درۆیەکی تری ئاسایشی تورک؛ 'کامێرای زرێپۆشەکە تێکچووبوو'

لە دانیشتنی دادگایکردنی پۆلیسێکی تورک، کە ساڵی ٢٠١٩ منداڵێکی کوردی تەمەن ٥ ساڵی لە ناوچەی باغلەری ئامەد کردبوو بە ژێرەوە و کوشتبوی، ئاسایش بانگەشەى ئەوەیکرد، کامێرای زرێپۆشەکە خراپ بووە.

زرێپۆشێکی دەوڵەتی تورک لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٩ لە ناوچەى باغلەری ئامەد منداڵێکی کوردی تەمەن ٥ ساڵی بە ناوی ئەفە تەکتەکین کرد بە ژێرەوە و کوشتی. پۆلیسێکی تورک بە ناوی ئی.ئا، کە بکوژی ئەفەیە بە تۆمەتی "بە هەڵە بووەتە هۆی مردن" لە لقی ٩ی دادگای سزای ئاسلی، ٤هەمین دانیشتنی دادگایکردنەکەى بەڕێوەچوو.

پۆلیسە بکوژەکە و پارێزەرەکەى بە پاسەوانیکردن لەلایەن پۆلیسەوە چوونە هۆڵی دانیشتنی دادگا. هاوکات سەدات چنار پارێزەری بنەماڵەى ئەفە تکتەکین، نازیمە دایکی ئەفە و ئەحمەد تەکتەکین باوکی ئەفە و پارێزەر کوبرانور کارتاڵ لە ناوەندی مافی منداڵانی کۆمەڵەى پارێزەرانی ئامەد بەشداری دانیشتنەکەى دادگا بوون.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش وێنە و تۆماری کامێراکانی چاودێریی شوێنی رووداوەکەى لەسەر سی دی بۆ دادگاکە ناردبوو، بەڵام تۆماری کامێرای زرێپۆشەکەى بۆ دادگا نەناردبوو و پاساوەکەشی ئەوە بوو، کە "کامێرای رزێپۆشەکە تێکچووبوو". بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش لە دوای زیاتر لە ساڵێک لەو رووداوە و لە دوای ٤ دانیشتنی دادگا رایگەیاند، کامێرای چاودێریی زرێپۆشەکە تێکچوو بوو. ئەوەش ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەفە و پارێزەرەکانی لێکەوتەوە و بەو هەوڵێک بۆ شاردنەوەى تاوانەکەى ئەو پۆلیسەى دەوڵەتی تورک لێکیدەدەنەوە.

سەرباری هەموو ئەوانەش، دادگا ئامادە نەبوو بڕیاری لەبارەی تاوانەکەوە دەربکات و دانیشتنی داهاتووی دادگاکەى دواخست بۆ ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١.

تاوانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە بنەماڵەى ئەفە و هەروەها کوشتنی ئەندامانی ئەو بنەماڵە بە زرێپۆش تەنها کوشتی ئەفەى تەمەن ٥ ساڵ نییە، بەڵکو نزیکەى ساڵێک پێش کوشتنی ئەفە، محەمەد تەکتەکینی تەمەن ٨٥ ساڵ و باپیری ئەفە لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی جۆری تۆمای پۆلیسەوە کرا بە ژێرەوە و گیانی لە دەستدا.

ژ.ت