سوپای تورک بە هاوکاریی پەدەکە لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢١ هێرشێکی داگیرکاریی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکرد. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) دوێنێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندبوو، کۆپتەرەکانی ئێچ – ٤٧ی چینۆک-ی ئەمریکیش بەکار دەهێنرێن.
دەوڵەتی تورک لەم ساڵانەی دوایدا لە چوارچێوەی عەقڵییەتی لە ناوبردنی گەلی کورد دا پەنای بردوەتە بەر چەندین شێوازی جەنگ و لە هیچیاندا سەرکەوتو نەبووە و شکستیشی هێناوە. لە دوایین هێرشی داگیرکاریی بۆ سەر زاپدا پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی کۆپتەرەکانی چینۆک.
دەوڵەتی تورک لە ئێستادا ١١ کۆپتەری چینۆکی لە دەست دایە. نرخی هەر کۆپتەرێکی چینۆک ٩٠ ملیۆن دۆلارە. حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە ئەو کۆپتەرانەیان لە کۆمپانیای بۆئینگی ئەمریکی کڕیوە.
چینۆک شوێنی پرۆژەی ئێف-٣٥ی گرتەوە
دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠١١ ڕێککەوتنێکی واژۆکرد بۆ کڕینی کۆپتەرەکانی چینۆک، کە لە توانایاندایە ٦٠ چەکدار و ١٠ تۆن بار هەڵبگرن، بەڵام بەهۆی تێچوونی زۆرەوە کڕینەکانیان دواخست، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا دەستی بە هەوڵەکانی بۆ کڕینی کۆپتەرەکانی چینۆک دەستپێکردەوە.
دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٦دا ٦ کۆپتەری لە مۆدێل و جۆری ئێچ-٤٧ ئێف (H-47F) و ئەوانی تریشی لە مانگی تەمووزی ٢٠١٩دا کڕی. کاتێک ڕژێمی ئەردۆغان ڕێککەوتنێکی ئێس-٤٠٠ی لە ساڵی ٢٠١٨دا لەگەڵ ڕوسیا مۆرکرد، فرۆشتنی ژمارەیەک کەلوپەلێکی جەنگی بەتورکیا ڕاگیرا و قەشە برۆنسۆنیش لەلایەن تورکیاوە زیندانیکرابوو. پاشان ئیدارەی ترامپ بڕیاریدا ٥ کۆپتەری چینۆک بە تورکیا بفرۆشێت. یەکێک لە ساڵی ٢٠١٨ فرۆشرا و ئەوانی تریان لە ساڵی ٢٠١٩دا پێ فرۆشران.
کاتێک لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢دا دیسانەوە هێرشی داگیرکەریی سوپای تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکردەوە، دەوڵەتی تورک بۆ یەکەم جار کۆپتەرەکانی چینۆک-ی بەکارهێنا. سوپای ئەمەریکا چەندینجار ئەو کۆپتەرانەی لە شەڕی ئەفغانستان و عێراق دا بەکارهێناوە. سوپای تورکیش لە ڕۆژی سێیەمدا لە شەڕی زاپ دا ئەو کۆپتەرانەی بەکارهێنا.
ئەوەش ئێستا ئەو پرسیارەی بەبیری خەڵک دا هێنایەوە، کە "ئاخۆ کوژراو و بریندارەکانیان بە کۆپتەر دەگوازنەوە". لە مۆدێلەکانی ئێچ – ٤٧ ئێف دا جێگای ٢٤ی قەرەوێڵە و دارە مەیت دەبێتەوە، ڕەنگە دەوڵەتی تورک ئەم کۆپتەرە وەک نەخۆشخانەی گەڕۆک، یان بۆ گواستنەوەی تەرمەکانی بەکاربهێنێت.
ژ.ت