هەدەپە و دەبەپە ڕۆژی جیهانیی کۆبانێیان پیرۆز کرد
هەدەپە و دەبەپە بە بۆنەی ١ی نۆڤەمبەرەوە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: "پێویستە تێکۆشان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان پەرە پێ بدرێت".
هەدەپە و دەبەپە بە بۆنەی ١ی نۆڤەمبەرەوە ڕۆژی جیهانی کۆبانێ ڕاگەیەندراویان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند: "پێویستە تێکۆشان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان پەرە پێ بدرێت".
لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتیک گەلان (هەدەپە) و دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) بە بۆنەی ١ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە.
لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی هەدەپە ڕاگەیاند، "داعش لە سەدەی ٢١ دا بوو بە بەڵا بۆ هێزە نێونەتەوەیی وناوچییەکان و گەلان، گەورەترین دڕندەیی و تۆقاندن و تاوانکاریی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجامدا. دەیخواست هیوای گەلان بۆ ژیان و خەونەکانی ئازادی لەناوببات. پێش هەموو شتێک بەرخۆدانی ئەفسانەیی و سەرکەوتنی کۆبانێ سەلماندی، کە گەل هەرگیز دەستبەرداری ئازادی نابێت و کۆیلایەتی قبوڵ ناکات. گەل و ناسنامە بندەستەکان و بەتایبەتی گەلی کورد و دۆستەکانیان پێشەنگایەتیی سەدە بۆ ئازادی دەکەن. بەرخۆدان وەک بەرخودانی ژنان بۆ ڕزگارکردنی کۆبانێ، پاراستنی شکۆ و کەرامەتی و ناسنامەی گەل، بە ناوی بەها مرۆییەکانەوە چووە ناو مێژوو".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئیرادە و ڕۆحی کۆبانێ بووەتە ڕۆحی ئازادی و پەرۆشی و خوڵقاندنی هیوایەک لە سەرتاسەری جیهاندا و ڕاشیگەیاندووە، "هەرچەندە ٨ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام چەتەکانی وەک داعش، کە لەلایەن هێزە ناوچەییەکانەوە دەپارێزرێن و پشتیوانیان لێدەکرێت، ئەمڕۆ لە عەفرینن. لە ئێران بە شێوە و میتۆدی داعش هێرش دەکرێتە سەر ژنان و ئەو گەلانە، کە ئازادییان دەوێت، هەروەها بە دۆزی کۆبانێ حیزبەکەمان دەکەنە ئامانج. لە هەمان کاتدا هەڕەشە لە هەموو کەسە ئازادیخوازەکان دەکەن".
دەبەپە: بەرخودانی کۆبانێ بووە سیمبولی رۆژئاوا
دەبەپە ڕایگەیاند، چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشیان کردە سەر کۆبانێ و هەوڵی داگیرکردنی کۆبانێیان دا و ڕاشیگەیاند: "لە دژی ئەو هێرشانە، کە ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو، گەلی کورد و دۆستەکانیان بە بەرخۆدانی بێ هاوتا داعش و هاوبەشەکانیان تێکشکاند. ئەم سەرکەوتنە بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد و بەتایبەتی ژنانی کورد سەرنجی هەموو جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا. لەسەر بانگهێشتی براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ئەکادیمیەکان، ڕۆشنبیران، نووسەران و ڕێکخراوەکانی کۆمەلگەى مەدەنی لە رۆژی ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤دا، ئەو ڕۆژە بە رۆژی جیهانیی کۆبانێ ڕاگەیاندرا".
لە راگەیاندراوەکەی دەبەپەدا ئەوەش هاتووە: "ئەو بەرخۆدانە، کە لە کۆبانێ ڕوویدا بوو بە سیمبولی شۆڕشی ڕۆژاڤا. بەرخۆدان لە کۆبانێ و ڕۆژئاوا، بە تێکۆشانێکی یەکگرتوانەی نێونەتەوەیی ئینتەرناسیۆنالیستانە بە هەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە. ئەمەش بووە هیوای ئازادی بۆ گەلانی چەوساوە و ستەمدیدە. لە کەسایەتیی ئارین میرکان دا بەرخۆدانی ژنانی کورد بۆ ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بوو بە نمونەی تێکۆشان لە دژ سەردەستەکان. نمونەی ئەمە ئەو ڕاپەڕینەیە، کە ئەمڕۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەردەوامە. ئەم دروشمە لە ڕۆژئاوا درەوشایەوە و بوو بە هاوار و وێردی ئازادیی سەر لێوی ژنانی جیهان".
کۆبانێ بۆ گەلی کورد قۆناغێکی گرنگە
دەبەپە ئاماژەی بە گرنگیی شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد و ڕایگەیاند: "کۆبانێ بۆ گەلی کورد قۆناغێکی گرنگە. ئەو دەسەڵاتدارانەی، کە خاکی کوردستانیان بەسەر چوار پارچەدا دابەشکرد و سەدان ساڵە گەلی کورد بە سنوور لە یەکتر جیا کردووەتەوە، هیوایان دەخواست کۆبانێ بکەوێت تاوەکو رێ لە سەرکەوتن و گەشەی شۆڕشی ڕۆژئاوا بگرن، بەڵام بە بەرخۆدانی کۆبانێ گەلی کورد سنوورەکانی لە نێوان خۆیاندا لابرد و بە یەک دڵ و یەک هەست پشتیوانییان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد. ئەمەش لەنێو کورددا هیوای یەکڕیزیی و یەکێتیی بەهێزتر کرد و لەهەمانکاتیشدا یەکێتیی بەسەر گەلی کورددا سەپاند. کۆبانێ دەریخست، کە گەلی کورد هێزێکی وەهای هەیە، کە بتوانێت خاکەکەی بپارێزێت و بەڕێوەی ببات".
دەبەپە لە راگەیەندراوەکەیدا وەڵامی هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەی دایەوە و وتی: "بۆیە حکومەتی ئاکەپە– مەهەپە بە هاوکاری و ڕەزامەندیی هێزە نێونەتەوەییەکان گرێ سپی و سەرێ کانی و عەفرینی داگیرکرد، بە دەستی چەتەکان بە هەموو شێوەیەک عەفرین تاڵان دەکات و دیمۆگرافیاکەى دەگۆڕێت. ئەمڕۆش دەرگا بە دەرگا دەگەڕێت تاوەکو جارێکیتر هێزە نێونەتەوەییەکان مۆڵەتی پێ بدەن هێرشێکی تر بکاتە سەر رۆژئاوا. دوای ئەوەی ئەمە ڕووینەدا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و هەوڵ دەدات بەو شێوەیە هەرێمەکە چۆڵ بکات و شۆڕشی ڕۆژئاوا تێکبشکێنێت".
بانگەواز کرا
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم تێکۆشان و خەباتە ئەفسانەیی گەلی کورد لە دژی دڕندەیی داعش جارێکی دیکە ئەوەی بۆ سەلماندین، کە هێرش و سیاسەتی دەسەڵاتخوازانە، کە لەسەر دوژمنایەتیکردنی گەلی کورد بەڕێوەدەچن، بە هیچ ئەنجامێک ناگەن و هەرگیز سەرناکەوێت. بەم بۆنەیەوە جارێکی تر یادی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ پیرۆز دەکەین و داوا لە گەلی کورد، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، کە بە ڕوونی هەڵوێست و کاردانەوەیان لە دژی ئەو هێرشانە هەبێت و خاوەنداری و پشتیوانی لە بەها و دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکەن. ئێمە بە ئیرادە و ڕۆحی کۆبانێ بەرەو ئازادی دەڕۆین".
ژ.ت