"دەوڵەتی تورک ناتوانێت رێ لە گەریلا بگرێت"

گەریلا سەرهەڵدان ڤیان چیا رایگەیاند، دەوڵەتی تورک ناتوانێت درێژە بە هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر حەفتانین بدات و ناشتوانێت رێگا لە بگرێت و لەمپەری بۆ دروست بکات. راشیگەیاند، "بەرخودێرانی حەفتانین بە ورەیەکی گەورەوە تێدەکۆشن".

لە دژی شەڕی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر حەفتانین، بەرخودانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە بێ راوەستان و پسانەوە بەردەوامیی هەیە. گەریلا سەرهەڵدان ڤیان چیا لەبارەی بەرخودانی حەفتانیەوە قسەى بۆ کردین.

ڤیان چیا بە بەرز راگرتنی یادی شەهیدانی حەفتانین دەستی بە قسەکانیکرد و وتی، "هەموو هەڤاڵە شەهیدەکانمان بە قارەمانی بەشداری بەرخودانی حەفتانینان کرد. تێکۆشانیان دوژمنی زۆر تەنگاو کرد. ئێمەش خاوەنداری لە تێکۆشانی هەڤاڵە شەهیدەکانمان دەکەین و درێژە بە رێگاکەیان دەدەین.

هەر چەند تەکنیکی دوژمن پێشکەوتووش بێت، بەڵام دیسانەوە ناتوانێت بەرخودانی حەفتانین تێکبشکێنێت. وڵات وڵاتی خۆمانە، چیا چیای خۆمانە و ئێرە شوێنی دەوڵەتی تورک نییە. ئەو هێزە فاشیستانە ناتوانن لە حەفتانین دا بمێننەوە. ئێمە چاودێریی جموجوڵی دوژمن دەکەین و دەبینین، کە چ ترسێک چووەتە دڵیانەوە. لە رووی تەکنیکەوە چەند لە پێش بن، بەڵام ناتوانن رێ لە گەریلا بگرن. لە حەفتانین ژیانیش بەردەوام و بەرخودانیش بەردەوامە. هەموو بەرخودێران بە ورەیەکی بەرز و و گەورەوە تێدەکۆشن".

"دەبێت گەنجانی کورد لەم قۆناغەدا بە ئەرک و بەرپرسیاریی خۆیان هەستن"

ڤیان چیا باسی ئەوەیکرد، گەلی کوردیش بەرخودانی گەریلا دەبینێت و وتیشی، "گەل و گەریلا وەک گۆشت و نینۆکن. راپەڕینی گەل بۆ گەریلا دەبێتە ورەیەکی گەورە. لە کوردستان ئامارەکان قورسن، بەڵام چی دەبێت با ببێت ئێمە هەر سەردەکەوین. ئێمەی هێزەکانی یەژاستار لە ٢ قۆڵەوە شەڕ دەکەین. هەموو لە دژی عەقڵییەتی باڵادەستی پیاو و هەمیش لە دژی دوژمنی داگیرکەر شەڕ دەکەین. وەک سوپای ژنان ئێمە بەرگری لە هێڵی ئازادیی ژن دەکەین.

بار و ئەرکێکی قورس لەسەر شانی گەریلایە، بەڵام بار و ئەرکی سەر شانی گەلەکەمان قورسترە. پێویستییان بە خۆرێکخستنێکی زیاتر بەهێزتر لەوەی ئێستا هەیە. دەبێت گەنجانی کورد ئەوە بزانن، کە لەم قۆناغەدا دەبێت بە ئەرک و رۆڵی خۆیان هەستن. ژیانی گەریلا جوانترین و شکۆمەندانەترین ژیانە. بۆیە دەبێت گەنجانی کورد بە رۆڵ و بەرپرسیاریی خۆیان هەستن و ببنە وەڵامدەری قۆناغەکە. ئێمە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەمان لەمساڵدا دەکەین بۆنەى سەرکەوتن. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە هەڵمەتی بزووتنەوەکەمان بەرەو پێش دەبەین. ئێمە زیاتر چالاکی دەکەین و گورزی قورس لە دوژمن دەدەین. کات کاتی ئازادکردنی رێبەر ئاپۆیە. ئێمە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەمان، ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لە رێبەرەکەمان و هەموو گەلەکەمان پیرۆز دەکەین".

ژ.ت