوچەی کەربۆرانیش گیرابا، بەڵام دواتر بە بیانووی ئەندامی جەماعەتی گولەنە، دەستگیر کرا و دوای سەپاندنی ٢ ساڵ و مانگێک سزای زیندانی، ئازاد کرا."

دوای پێشکەشکردنی وتەکان، دادگا بڕیاریدا ناونیشانی داواکاری گشتی ئەو کاتەی کەربۆران بدۆزرێتەوە و لە دانیشتنی داهاتووی دادگادا ئامادە ببێت. دانیشتنی دادگاییەکە بۆ ٢٩ی ئازاری ٢٠٢١ دواخرا.

ز.ش