دیرۆک جودی: منیش پێشمەرگە بووم...

دیرۆک جودی گەریلای یەژاستار، کە پێشتر پێشمەرگە بووە باسی لە عەقڵییەتی پەدەکە کرد، کە ئیرادەی ژن قبوڵ ناکات و وتی "پەکەکە بزووتنەوەى مرۆڤایەتییە. ئەو کەسانەى دەیانەوێت ئازاد بن و ئازادیی گەلانیان دەوێت، دەبێت روو لە چیاکانی کوردستان بکەن".

دیرۆک جودی گەریلای یەژاستار ساڵی ٢٠١٧ لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان بەشداری ریزەکانی پەکەکە بوو. بنەماڵەى جودی پەدەکەیین. پێش ئەوەى بەشداری ریزەکانی پەکەکە بێت لە باشووری کوردستان راهێنانی پێشمەرگایەتیی پێکرابوو. دوای ئەو راهێنانە و دەستکردنی بە گەڕان بە دوای هۆکاری کێشەکانی کوردستاندا، ئیدی لە دۆزینەوەى وەڵامەکاندا ناکۆکییەکان سەریان هەڵدا.

دیرۆک جودی باسی بەسەرهاتی خۆی کرد و وتی:

"بنەماڵەکەمان لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ن. لەبەر ئەوەى لە ناو بنەماڵەیەکەى لەو شێوەیەدا گەورە بووم، لایەنگری لە مندا بۆ پەدەکە دروستبوو بوو. براکم هێشتا پێشمەرگەیەکی پلەداری پەدەکەیە. بە تایبەتی باپیرم و دایکم کاریگەریی پەدەکەیان زۆر لەسەر ئێمە، کە منداڵ بووین دروستکردبوو. منیش ئەو بڕوایەم بۆ دروستبوو بوو، کە پەدەکە بۆ خاکی کوردستان و گەلەکەمان شەڕ دەکات. من بڕوام بەوە کردبوو، کە پەدەکە بۆ پاراستنی کوردان تێدەکۆشێت، بۆیە ئەو دڵسۆزییەى ئەوان بۆ پەدەکە، پەدەکەى وەک وڵاتپارێز بۆ ئێمە پێناسە کردبوو، چونکە من پەدەکەم بەو شێوەیە ناسی بوو. بۆ ئەوەى زۆر باشتر سوودم بۆ گەلی کورد هەبێت ساڵی ٢٠١٤ بڕیارمدا ببم بە پێشمەرگە.

لە راهێنانی پێشمەرگایەتییەوە گەڕانەوە بۆ رۆژئاوا...

بۆ پێشمەرگایەتی رۆیشتم بۆ باشووری کوردستان و راهێنانم پێکرا. بنەماڵەکەشم دەیانخواست ببم بە پێشمەرگە. بە خرۆشێکی زۆر  گەورە و بە هەستێکی پڕ لە وڵاتپارێزییەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا رۆیشتم بە بەشداری خولی راهێنانی پێشمەرگایەتی بووم، چونکە لەو بڕوایەدا بووم، کە گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئازادە، منیش وامدەزانی لە رۆژئاوا بە دروستکردنی سیستمی وەک ئەوەی پەدەکە ئیدی گەلی کورد دەتوانێت ئازاد ببێت. ساڵی ٢٠١٤ دوا ئەوەى راهێنانی پێشمەرگایەتیم بینی گەڕامەوە بۆ رۆژئاوا. لە کاتی ئەو راهێنان و پەروەردەیەدا پەدەکەم باشتر ناسی. پێشمەرگە ژنەکانیان بە بچووک و لاواز سەیر دەکرد. هەموو کات بەو شێوەیە نزیک دەبوونەوە، کە ژن تەنها دەتوانێت لە گۆڕەپانی سیاسی دا کار بکات و ناتوانێت لە گۆڕەپانی سەربازیدا کار بکات. ئەوەش منی بێزار دەکرد. سەرباری ئەوەى ژنان رەنجێکی زۆریان دەدا، بەڵام هەموو کات رەنجەکەیان لە ژێر سایەى پیاودا ون دەبوو. روانینیان بۆ ژنان زۆر دواکەوتوانە بوو، بە بڕوای ئەوان ژن تەنها دەتوانێت لە ماڵ دا کار بکات، منداڵ گەورە بکات و ژن هێز و توانایی شەڕی نییە....".

