داوای چارەنووسی ئاکسۆی و جینگۆزی ئەشکەنجە کراو کرا

کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان و ئیهەدە ئەم هەفتەیە بۆ روونبوونەوەى چارەنووسی ئەدیب ئاکسۆی و ئۆرهان جینگۆز، کە دەستگیرکران و ئەشکەنجە کران و دواتر بێسەروشوێنکران، چالاکییان ئەنجامدا.

لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد و خزم و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان چالاکیی "با بێسەروشوێنکراوەکان بدۆزرێنەوە و بەرپرسیارانی ئەو کارە دادگایی بکرێن" چالاکیی ٦٤٩هەمین هەفتەیان بەڕێوەبرد.

لە چالاکییەکەدا داوای چارەنووسی ئەدیب ئاکسۆی و ئۆرهان جینگۆز کرا، کە لە ٧ی حوزەیرانی ١٩٩٥ دا لەلایەن تۆرۆسێکی سپی (مۆدێلێک لە ئۆتۆمبێلی بچووکی سپیی رینۆ بوو، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بەکار دەهێنرا و بە ناوی شاخی تورۆسەوە نانرابوو. لەبەر ئەوە لە ناو خەڵک و کۆمەڵگە و راگەیاندن و بەڵگەنامەکاندا بە تۆرۆسی سپی دەناسرێت) دەستگیرکران و ئیدی جارێکیتر هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان لێ دەست نەکەوت.

ژیان ئۆرمانلی ئەندامی لیژنەى بەڕێوەبەری ئیهەدە چیرۆکی ئاکسۆی و ئۆرهان جینگۆزی گێڕایەوە.

ئۆرمانلی رایگەیاند، ئەدیب ئاکسۆی لە گوندی زەنگە لە ناوچەى لیجەى ئامەد دەژیا. ٣ جار لەلایەن سەربازانەوە دەستگیرکرا و بە قورسی ئەشکەنجە کرا.

 وتیشی، "لە ساڵی ١٩٩٣دا لە ئەنجامی گوشاری سەربازاندا بە ناچار کۆچی کرد بۆ ئامەد. ئەدیب ئاکسۆی بە فرۆشتنی توتن بژێویی ژیانی بنەماڵەکەى دابین دەکرد. لە ٧ی حوزەیرانی ١٩٩٥دا لە ماڵەکەى خۆی رۆیشت بۆ دوکانەکەى لە شەقامی مەلیک ئەحمەد.

 لە کاتژمێرەکانی نیوەڕۆدا هاوگوندیی خۆی ئۆرهان جینگۆزی تەمەن ٢٣ ساڵی بینی و پێکەوە رۆیشتن بۆ چاخانەی یەشیل چنار لە دەروازەی چیا. لەوێ لە کاتی قسەکردن لەگەڵ هەڤاڵەکانیاندا تۆرۆسێکی سپی هات و لە بەردەمیاندا راوەستا و ٣ کەس بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دوای پشکنینی ناسنامەکان، ئەدیب و ئۆرهانیان لەگەڵ خۆیان برد.

سەرباری ئەوەى ئەوە بە رۆژی نیوەڕۆ و لە بەرچاوی هەمواندا روویدا، دەستگیرکردنی رفێنەرەکان رەتکرایەوە. هەموو هەوڵەکانی ئیهەدە و بنماڵەکان بێ ئەنجام بوون و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە".

ژ.ت