نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیک گوندی ئێنزێ لە بناری قەندیل فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکی مەدەنى کردە ئامانج.
لەوبارەوە سەروین جەلال ھاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە ڕۆژ نیوزی ڕاگەیاندووە: ئەمڕۆ فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیان لە گوندی ئێندزێ بۆردوومان کردووە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە ھی ھاوڵاتییەکی مەدەنی گوندی ئێندزێیە و پیشەی کاسبە و دوکاندارە، ئۆتۆمبێلەکەشی لە بەرامبەر دوکانەکەی خۆی وەستاندبووی کاتێک بۆردوومان کرا.
ھاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل ئەوەشی خستە ڕوو، جگە لە ئۆتۆمبێلەکە ناوچەیەکی تریش بۆردوومان کراوە لە بناری قەندیل، بەڵام تاکو ئێستا نازانرێت کە شوێنی بۆردوومانەکە کوێیە.
لە ٥ی ئەم مانگەش ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە نزیک شارەوانى بناری قەندیل کرایە ئامانج و زیانی ماددی زۆری بە هاوڵاتییان و شارەوانى بناری قەندیل گەیاند.
هـ . ب