"لەوە تێگەیشتم، کە پەکەکە بزووتنەوەیەکى مرۆڤایەتییە"

دیرۆک جودی وتی، "لە شۆڕشی ژنان دا ئەوەى زۆرترین سەرنجی منی بۆ خۆی رادەکێشا، پێشەنگایەتیی ژنان بوو لە شەڕدا". وتیشی، "من راستیی گەلم لە پارادیگمای رێبەر ئاپۆ و جیاوازیی پەدەکەدا لەو کاتەوە بۆ دەرکەوت. پەدەکە خۆی وەک حیزبێکی کورد پێناسە دەکات، بەڵام هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات و ئەو دەوڵەتەش ئەمڕۆ گەورەترین دوژمنایەتی لەگەڵ کوردان دەکات. عەقڵییەتی پەدەکە، عەقڵییەتی دەوڵەتە. ئازادکردنی گەلان لەلایەک با بوەستێت، پەدەکە ناتوانێت گەلی کوردیش ئازاد بکات. باشووری کوردستان لە بەرچاوە، کە وا دیارە سەروەریی لە ژێر دەستی پەدەکە و یەنەکەدایە، بەڵام لە راستیدا لەلایەن هێزە ئیمپریالییەکانەوە داگیرکراوە.

باشووری کوردستان لە رووی دەوڵەمەندیی سەرچاوەکانی سەرزەوی و ژێر زەوی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام ئێستا پارویەک نان دەستی گەلی باشووری کوردستان ناکەوێت، هەموان بێکارن، لەبەر ئەوەش گەلەکەمان زۆر زیاتر روو لە وڵاتانی ئەوروپی دەکەن.

پەدەکە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بە داگیرکەری نازانێت. لە کاتی راهێناندا بە بەردەوامی هەوڵیان دەدات تۆی دوژمنایەتی و رق لە دژی پەکەکە لە ناو دڵماندا بچێنن. دەیانگوت، هۆکاری داگیرکەریی سەر باشووری کوردستان پەکەکەیە، بەڵام دوای ئەوەى من رێبەر ئاپۆم ناسی دەستم بە لێکۆڵینەوە لەسەر بزووتنەوەى پەکەکە کرد. ئەوەى لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا پێی گەیشتم ئەوەبوو، کە پەکەکە تەنها بزووتنەوەیەکی کورد نییە، بەڵکو بۆ مرۆڤایەتیش تێدەکۆشێت. بۆ ئەوەى پەکەکە باشتر و لە نزیکەوە بناسم ساڵی ٢٠١٧ بڕیارمدا ببم بە گەریلا و رووم لە چیاکانی کوردستان کرد.

من شیکارییەکانی رێبەرایەتی لەسەر کولتور و رۆشنبیریی بەرخودان لە بەرگرینامەکانیدا خوێندبووە. من لە کەسایەتیی گەریلا ژنەکاندا ئەوەم بە چاوی خۆم بینی، کە چیا، سروشت و تێکۆشانی ئازادی ژن دەکاتە خواوەند. من بە بەردەوامی ئەوە لە خۆم دەپرسم، من چۆن دەتوانم ببم بە ژنێکی ئاپۆیی؟ چونکە کاتێک دەوترێت ژنێکی ئاپۆیی، کەسایەتیی ژنێک بە بیری مرۆڤدا دبێت، وڵاتەکەى خۆی خستووەتە لەپی دەستی.

ئەوەى من لە چیا تێگەیشتم، کە بزووتنەوەى پەکەکە لە هەموو بابەتەکاندا وەڵامی هەموو پرسیارەکانی مرۆڤ دەداتەوە. لە چیا من باشتر جەهەری ژنم ناسی. ئەگەر مرۆڤێک دەیەوێت جەهەری پەکەکە بناسێت دەبێت روو لە چیا ئازادەکانی کوردستان بکات. ئەو سیستمە کاپیتالیست و سەرمایەدارییە ژیانی بۆ مرۆڤ نەهێشتووەتەوە. لە راستیدا ئەو مرۆڤانەى دەیانەوێت ئازاد بن، دەیانەوێت گەلان ئازاد بکەن، دەبێت روو لە چیاکانی کوردستان بکەن".

ژ.ت