"دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان تیرۆریستن نەک شۆڕشگێڕانی کورد"

کەسایەتی رۆشنبیر و نووسەرانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، پشتیوانی خۆیان ڕادەگەیەنن بۆ کەمپینی دەهێنانی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە "لیستی تیرۆر".

رۆشنبیرانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، داوا دەکەن ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە "لیستی تیرۆر"  دەربهێنرێت و دەڵێن: "ویژدانی ٥٠ ملێۆن کورد پشتیوانی کەمپینی دەهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەکەن، و تیرۆریست ئەو دەوڵەتانەن، کە گوندەکانی کوردستانیان سوتاند و خەڵکەکەیان کۆمەڵکوژ کرد".

بۆ ناشرین کردن و لێدانە لە ڕەوایی خەباتی گەلی کورد

ڕەشید ئەحمەد نووسەر و شاعیرێکی شاری کەرکوکە، سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ناشرینکردنی ناوي شۆڕش و خەباتی ڕەوای گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: " لەماوەی ٥٠٠ ساڵی ڕابردوو، کە کوردستان دابەش کرا بەسەر هەردوو دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی و پاشان دابەش بوونی بەسەر چوارپارچەکەدا، بەردەوام ووڵاتانی داگیرکەری کوردستان لە هەوڵدابوونە بۆ سڕینەوەی کورد لەسەر خاکی خۆی، گەلی کورد ناچارکراوە بە خەباتی چەکداری، هەمیشەش ئەو خاباتانەی کورد لەلایەن دوژمنانەوە نازناوییان بۆ داندراوە بۆ لێدان لە ڕەوایی خەباتی گەلی کورد ، بۆ نموونە لە باشوری کوردستان رژێمی عێراق بە شۆڕشگێرانی کوردیان دەوت (تێکدەر / موخەڕیب) لە باکوری کوردستانیش تورکیا پیان دەڵێت،  "تیرۆریست" و لە رۆژهەڵاتی کوردستان رژێمی ئیران پیان دەڵێت، "لە ئاین دەرچوو" و تەواوی ئەم نازناوانە بۆ ناشیرینکردن و لێدانە لە بەدەستهێنانی مافی ڕەوای کورد."

تیرۆریست ئەو دەوڵەتانەن کە گوندەکانی کوردستانیان سوتاند و خەڵکەکەیان کۆمەڵکوژ کرد

هەروەها دەربارەی تیرۆری دەوڵەت دژ بە گەلی کورد، ڕەشید ئەحمەد نووسەر و شاعیر وتی: "هیچ کام لەو هێزانەی لە چوارپارچەی کوردستان خەباتیان لەپێناو گەلەکەیان کردووە تیرۆریست نین بەتایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چونکە هێرش و دەستدرێژیی نەکردۆتە سەر هیچ کەسێک، بەڵکو تیرۆریست ئەو دەوڵەتانەن کە گوندەکانی کوردستان و دارستانەکانی دەسوتێنن و رۆڵەکانی گەلەکەی لە پێش چاوی کەسوکاریان لە سێدارە دەدەن."

بۆ پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزەکان ناوی پەکەکە کراوەتە لیستی تیرۆرەوە

ڕەشید ئەحمەد نووسەر و شاعێری شاری کەرکوک، سەبارەت بە پشتیوانی کردنی لە کەمپەینی (عەدالەت بۆ کورد) بۆ دەرخستنی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر وتیشی: "من وەکو تەواوی رۆشنبیرانی کورد پشتیوانی خۆم بۆ کەمپەینی دەرەهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دووپات دەکەمەوە، بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوری وڵاتانی زلهێز وایکردووە کە ناوی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بچێتە ناو لیستێك، کە داندراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ووڵاتانی زلهێز، پێویستە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت تا دەنگی ڕاستەقینەی گەلی کورد وەکو خۆی بگات بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی."

بەپی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی خۆمانە

هەروەها ئەو نووسەرە لە دریژەی قسەکانی ووتیشی: "ئێمەی کورد داوا دەکەین پێوەری مافی مرۆڤامان بۆ جێبەجێ بکرێت بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە هەموو نەتەوەکان مافی ئەوەیان هەیە لەچوارچیوەی قەوارەیەکی سیاسیدا بژێن."

پێویستە گوێ لە دەنگی پەکەکە بگیرێت چونکە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری کورد دەکات

لەکۆتایدا ئەو نووسەرە سەبارەت بە دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ئەوەشی وت: "پێویستە ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، چونکە دەرکردنی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر کارێکی ڕەوایە و پێویستە گوێ لە دەنگی پەکەکە بگیرێت، چونکە نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆری کورد دەکات، دانانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر هەڵەیەکە پێویستە ئەو هەڵەیە چاکبکرێتەوە."

دوژمن شۆڕشەکانی کورد ئابلوقە ئەدەن بە چەمکی سیاسی نادادپەروەر

تارق کارێزی یەکێکی دیکەیە لە نووسەران و رۆشنبیرانی شاری کەرکوک و خاوەن کتێبخانەیەکی خۆبەخشە بەناوی کتێبخانەی (کارێز) بۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "ئەو خەباتەی کورد دەیکات بەهەموو پێوەرەکان خەباتێکی مرۆییە، چونکە کورد خەبات لە پێناو مافی مرۆڤ دەکات، بەڵام ئەم خەباتە قەبوول ناکرێت، چونکە لەگەڵ بەرژەوەندی ووڵاتانی زلهێز و ووڵاتانی هەرێمی یەک ناگرێتەوە، لەلایەن ووڵاتانی زلهێزەوە هێز و شۆڕش و بزاڤەکانی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان ئابلوقە ئەدەن بە چەمکی سیاسی نادادپەروەر، هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستان دۆستی کورد نین و کورد مەحکومی هاوکێشەیەکی زۆر ئاڵۆزە، بۆیە پێویستە جۆرێک لە ووتارێکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کورد لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان دروستبێت، کورد پەرتەوازییکێ پیوە دیارە، کە ئەمەش بە قازانجی ووڵاتانی داگیرکەر دەشکێتەوە، بەلاینی کەمەوە نابێت هێزە کوردییەکان دژایەتی و شەڕی یەکدی بکەن."

