فەلاح سڵاح: پەکەکە تیرۆر نییە و دژی تیرۆرە
فەلاح سڵاح چاودێری سیاسی دەڵێت: دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوا واز لە دوو فاقی بهێن و پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنن، چونکە پەکەکە تیرۆر نییە و دژی تیرۆرە.
فەلاح سڵاح چاودێری سیاسی دەڵێت: دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوا واز لە دوو فاقی بهێن و پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنن، چونکە پەکەکە تیرۆر نییە و دژی تیرۆرە.
دەربارەی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی تیرۆر" چاودێری سیاسی فەلاح سڵاح بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەیکرد و پشتگیریی کەمپینی دەرهێنانی ناوی پەکەکەی کرد لە "لیستی تیرۆر".
ئەو چاودێرە سیاسییە لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر هۆکاری دروستبوونی پەکەکە و وتی: داخراویی سیاسی و حیسابنەکردن بۆ نەتەوە جێاوازەکانی تورکیا وایکردوە پەکەکە دروست بێت، ئەگەر چاوێک لە مێژووی ئەو حزبە بکەین، لە سەرەتای درووستبوونی هەتا ئیستا ئەو حیزبە هەمیشە داکۆکیکاری سروشت و مرۆڤ بووە."
"پەکەکە نەک هەر تیرۆر نییە، بەڵکو شەڕی تیرۆر دەکات"
فەلاح سڵاح سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەزموونەکانی پەکەکە و تیکۆشانی ئەو حیزبە وتی: "ئەزموونی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕکردنیان بەرامبەر تیرۆر ئەوەی سەلماند، کە پەکەکە نەک هەر تیرۆر نییە، بەڵکو شەڕی تیرۆر دەکات و پەیامێکی مرۆیی پێیە و لە کوردستان داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکات و لە ئاستی ناوچەکەش بۆ پێكەوە ژیانی گەلان کار دەکات و هەوڵەکانی بۆ ئاشتیە."
دەربارەی پێشوازیی گەلان لە پەکەکە ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لە فراونبوونی ئەو تێکۆشانە کرد و وتی: پەکەکە بووەتە بزووتنەوەیەكی جیهانی و ئاستی مووحەلیبوونی (ناوچەیی) تێپەڕکردوە و دەبێت بەو شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ناوبراو وتیشی: "ئەگەر جیاوازی بکەین لە نێوان ڕەفتارەکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا بۆمان دەردەکەوێت، کە دەبێت سیفەتی تیرۆر بەکێ بدرێت، بێگومان ئەوە دەوڵەتی تورکە خەریکە تیرۆری دەوڵەتی دەکات بەرامبەر هاوڵاتیانی کورد."
"ئەزموونەکان پێمان دەڵێت دەبێت تورکیا لەگەڵ پەکەکە دانیشێت"
لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو وتی: "ئەزموونەکانی جیهان پێمان دەڵێت هەرچی بکرێت دەبێت لە کۆتایدا تورکیا لەگەڵ پەکەکە دانیشێت و گفتووگۆ بکات، چونکە ئێستا پەکەکە نوێنەرایەتیی زۆربەی کوردانی باکوری کوردستان دەکات، ئەگەر ئاشتی ببێت و پەکەکەش لە "لیستی تیرۆر" دەربهێنرێت و مافەکانی گەلی کورد بدرێت لە داهاتوو بۆ تورکیاش باشە، چونکە ئارامی بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا دەگەڕێتەوە."
"دەبێت هەموو کەسێک بەشداری کەمپینی دەرهێنانی پەکەکە بکات لە لیستی تیرۆر"
لە کۆتایی قسەکانیدا فەلاح سڵاح وتی: "بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر ئەرکی هەموو ڕۆشنبیر و ئازایخوازێکە، کە پشتیوانی لە کەمپینی دەرهێنانی ناو پەکەکە لە لیستی تیرۆر بکات، چونکە پێموایە ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقییە پێش ئەوەی ئەركێکی نیشتمانی بێت، بۆیە دەبێت هەموو کەسایتییەکان ڕۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی ببنە فشارێک، چونکە لە کۆتایدا ئەوە لە بە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەک دەشکێتەوە."
ژ.ت