بە دیمەن

دەستەی عەشایەری شەنگال: کەس ناتوانێت پێکەوەژیان لە شەنگال تێکبدات

جاسم حرێر ڕایگەیاند لەم دواییەدا زۆر کەسێتی و پارتی سیاسی دەرەوەی شەنگال ویستیان لەنێوان عەرەب و ئێزدییەکان ناکۆکی دروست بکەن، گوتی: "کەس ناتوانێت نێوانمان تێکبدات".

ڕاگەیاندراوی عەشیرەتی شەمەر

سوپای عێراق لە شەنگال هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ کە زۆربەیان عەرەبی عەشیرەتی شەمەر بوون لە بەعاج. دەستەی عەشایەری شەنگال لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن یەک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی شەمەر، جاسم حرێر خوێنرایەوە و گوتی، کەس ناتوانێت خوشک و برایەتی نێوان عەرەب و ئێزدییەکان تێکبدات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە هەندێک پارتی سیاسی دەرەوەی شەنگال دەیانەوێت پەیوەندی نێوان عەرەب و ئێزدییەکان تێک بدەن، دەڵێن: "لێرەوە ڕایدەگەیەنین کەس ناتوانێت خوشک و برایەتی نێوان ئێمە و ئێزدییەکان تێکبدات و ئێمە سەرلەنوێ یەکسانی گەلانمان بنیاتناوە. سەدان ساڵە وەک خێزانێک پێکەوە دەژین و لەنێو خێزانەکانیش کێشە ڕوودەدەن، بەڵام نابێت کێشەکان گەورەتر بکرێن. پێویستە کێشەکان چارەسەر بکرێن و هاوپەیمانی پێک بهێنین".

ڕاگەیاندرا ڕێگە نادەین پارتە سیاسییەکان نێوانمان تێک بدەن و پشتیوانی خۆیان بۆ هێزە ئەمنییەکان دووپاتکردەوە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی داعش، دەڵێن: "دیسانەوە دەڵێین، ئێمە عەشیرەتین و پەیوەندیمان بە سیاسەتەوە نییە، هەرچییەک ڕووبدات کەس ناتوانێت نێوانمان تێکبدات".