خەباتی گەلی کورد هاوکێشەیەکی زۆر سەختە

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا تارق کارێزی وتیشی: "سیاسەت کردن لە بواری خەباتی گەلی کورد هاوکێشەیەکی زۆر سەختە، دەبێت هێز و سەرکردە سیاسییەکان بەلۆژیکێکی باڵا بەپێی بەرژەوەندی نەتەوەیی کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد بکەن."

دەوڵەتی تورک شەڕ دژی هەموو کورد دەکات

سەبارەت بەدژایەتی کردنی تەواوی پارچەکانی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئەو رۆشنبیرەی شاری کەرکوک ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورک شەڕ دژی هەموو کورد دەکات لە هەرسێ پارچەی باکور و باشور و رۆژئاوای کوردستان هێرش دەکاتە سەر کورد، تەنها پارچەی کوردستان، کە تورکیا ناتوانێت هیرش بکاتە سەری ئەویش رۆژهەڵاتی کوردستانە لەبەر ئەوەی تورکیا لە دەوڵەتی ئێران سڵئەکاتەوە، چونکە ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کات دەوڵەتی ئێران پاساوی دەبێت کە پشتگیری لە کوردی باکوری کوردستان بکات ئەوکات بۆ تورکیا قورس دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی عێراق و سوریا دوو دەوڵەتی بێ هێز و لاوازن تورکیا دەستکراوە بووە کە نەک تەنها کوردی باکور بچەوسێنێتەوە بەڵکو هێرش دەکاتە سەر کوردانی باشور و رۆژئاوای کوردستانیش."

ئەوە دەوڵەتی داگیرکەرە تیرۆر دژی کورد بەکاردەهێنێت

هەروەها ئەو نووسەر و رۆشنبیرەی شاری کەرکوک وتیشی: "هیچ کات کورد تیرۆریست نەبووە ئێمە نەتەوەیەکی ئازادیخوازین کە لەسە خاکی خۆمان داوای ماف و ئازادی دەکەین و هێرشمان نەکردۆتە سەر خەڵکی سڤیل بەڵکو ئەوە دەوڵەتی داگیرکەرە تیرۆر دژی کورد بەکاردەهێنێت، هەموو هێزەکانی کوردستان داوای ئازادی و مافی مرۆڤ دەکەن کە ئەمەش مافێکە لە نێودەوڵەتیدا دانیپێنراوە."

ویژدانی ٥٠ ملێۆن کورد پشتیوانی کەمپینی دەرخستنی ناوی پەکەکە-یە لە لیستی تیرۆر

هەروەها سەبارەت بە پشتیوانی لە کەمپەینی جیهانیی "دادپەروەری بۆ کورد"، کە ئامانج لەم کەمپەینە دەرهێنانی ناوی پەکەکە-یە لە لیستی تیرۆر، تارق کارێزی، نووسەر و رۆشنبیر وتی: "بە دڵنیایەوە من و ٥٠ ملێۆن کورد لەگەڵ پشتیوانی لە کەمپەینی دەرهێنانی  ناوی پەکەکە دەکەین لە لیستی تیرۆر، بەویژدانی ٥٠ ملێۆن کوردەوە دەڵێین، بەڵێ بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر، بەڕاستی پەکەکە ئامانجێکی گەوەرەی بەدەستەوەیە، کە لەپێناو مافی ملێۆنان کورد تێکۆشان دەکات، کە ئەمەش خەباتێکی مرۆڤایەتی زۆر ڕەوایە،

بەپی ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی زلهێزەکان ناوی گەورەترین هێزی شۆڕشگێڕی باکوری کوردستانیان بە زوڵم و ناحەق خستۆتە لیستی تیرۆرەوە، لە چ فەرهەنگێکدا هێزیك داوای ئازادی و سەربەخۆی گەلێکی بندەست بکات تیرۆریستە؟، بەڵکو ئەوەی دژی ئەو مافە بوەستێت تیرۆریستە."

ئەوە نادادپەروەری و زوڵمە دەرهەق بە خەباتی ڕەوای ٥٠ ملێۆن مرۆڤ

لە کۆتایدا تارق کارێزی رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە گرنگی دەرچوونی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ڕایگەیاند: " وەکو جوگرافیا و هەروەها وەکو دیموگرافیا دەرهێنانی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لیستی تیرۆردا، کۆ دەنگییەک بۆ پشتیوانی کورد زیاتر دەبێت، بەتایبەتی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکێکە لەو هێزە سیاسیانەی، کە ڕێکخستنێکی زۆر بڵاوی هەیە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەوروپا و جیهاندا و کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر هاوکێشە سیاسیەکان، بۆیە ئومێد دەکەین، کە ویژادانی نیودەوڵەتی بەهۆش خوێ بێتەوە و هیچ هێزێکی سیاسی کورد و کوردستانی نەخاتە لیستی تیرۆرەوە، چونکە بەڕاستنی ئەوە نادادپەروەری و زوڵمە دەرهەق بە خەباتی ڕەوای ٥٠ ملێۆن مرۆڤ دەکرێت."

ژ.ت