دیمەنی هێرشی چەکدارەکانی پەدەکە بۆ سەر گەریلا بڵاو کرایەوە

دیمەنێک بڵاوبووەتەوە، کە دەوترێت کاتی هێرشی چەکدارانی پەدەکەیە، بۆسەر حەوت گەریلای هەپەگە، لە شارەدێی خەلیفان، لەو دیمەنەدا تەقەکردنی تاکلایەنە دەبینرێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوس دیمەنێکی بڵاکردۆتەوە ئاماژە بەوە دەکەن ساتی هێرشکردنی ی چەکدارانی پەدەکەیە بۆسەر گروپێکی گەریلاکانی هەپەگە، کە لە حەوت کەس پێکدێن. لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت کە هێرشەکە بە شەو کراوە و تاکلایەنە تەقە دەکرێت، ئەوەش ڕوونە کە لایەنی بەرامبەر هیچ تەقەیەک ناکات و دەستڕێژەکە تەنیا لە یەکلاوە دەکرێت.

چیی ڕوویدا؟

ڕۆژی ٣٠ی مانگی ئاب، هەندێک سەرچاوە ڕایانگەیاند کە گروپێکی گەریلاکانی هەپەگە، ڕووبەڕووی هێرشی چەکدارانی پەدەکە بوونەتەوە، دوێنێش ناوەندی ڕاگەیەندنی هەپەگە، لەوبارەوە ڕایگەیاند: زانیارییمان پێگەیشتووە کە گروپێکی حەوت کەسی لە گەریلاکانمان لە دەوروبەری شارەدێی خەلیفان، کاتێک هەوڵیانداوە لە ئاوی زاپ بپەڕنەوە، کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارانی پەدەکە و هێرشیان کراوەتەسەر، شتێک لەمە خراپتر نییە کە چەکدارانی پەدەکە، بەمشێوەیە، خائینانە بۆسە بۆ هێزەکانمان دابنێن و شەهیدیان بکەن، پەدەکە دەیەوێت بەشداری هێرشە مشەخۆرانە و فاشیتانەکان و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک دژی گەلەکەمان و هێزەکانمان بێت، ئێمە ئەم هەڵویستەی پەدەکە بۆ ویژدان و دادپەروەریی گەل و ڕای گشتی جێدێڵین.